هەردوو حزبی دیموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە فەرمی یەکگرتنەوەیان ڕاگەیاند


وێستگەنیوز-

دوای 16 ساڵ دابڕان و جیابوونەوە ئەمڕۆ یەکشەممە هەردوو حزبی دیموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان یەکیان گرتەوەو ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە.


هەردوو حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و حزبی دیموکراتی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە 21 ی ئابی 2022 ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە،" کاتێک لە (کانونی یەکەم/12) ی 2006  حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە درێژەی ناکۆکییە نێوخۆییەکانیدا، توشی لێکدابڕان و جیابونەوە بو، ئەم ڕوداوە شەپۆلێکی گەورە لە نیگەرانی و بەداخبونی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، ڕێکخراو و کەسایەتییەکانی دۆست و دڵسۆزی ئەم حیزبەی بە دوای خۆیدا هێنا، خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هیچ کات ددانی خێریان بەم لێکجیابونەوەیەدا نەنا و بە ڕەسمییان نەناسی،  هیچ کات لە ڕەخنە لێگرتن و سەرکۆنەی ڕۆڵە دێموکراتەکانی خۆیان سڵیان نەکردەوە، هیچ کاتیش لە گوشارهێنان بۆ سەر ڕێبەران و تێکۆشەرانی هەر دو لای دێموکرات و وەبیرهێنانەوەی پێویستیی یەکگرتنەوە، ماندو و نائومێد نەبون".

ئاماژە بەوەش کراوە، " لەئەمڕۆ بە دواوە کۆتایی بە تێکۆشانی بەجیای هەردو لای دیموکرات دێت، ڕێکخراوە و ئۆرگان و دامەزراوەکانی هەردو حزب لە کوردستان و دەرەوەی وڵات، بەپێی ڕێکەوتنە دو لایەنییەکان و ڕێوشوێنە دیاریکراوەکان و لەژێر ڕێنوێنی و چاوەدێریی ڕێبەرییەکی هاوبەشدا، لە ژێرناوی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێراندا، یەکدەگرنەوە و درێژە بە تێکۆشانی خۆیان دەدەن".

لە ڕاگەیەندراوە هاوبەشەکەی هەردوو باڵی حزبی دیموکراتدا ئەوەش هاتووە، "یەکگرتنەوەی حزبی دیموکرات، دەبێتە دەسپێکی قۆناغێکی نوێ لە خەباتی ئەم حزبە لەدژی هەر عەقڵییەتێکی ناوەندگەرا کە فرەنەتەوەبونی ئێران و مافە نەتەوەییەکانی پێکهاتە جیاوازەکانی ئێران ڕەت بکاتەوە هاندەر و ڕێخۆشکەر دەبێت بۆ ئەوەی بزووتنەوەی نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ببێتە هێزێکی شوێندانەری ئەوتۆ کە لە هەر ئاڵوگۆڕێکی سەرانسەریدا، حیسێبی تایبەتی بۆ بکرێت".

بەپێی ڕاگەیەندراوە هاوبەشەکە، " حزبی دیموکرات لەمەودوا بە دەستوباڵێکی ئاوەڵاترەوە بۆ بەدیهێنان و جێبەجێکردنی ئامانج و پرۆژە نەتەوەیی و خەباتگێڕانەکانی، یەک لەوان پێویستیی پێکهێنانی هاوخەباتی و هاوپەیمانیی نێوان ڕێکخراوە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و خۆ ئامادەکردن بۆ ڕوبەڕبوونەوەی ئاڵوگۆڕە چاوەڕوانکراوەکان هەنگاو دەنێت".


PM:09:57:21/08/2022


ئه‌م بابه‌ته 3840 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو