هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر: گه‌ر مووچه‌ی مامۆستایانمان پێ دابین ناكرێت، خۆ ده‌توانین زه‌وییان بۆ دابین بكه‌ین
هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر پارێزگاری سلێمانی
وێستگه‌نیوز-
پارێزگاری سلێمانی داواكاره به‌شێك له داخوازییه ره‌واكانی مامۆستایان و مووچه‌خۆران جێبه‌جێ بكرێت تا پرۆسه‌ی خوێندن ده‌ستپێبكاته‌وه.
هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر پارێزگاری سلێمانی له لێدوانێكدا بۆ كوردسات نیوز، وتی: "له یه‌كه‌م ساتی ناڕه‌زایه‌تی مامۆستایان و مافه ره‌واكانیانه‌وه هه‌وڵه‌كانمان له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتداران و حكومه‌تی هه‌رێم و حكومه‌تی فیدراڵی بووه".
وتیشی: "ئومێد و تكا و چاو و داوام له مامۆستایان و كه‌رتی په‌روه‌رده‌یی خۆمانه، چونكه له‌وانی تر نائومێدم".
هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر باسی له‌وه‌شكرد كه "هیچ رۆژێك من له پرۆسه‌ی خوێندن و مامۆستاكانم له ئێستا و رابردوودا نا‌ئومێد نابم".
باسی له‌وه‌شكرد كه "دڵنیام مامۆستایان ناهێڵن نه‌وه‌كانی ئاینده‌مان قۆناغێك تێپه‌ڕێنن كه بۆشاییه‌ك له ژیان و پرۆسه و ژینگه‌ی خوێندنی ئێمه‌دا دروست بێت".
ده‌شڵێت: "ده‌خوازم و ئومێدم زۆره و گفتوگۆمان كردووه كه ئه‌وانن مژده‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی ریتمی گشتی به كۆمه‌ڵگاكه‌مان و ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی پرۆسه‌ی خوێندن رابگه‌یه‌نن".
پارێزگاری سلێمانی روونیشیكرده‌وه كه "ده‌بێت هه‌موومان له‌گه‌ڵیان بین و ده‌بێت پشتیوانیان بین، مووچه‌مان پێ دابین ناكرێت خۆ ده‌توانین زه‌وییان بۆ دابین بكه‌ین، خۆ ده‌توانین وانه‌بێژه‌كان دابمه‌زرێنین و پله‌به‌رزكردنه‌وه بكه‌ین".
راشیگه‌یاند كه "ده‌بێت به‌شێك له داخوازییه ره‌واكانی مامۆستایان و مووچه‌خۆران به‌خێرایی جێبه‌جێ بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی پرۆسه‌ی خوێندن به خێرایی ده‌ستپێبكاته‌وه.
PM:04:01:18/11/2023
ئه‌م بابه‌ته 21368
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت