به‌رپرسێكی حزبی دیموكراتی كوردستان به‌ كۆرۆنا گیانی له‌ ده‌ستدا

‌لوقمان مێهفەر، ئەندامی هەیئەتی ئیجرایی ناوەندی سیاسی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران

وێستگه‌ نیوز ـ
بەرەبەیانی ئەمڕۆ لوقمان مێهفەر، ئەندامی هەیئەتی ئیجرایی ناوەندی سیاسی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران، پاش مانگێك لە بەربەرەكانی لەگەڵ نەخۆشیی كۆرۆنا، گیانی لە دەست دا.


جۆین بە لەگەڵ هەواڵە بەپەلەکانی وێستگە نیوز لە تیلیگرام

ئەمڕۆ شەممه‌ 10ـی نیسانی 2021، لە راگەیەنراوێكی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێراندا هاتووە: ئەمڕۆ لوقمان مێهفەر، ئەندامی هەیئەتی ئیجرایی ناوەندی سیاسیی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران، پاش مانگێك لە بەربەرەكانی لەگەڵ نەخۆشیی كۆرۆنا، گیانی لە دەست دا.

راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ باسی له‌وه‌ش كردووه‌، كه‌ ئەو بەرپرسە، لە یەكێك لە نەخۆشخانەكانی شاری هەولێر كۆچی دوایی كرد، "لە دەستچوونی ئەم تێكۆشەرە تەنیا زیانێكی نوێ بۆ حزبەكەمان نەبوو، بەڵكو زامێكی تازەیە كە كەوتووەتە سەر جەستەی بزووتنەوەی كورد لە كوردستانی رۆژهەڵات.

دەقی راگەیەندراوەکە:

ڕاگەیەندراوی ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی شەهیدبوونی هاوڕێی تێکۆشەر کاک لوقمان مێهفەر

هاونیشتمانیانی بەڕێز

دڵسۆزان و ئۆگرانی خەباتی ڕزگاریخوازانەی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات

لایەنگران، ئەندامان، کادر و پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەوپەڕی داخ و پەژارەوە ڕادەگەیەنین کە هاوڕێی ماندوونەناس و دڵسۆز و تێکۆشەری حیزبەکەمان، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کاک لوقمان مێهفەر ئەندامی هەیئەتی ئیجرایی ناوەندی سیاسی پاش مانگێک بەربەرەکانی لەگەڵ نەخۆشی کۆڕۆنا، بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە 21ی خاکەلێوەی 1400ی هەتاوی بەرانبەر بە 10ی ئاوریلی 2021ی زایینی لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری هەولێر کۆچی دوایی کرد و هاوڕێیان و هاوسەنگەرانی لەگەڵ خەمێکی قووڵ و حیزبەکەمانی لەگەڵ خەسارێکی نوێ بەرەوڕوو کرد و درێژەی خەبات و خۆڕاگری بە هاوڕێ و هاوسەنگەرانی ئەسپارد. لەدەست چوونی ئەم تێکۆشەرە تەنیا خەسارێکی نوێ بۆ حیزبەکەمان نەبوو بەڵکوو زامێکی تازەیە کە کەوتۆتە سەر جەستەی بزووتنەوەی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات.

شەهید کاک لوقمان مێهفەر کوڕی خورشید ساڵی 1343ی هەتاوی لە ئاوایی مەلا عیسا لە ناوچەی دەشتەبێڵی شنۆ لەدایک بووە. لەتەمەنی مێرمنداڵیدا ئۆگری بە بزووتنەوەی کوردستانەوە گرت و لەپێناو ئازادی کورد و ڕزگاری کوردستاندا ساڵی 1358ی هەتاوی لە یەکیەتیی لاوانی دێموکرات و دواتر لە ڕیزی تێکۆشەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا جێی گرت و تا دواهەناسەکانی ژیانی لە هەوڵ و تێکۆشان و بەڕێوەبردنی ئەرکی نەتەوەیی و نیشتمانی کورد و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا بەردەوام و شوێندانەر بوو.

هاوڕێی لەدەست چوومان کاک لوقمان مێهفەر لەڕەوتی تێکۆشان لە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرا دا چەندین بەرپرسایەتیی لە ئەستۆ بووە کە لە هەموو ئەو بەرپرسایەتییانەدا بەوپەڕی دڵسۆزی و فیداکارییەوە تێکۆشاوە و لێهاتوویی خۆی نیشان داوە.

شەهیدی نوێمان کاک لوقمان لە کۆنگرەکانی 9، 11 و 12 دا وەک ئەندامی جێگری کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردراوە و لە کۆنگرەکانی 10، 13، 14 و 15دا وەک ئەندامی ئەسڵی کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردرا.

هاوڕێی لەدەست چوومان لە رێبەرایەتی حیزب و لە رەوتی تێکۆشانیدا چەند بەرپرسیارەتی بەرچاوی لە ئەستۆ بووە وەک:

بەرپرسی کومیسیۆنی کۆمەڵایەتی، جێگری بەرپرسی کومیسیۆنی سیاسی- نیزامی، بەرپرسی کومیسیۆنی ڕادیۆ، بەرپرسی ناوەندی 2ی کوردستان و لە کۆنگرەی 16ی حیزبدا وەک ئەندامی ناوەندی سیاسیی هەڵبژێردرا و دوایین بەرپرسایەتیی ئەندامی هەیئەتی ئیجرایی ناوەندی سیاسی بوو.

شەهید لوقمان هەر لە پەنا کار و تێکۆشانی حیزبیدا درێژەی بە خوێندن دا و لە زانکۆی سەلاحەدین لە شاری هەولێر لیسانسی حقووقی وەرگرت و بوو بە پارێزەر بە پلەی ڕاوێژکاری. شەهید لوقمان کەسایەتییەکی ناسراو و خاوەنی کۆمەڵێک تایبەتمەندی بەرزی ئینسانی بوو؛ لە تێکۆشاندا جیددی لە کاردا ماندوویی نەناس و لە کۆمەڵدا ئۆگری پێوەندی گەرم لەگەڵ خزمان، دۆستان و هاوڕێیانی بوو؛ باوەڕی قووڵی بە ڕێبازی حیزب و ئازادی کورد و کوردستان هەبوو، هەربۆیەش لای هەمووان خۆشەویست و جێگای ڕێز بوو.

ناوەندی سیاسی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بۆنەی ئەم خەسارە تازەوە وێڕای دەربڕینی ئەوپەڕی داخ و پەژارەی خۆی، سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەڕێز هاوڕێی شەهیدمان کاک لوقمان مێهفەر، هەموو خزم و دۆست و ئاشنایان، ئەندامانی ڕێبەرایەتی حیزب و گشت لایەنگران، ئەندامان و کادر و پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەتایبەتی دەکا و داوای سەبوری بۆ هەموو خەمهەڵگرتووەکانی ئەم خەسارە تازەیە دەکا.

ڕۆحی هاوڕێی شەهیدمان شاد و ڕێبازی پڕ ڕێبوار و ئاواتەکانی بێنەدی

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی سیاسی

21ی خاکەلێوەی 1400ی هەتاوی بەرانبەر بە 10ی ئاوریلی 2021ی زایینی


AM:09:31:10/04/2021




ئه‌م بابه‌ته 26024 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو