وەزارەتی پەروەردە: لە رێگەی کەسانی پسپۆڕەوە کار لەسەر کەمکردنەوەی پرۆگرامەکانی خوێندن دەکرێت


وێستگه‌ نیوز-
بریکاری وەزارەتی پەروەردە رایده‌گه‌یه‌نێت، لەم هەفتەیەدا کۆبوونەوەی کۆتایی لەبارەی کەمکردنەوەی قۆناغی 12ی ئامادەیی دەکرێت، ئاماژه‌ به‌وه‌شده‌كات لە رێگەی کەسانی پسپۆڕەوە ئامادەکاریی بۆ دەکەن.

ئەمڕۆ شەممە10ى نیسانى 2021، سەیوان عەلی، بریکاری وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێم بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی باسی لەوەکردووە، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەکانی ھەرێم راسپێردراون بۆ کەمکردنەوەی پرۆگرامەکانی پۆلی 12ی ئامادەیی ئامادەکاری بکەن.

بریکاری وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێم باسی لەوەشکردووە، لە ئێستادا لە رێگەی کەسانی پسپۆڕەوە کار لەسەر کەمکردنەوەی پرۆگرامەکانی خوێندن دەکرێت و بەپێی پلان پرۆگرامی 12ی ئامادەیی کەمدەکرێتەوە.

سەیوان عەلی ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم هەفتەیە کۆبوونەوەیەکی یەکلاکەرەوە لەبارەی پرۆگرامی 12ی ئامادەیی دەکرێت و کەسانی پسپۆڕ و بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەکانی ھەرێمی کوردستانیش بەشداریی تێدا دەکەن.

ئەوەشی خستوەتەڕوو، کەمکردنەوەی پرۆگرامی خوێندن پێویستی بە پلان و پێداچوونەوە ھەیە و دەیانەوێت خشتەیەک ئامادە بکەن بۆ کەمکردنەوەی پرۆگرامەکانی خوێندن، بزانن تا چەند مامۆستایان دەتوانن پرۆگرام تەواو بکەن، ئەوکات بڕیاری لەسەر دەدرێت.

ئەمەش لەکاتێکدایە، لە ئەمساڵدا جگە لە قۆناغی 12ی ئامادەیی، سەرجەم قۆناغەکانی دیکە تەنها یەک مانگ دەوامی خوێندنیان کردووە بەهۆی رێکارەکانی خۆپارێزی دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆناوە، پرۆسەی خوێندن لە لەناوەندەکانی خوێندندا راگیراوە.


PM:08:11:10/04/2021


ئه‌م بابه‌ته 4544 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو