ئه‌و وه‌زیره ئیسرائیلییه‌ی داوایكرد به بۆمبی ئه‌تۆمی غه‌ززه بۆردوومان بكرێت، سزا ده‌درێت
عه‌میحای ئیلیاهۆ وه‌زیری كلتووری ئیسرائیل
وێستگه‌نیوز-
عه‌میحای ئیلیاهۆ وه‌زیری كلتووری ئیسرائیل به لێدوانێكی كه داوایكردبوو به بۆمبی ئه‌تۆمی غه‌ززه بۆردوومان بكرێت، مشتومڕی نایه‌وه و سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیلیش بڕیاری دا سزای بدات.
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه 5ی تشرینی دووه‌می 2023 عه‌میحای ئیلیاهۆ وه‌زیری كلتووری ئیسرائیل له چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ رادیۆی ئیسرائیل وتی: "بۆردوومانكردنی غه‌ززه به بۆمبی ئه‌تۆمی ئه‌گه‌رێكه و خراوه‌ته‌ڕوو".
له وه‌ڵامی پرسیارێكیشدا سه‌باره‌ت به چاره‌نووسی ئه‌و ئیسرائیلییانه‌ی لای حه‌ماس له غه‌ززه ده‌ستبه‌سه‌رن، عه‌میحای ئیلیاهۆ باسی له‌وه كرد كه "خوێنیان له خوێنی سه‌ربازه ئیسرائیلییه‌كان گرنگتر نییه".
دوای ئه‌وه‌ی بنیامین نه‌ته‌نیاهۆ سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل هاته‌سه‌رخه‌ت، عه‌میحای ئیلیاهۆ وه‌زیری كلتووری ئیسرائیل ده‌ستیكرد به روونكردنه‌وه‌ی لێدوانه‌كه‌ی سه‌باره‌ت به بۆردوومانكردنی غه‌ززه به بۆمبی ئه‌تۆمی وله هه‌ژماره‌كه‌ی له تۆڕی (X) روونكردنه‌وه‌ی دا و رایگه‌یاند كه لێدوانه‌كه‌ی مه‌جازی بووه.
ئه‌و وه‌زیری ئیسرائیلییه نووسی: "شاراوه نییه لای هۆشمه‌ندان كه لێدوانه‌كه‌م سه‌باره‌ت به بۆمبی ئه‌تۆمی، مه‌جازی بووه".
وتیشی: "له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌دڵنیاییه‌وه تیرۆر پێویستی به وه‌ڵامدانه‌وه‌ی تونده".
له به‌رامبه‌ردا بنیامین نه‌ته‌نیاهۆ سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل له راگه‌یه‌ندراوێكدا جه‌ختی له‌وه كرده‌وه كه وته‌كانی ئیلیاهۆ له راستییه‌وه دووره، ئیسرائیل و سوپاكه‌ی به‌پێی بنه‌ما نێوده‌وڵه‌تییه‌كان مامه‌ڵه ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ش له پێناو زیان نه‌گه‌یاندن به خه‌ڵكی بێ‌تاوان.
هاوكات سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل بڕیاری سزادانی ئه‌و وه‌زیره‌ی دا به راگرتنی به‌شداریكردنی له كۆبوونه‌وه‌كانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران تا كاتێكی دیارینه‌كراو.
عه‌میحای ئیلیاهۆ سه‌ر به حزبی "هێزی جوله‌كه"یه، كه له‌لایه‌ن ئیتمار بن غه‌فیر وه‌زیری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی سه‌ركردایه‌تی ده‌كرێت، ئه‌و هێزه سیاسییه‌ش حزبێكی راستڕه‌وه و پشتگیری له بنیادنانی كه‌شتی هه‌ڵگری فڕۆكه‌ی جه‌نگی و كۆنتڕۆڵكردنی خاكی ئیسرائیل ده‌كات.
PM:12:50:05/11/2023
ئه‌م بابه‌ته 4992
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت