بەکارهێنانی ڤاکسینی فایزەر لەسلێمانی دەستپێدەکات

‌سلێمانی

وێستگەنیوز-

دوای ئەوەی دوێنێ یەکەم کاروانی ڤاکسینی فایزەر گەیشتە هەرێمی کوردستان، لەئەمڕۆوە بەکارهێنانی ڤاکسینەکە لەپارێزگاکان دەستیپێکردوە و پشکی پارێزگای سلێمانیش 2340 ژەمە ڤاکسینە و بۆ هاوڵاتیان بەگوێرەی رێکارەکان بەکاردەهێنرێت. 

د.هێرش سەید سەلیم، جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی بەوێستگەنیوزی راگەیاند، شەوی رابردوو یەکەم کاروانی ڤاکسینی فایزەر  گەیشتە شاری سلێمانی کە رێژەکەی 2340 ژەمە ڤاکسینە.

ئاماژەی بەوەشکرد، دوای گەیشتنی ڤاکسینەکەش، بەگوێرەی رێکارەکان دەست دەکرێت بە دابەشکردنی بەسەر ناوەندە تەندروستییەکان و بۆ هاوڵاتیان بەکاردەهێنرێت.

ئەمڕۆش د.سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی هەرێم لەکۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا ئاماژەی بەوەشکرد، لەئەمڕۆوە بەکارهێنانی ڤاکسینی فایزەر بۆ هاوڵاتیان دەستپێدەکات و بۆ ئەو مەبەستەش 8 سەنتەری تایبەت دەکرێنەوە کە 2 سەنتەر لەدهۆک،  3 سەنتەر لەهەولێر (لە نەخۆشخانەی رزگاری، قەزای سۆران و سەنتەری کۆرۆنا لەهەولێر) دەبن، هەروەها 3 سەنتەریش لەسلێمانی دەکرێنەوە ئەوانیش لە (نەخۆشخانەی شەهید د.هێمن و هەردو سەنتەری بەڕێوەبەرایەتی بەشی خۆپاراستن).

ئاماژەی بەوەشکرد، داوا لەهاوڵاتیان دەکەن بەدەم بانگەوازی وەزارەتی تەندروستییەوە بێن و ڤاکسین بەکاربهێنن بەتایبەت ئەو کەسانەی تەمەنیان لەسەروی 60 ساڵیدایە و ئەو کەسانەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە.


PM:09:13:12/04/2021


ئه‌م بابه‌ته 1632 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت