نێچیرڤان بارزانی و فایه‌ق زێدان رۆڵی دادگای فیدڕاڵی لە یه‌كلاكردنه‌وه‌ی كێشه‌كاندا تاوتوێ دەکەن


وێستگەنیوز-

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌چوارچێوه‌ی سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ به‌غدا له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ری عێراق كۆبوه‌وه‌ و لەکۆبوونەوەکەدا هەردوولا  جه‌ختیان له‌پێویستی هاریكاری و هه‌ماهه‌نگی نێوان دامه‌زراوه‌ دادوه‌ریه‌كان کردەوە و كۆك بون كه‌ ئه‌ركی دادگای فیدراڵی سه‌خته‌ و گرنگه‌ كار و بڕیاره‌كانی و یه‌كلاكردنه‌وه‌ی كێشه‌كان، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی سیسته‌مێكی تۆكمه‌ی دادگه‌ر بێت و بڕوا و متمانه‌ی ته‌واوی پێكهاته‌كانی عێراق به‌هێزتر بكات.

سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم لەراگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەشکردوە، له‌ به‌رده‌وامیی سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ به‌غدا ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ فایه‌ق زێدان سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ریی عێراق و ژماره‌یه‌كی له‌ دادوه‌ران و سه‌رۆكی دادگاكان كۆبوه‌وه‌.

له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا نێچیرڤان بارزانی ده‌ستحۆشی له‌ ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ری و به‌تایبه‌تی فایه‌ق زێدان كردوە بۆ هه‌وڵ و ڕۆڵی ئه‌رێنییان له‌ یه‌كلاكردنه‌وه‌ و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی هه‌مواركردنی یاسای دادگای فیدراڵی و دامه‌زراندنه‌وه‌ی دادگاكه‌‌، كه‌ بڕیاره‌ له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیكدا ده‌ستبه‌كاربێت و هیوای سه‌ركه‌وتنی بۆ خواست.

ئەوەش هاتووە، نێچیرڤان بارزانی و فایه‌ق زێدان كۆك بوون كه‌ ئه‌ركی دادگای فیدراڵی سه‌خته‌ و گرنگه‌ كار و بڕیاره‌كانی و یه‌كلاكردنه‌وه‌ی كێشه‌كان، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی سیسته‌مێكی تۆكمه‌ی دادگه‌ر بێت و بڕوا و متمانه‌ی ته‌واوی پێكهاته‌كانی عێراق به‌هێزتر بكات و هه‌موان له‌باره‌یه‌وه‌ به‌ ته‌واوی هه‌ست به‌ دڵنیایی بكه‌ن.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌كه‌دا هەردوولا جه‌ختیان له‌ گرنگی و پێویستیی هاریكاری و هه‌ماهه‌نگی له‌نێوان دامه‌زاراوه‌ دادوه‌رییه‌كانی فیدڕاڵ و هه‌رێمی كوردستاندا كردوەتەوە‌ و چه‌ندین بابه‌تی دیكه‌ی په‌یوه‌ست به‌ ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری و دامه‌رزاوه‌ دادوه‌رییه‌كانیان تاوتوێكردوە.


PM:08:36:10/04/2021


ئه‌م بابه‌ته 772 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت