د. خاڵس قادر: بۆ کردنەوەی ناوەندەکانی خوێندن چوار هه‌فته‌ی ترمان پێویسته‌

‌د. خاڵس قادر

وێستگه‌ نیوز ـ
د. خاڵس قادر، راوێژکاری تەندروستی پەرلەمانی کوردستان باس لە راگرتنی پڕۆسەی خوێندن بەهۆی تەشەنەنسەندنی کۆرۆناوە دەکات، باسیش لە هۆکارێکی تری تەشەنەسەندنی کۆرۆنا دەکات لە هەرێم کە بەشێک لەخەڵکی دیاری کۆمەڵگا و پلەباڵا پابەندی رێنماییەکان نابن تەنانەت تائێستا ئامادەنەبوون ڤاکسینی کۆرۆنا وەربگرن بۆ رەواندنەوەی دوو دڵی هاوڵاتیان لەسەر ئەو ڤاکسینانەی دژی کۆرۆنا، ده‌شڵێت: "بۆ کردنەوەی ناوەندەکانی خوێندن لانی كه‌م چوار هه‌فته‌ی ترمان پێویسته‌".


جۆین بە لەگەڵ هەواڵە بەپەلەکانی وێستگە نیوز لە تیلیگرام

د. خاڵس قادر، دەربارەی لایەنی تەندروستی بڕیاری درێژکردنەوەی داخستنی ناوەندەکانی خوێندن لە هەرێمی کوردستان بۆ ده‌نگی ئه‌مریكا رایگه‌یاند: "وەک لایەنی تەندروستی، لەبەرئەوەی ئێستا بەردەوام ژمارەکە ڕوو لەزیادبوونە، پابەندبوون نییە لەئێستادا باشترە پڕۆسەی خوێندن رابوەستێت تا ئەوکاتەی دێتە ژێر کۆنتڕۆڵ و حاڵەتەکان کەمتردەبنەوە لەبەرئەوەی بەداخەوە تا ئێستاش نەمامۆستایان و نەبەشێکی زۆر لە خوێندکاران پابەندی رێنماییەکانی خۆپارێزی نابن لەبەرکارهێنانی ماسک تەناتەت ئێستا پۆلی دوانزەکان رێگەیان پێدراوە تەنها تاقیکردنەوە دەکەن لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا وەک پێویست پابەندی رێنماییەکان نین ئەوە وامان لێدەکات بەپێویست بزانرێت پرۆسەی خوێندن لەئێستادا رابگیرێت تا ئەوکاتەی شەپۆلەکە هێواشتر دەبێتەوە و ژمارەکە کەمتردەبێتەوە".

د. خالس ئەوەشی وت: "پەنابردنە بەر راگرتنی پرۆسەی خوێندن بەڕاستی ناچارییە ئەگەر هاتوو پابەندبوون هەبێت پێویست بەوەناکات ناوەندەکانی خوێندن رابگیرێت، بەڵام تا ئەوکاتەی خەڵک پابەنددەبن و ئەو وشیارییە زیاتر دەبێت ئەوکاتە پێویست بەوە دەکات بەداخەوە دەبێت پرۆسەی خوێندن رابگیرێت جارێ بۆئەوەی بتوانیین ئەو قۆناغە سەختە بەسەربەریین".

سەبارەت بە پێشبینی لایەنی تەندروستی بۆ کردنەوەی ناوەندەکانی خوێندن؟ د. خالس قادر دەڵێت: "من پێموایە لەزۆرترین حاڵەتدا تا مانگێکی تر پێویست بەوە دەبێت کەپرۆسەی خوێندن بەوشێوەیەی ئێستا بێت یاخود پەنا ببرێتەبەر ئۆنلاین یان هەرشێوازێک لەشێوازەکانی تر کەوەزارەتی پەروەردە پێی باشە و دەتوانێت درێژە بەخوێندن بدات، دەکرێت بەڵام ئامادەبوونی ناو خوێندنگاکان بەڕاستی لەبارودۆخی ئێستا هەرچەندە ئەو جۆرە هۆشیارییەی کەهەیە و ئەو جۆرە پابەندبوونەی هەیە بەداخەوە لەبەرژوەندی تەندروستیدا نییە بکرێتەوە لەئێستا پێمانوایە بۆ دەوامکردن لانی کەم لەدوو تا چوارهەفتەی ترمان پێویست دەبێت تا شەپۆلەکە هێواشدەبێتەوە".

"وەک لایەنی تەندروستی جەختمان لەسەر توندکردنەوەی رێکارەکان کردوه‌تەوە هەموو رێکارەکان کە پێویستن، پێویستە توندبکرێنەوە لەلایەن وەزارەتی تەندروستی و لەلایەن لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا بەڵام بەتایبەت بۆ بابەتی خوێندن ئاماژەیەکی وامان نەداوە کە داوای ئەوە بکەین چونکە ئەوەمان بەجێهێشتووە بۆ لیژنەی باڵا کە ئەو بڕیارەبدەن، بەڵام وەک پێشنیازی ئێمە چونکە پابەندبوون نییە پێمان باشە بەردەوام بێت داخستنی خوێندنگاکان لەئێستادا"، د. خاڵس قادر، راوێژکاری تەندروستی پەرلەمانی کوردستان وایوت.

واتە ئەو ماوەیەی پێشتر کەناوەندەکانی خوێندن کرایەوە ئایا کاریگەری هەبوو لەسەر زیادبوونی ژمارەی تووشبوون بەکۆرۆنا لەهەرێمی کوردستان؟ وەڵامەکەی د. خاڵس قادر بەم جۆرەبوو: "راستیەکەی کاریگەری هەبووە ژمارەی تووشبووان چ لەناو خوێندکاران و چ لەناو مامۆستایان روو لەزیادبوون بوون، خۆیشی راستیەکەی ئەوەیە پەیوەستە بەگشتیەوە چ خوێندگاکان لەگەڵ تەواوی کۆمەڵگە هەموویان یەک بەشن ئەوانە بەڵام لەوانەیە لەناو کۆمەڵگەی ئێمەدا کۆنتڕۆڵکردن لەناو خوێندنگاکان واتە لەو شوێنانەی کە لەدەسەڵاتی لایەنی فەرمین ئاسانتر دەتوانرێت کۆنترۆڵ بکرێن ئەگەرنا ئەوەی ئێستا روودەدات بەداخەوە لەناو بازاڕەکان و لەناو مۆڵەکان دیاردەیەکی یەکجار خراپە و زۆر ترسناکە، سەیری خەڵکەکە دەکرێت وەک ئەوەی کە هیچ نەبوو بێت واتە کەس پابەندی رێنماییەکانی خۆپارێزی نییە زۆربەی هەرەزۆری مۆڵەکان و شوێنە گشتییەکان بەداخەوە پابەندنیین تەنانەت لەبەشێکی زۆر لەفەرمانگە حکومییەکانیش کەکراوەتەوە و دەوام هەیە وەک پێویست فەرمانبەرانەکان پابەندنیین ئەوە بەڕاستی هەموو جێی مەترسییە ئێمە جەختمان لەسەر ئەوە کردوه‌تەوە کەپێویستە ئەو رێنماییانە هەمووی توندوتۆڵ بکرێنەوە و پێویستە لەمەولا سزادان هەبێت نابێت بەو شێوەیە لێبگەڕێین هەرکەسێک بەئارەزووی خۆی تەندروستی گشتی کۆمەڵگە بخاتە مەترسییەوە".

له‌ باره‌ی هۆکاری گوێ نه‌دان بە رێنماییە تەندروستییەکان له‌ لایه‌ن به‌شێكی زۆری خه‌ڵكی، د. خاڵس قادر وتی: "هۆکاره‌ سەرەکییەکەی لایەنی هۆشیارییە تا ئێستا هۆشیاری تەندروستی وەک پێویست نییە لەناو کۆمەڵگە، هۆشیاری بەئاگابوونمان لەوەی کەچی روودەدات وەک پێویست نییە، راستیەکەی بەتەنها هەر لەکۆمەڵگەی ئێمەدا نییە ئەگەر لەتەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش سەیربکرێت لەبەشەکانی تری عیراقیش کەزۆر لەئێمەوە نزیکن ئەوانیش بارودۆخیان لەئێمە باشتر نییە بەڵکو خراپترن هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە خەڵک ناهۆشیارە، دووەمیش ئەوەیە متمانە نییە نازانرێت هۆکاری نەبوونی متمانەکە بۆچی دەگەڕێتەوە بەڵام وەک پێویست متمانە نییە و زۆر شت تێکەڵ دەکرێت پێیانوایە بەستنی ماسک یاخود پابەندبوون بە رێنماییەکان وەک بوترێت لەبەرژەوەندی لایەنێکە و لەبەرژەوەندی لایەنی ترە ئەوەش هەمووی دەگەڕێتەوە بۆ ئەنجامی نا هۆشیاری ئەو جۆرە لێکدانەوەیە و ئەو جۆرە بۆچوونانەی کە هەیە".

د. خاڵس قادر ئاماژەی بەوەشکرد هۆکارێکی تری پابەندنەبوونی هاوڵاتیان بەشێوەیەکی گشتی بە رێنماییە تەندروستییەکان پابەندنەبونی کەسانی دیاری ناو کۆمەڵگایە لەو رووەوە وتی: "رای تایبەتی خۆم ئەوەیە یەکێک لەهۆکارە تایبەتەکانی تر ئەوەیە بەشێک لەکەسە ناودارەکانی ناو کۆمەڵگەش بەداخەوە هەندێک لە حزبەکان تەنانەت هەندێک لەکەسە خاوەن بڕوانامەکان و مامۆستایانی زانکۆ و مامۆستایانی ناو خوێندنگاکان و مامۆستایانی ئاینیش رۆڵی خراپیان هەبووە کەئەوان خۆیان پابەندنابن هەندێکجار قسەی نێگەتیڤیش لەسەر ماسک دەکەن لەسەر خۆپارێزی دەکەن ئەوانە پێموایە کاریگەری خراپیان هەبووە".

ئەی بۆ وەرگرتنی ڤاکسین بۆچی کەسانی نادیار تەنانەت ئەکتەر و هونەرمەندان هاوشێوەی وڵاتان پێشەنگ نین لەوەرگرتنی تابەشێک لەدڵەڕاوکێی خەڵک نەهێڵن ئایا وەک لایەنی تەندروستی رێگرن لەوە؟

د. خاڵس لە وەڵامدا دەڵێت: "کێشەکە لەوە دایە راستیەکەی کێشەی هۆشیاری هەیە لەناو کۆمەڵگەی ئێمە لەهەموو ئاستەکان واتە مەرج نییە ئەوەی کەبەرپرسێکی باڵابێت، کەسێکی سیاسیەکی گەورەبێت هۆشیاربێت بەداخەوە هەم ئەو ناهۆشیارییەی کەهەیە پێموایە هەموو ئاستەکانی گرتوه‌تەوە تەنانەت مامەڵەکردنی ئەوانیش رەنگدانەوەی زۆر خراپی هەبووە خەڵکی ئاسایی عادەتەن دوای ئەوە دەکەون کەکەسە باڵاکانی تر چی دەکەن زۆرینەیان بەو شێوەیەن بەڵام لای ئێمە دەبینرێت تەنانەت پابەندبوون بە رێنماییەکان تەنانەت لەلایەن کەسە باڵاکانیش بەشێکی زۆریان لەگەڵ رێزم بۆیان پابەندنەبوون بۆیە مەسەلەی ڤاکسین راستە دەبووایە بەوشێوەیە بووایە لەسەرەتادا قسەکی واها بڵاوکرایەوە کە کەسە ناودارەکان با بەوشێوەیە ناویان بهێنین ئەگەر ڤاکسین وەربگرن خەڵک هەندێک لێکدانەوەی وەها کرا کەگوایە ئەوە تەنها بۆ ئەوان دەبێت و بۆ خەڵک نابێت بەڵام راستیەکەی ئەوەیە کەبەڵێ پێویستە لەئێستادا کەسە ناودارەکانی ناو کۆمەڵگە لەپێش خەڵکانی تر بچن خۆیان ڤاکسین وەربگرن، تاپیشانی خەڵکی بدەن ئەوە شتێکی زانستییە بەکردەوە بڵێن ئێمە باوەڕمان بەزانست هەیە، باوەڕمان بەپزیشک هەیە وەک کەسێکی ناهۆشیار نیین پێویستە وەک تەواوی وڵاتانی دنیا خۆمان پێشەنگ بین لەوەی بچین ڤاکسین وەربگرین و بڵاویشی بکەینەوە بەشانازییەوە بۆئەوەی وەکو هاندانێک بێت بۆ دروستکردنی متمانە".

د. خاڵس ئەوەشی وت: "ئێمە پێمان باش بوو کە ئەو کارە بەوشێوەیە بکرێت وە ئێستاش هەر دەیڵێنەوە وەکو رای خۆمان پێویستە ئەو کارە بکرێت پێویستە کەسە ناودارەکان ئیتر چ سیاسی بێت یان ناسیاسی بێت، کۆمەڵایەتی، رۆشنبیری بێت پێویستە ئەو کەسە ناودارانەی کاریگەریان هەیە لەسەر خەڵک ئەوانە ئێستا بێنە پێشەوە و خۆیان بکوتن ئەو ڤاکسینە وەربگرن بۆئەوەی خەڵکانی تریش چاویان لێبکەن بەڕاستی ئێستا تاکە هیوایەک بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئەو ڤاکسینەیە کە لەبەردەستدایە لەپاڵ بەکارهێنانی ماسک و رێکارەکانی تری خۆپارێزی".


AM:09:22:12/04/2021


ئه‌م بابه‌ته 15200 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت