قوباد تاڵه‌بانی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی ئه‌رمینیا چه‌ند پرسێكیان تاووتوێ كرد
قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆك وه‌زیران و ڤاهگن خاچاتوریان، سه‌رۆكی ئه‌رمینیا
وێستگه‌نیوز-
جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان و سه‌رۆكی ئه‌رمینیا په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندیی نێوان هه‌ردوولا و چه‌ند پرسێكی دیكه‌یان تاووتوێ كرد.
به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی نووسینگه‌كه‌ی، قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی هەرێمی کوردستان له‌گه‌ڵ ڤاهگن خاچاتوریان، سه‌رۆكی ئه‌رمینیا كۆبووه‌وه و باسی چۆنییه‌تی په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندیی نێوان هه‌ردوولا له بواره جیاوازه‌كان و چه‌ند پرسێكی دیكه‌ش تاووتوێ كران.
له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه كه "كۆبوونه‌وه‌كه سه‌رله‌ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌مه 29ی شوباتی 2024 له هه‌ولێر به‌ڕێوه‌چوو و تیایدا هه‌ر یه‌كه له ڕێبه‌ر ئه‌حمه‌د، وه‌زیری ناوخۆ و دارا ره‌شید، وه‌زیری پلاندانان و سامان به‌رزنجی، وه‌زیری ته‌ندروستی و دابان شه‌ده‌ڵه، جێگری سه‌رۆكی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم ئاماده‌ی بوون".
ئاماژه به‌وه‌شدراوه كه "هه‌ردوولا به گرنگییه‌وه باسیان له په‌یوه‌ندیی نێوان هه‌رێمی كوردستان و ئه‌رمینیا كرد و جه‌ختیان كرده‌وه له‌سه‌ر پته‌وكردن و زیاتر به‌ره‌وپێشبردنی ئه‌و په‌یوه‌ندییانه له بواره جیاوازه‌كاندا، به تایبه‌تیش له بواره‌كانی ته‌كنه‌لۆژیا، بازرگانی و وه‌به‌رهێنان، كشتوكاڵ، ته‌ندروستی و خوێندنی باڵادا. له‌مباره‌یه‌وه گفتوگۆ له‌سه‌ر میكانیزم و ڕێوشوێنه‌كانی چۆنییه‌تی به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌و بوارانه‌دا و سودوه‌رگرتن له ئه‌زمونی ئه‌رمینیا كرا".
"له ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باسی دۆخی سیاسی و ئه‌منی ناوچه‌كه به گشتی كرا. هه‌ردوولا هاوڕابوون كه ناسه‌قامگیری ناوچه‌كه له به‌رژه‌وه‌ندی هیچ گه‌لێكدا نییه و پێویسته هه‌موو لایه‌نه‌كان بۆ رێگریكردن له قوڵبوونه‌وه‌ی ناكۆكییه‌كان، سیاسه‌تی گفتوگۆ و لێكتێگه‌یشتن و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان به شێوه‌ی ئاشتییانه بگرنه‌به‌ر" له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا واهاتووه.
راشگه‌یه‌ندراوه ك "په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا، ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه بوو. جێگری سه‌رۆك وه‌زیران ڕوونیكرده‌وه كه هه‌موو هه‌وڵێك ده‌ده‌ن بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوا هه‌رێم و به‌غدا به‌پێی ده‌ستور، به جۆرێك كه له به‌رژه‌وه‌ندی هه‌موو گه‌لانی عێراقدا بێت".
PM:06:17:29/02/2024
ئه‌م بابه‌ته 1252
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت