خەزعەلی: دەبێ ئەو دوو هه‌زار و 500 سەربازەی ئەمریکا کە لە عێراق ماون دەربکرێن


وێستگه‌ نیوز-
قەیس خەزعەلی رایده‌گه‌یه‌نێت، دەبێ ئەو 2500 سەربازەی ئەمریکا کە لە عێراق ماون دەربکرێن، هاوکات بەهۆی زیادبوونی ژمارەی دانیشتووانی عێراقیشەوە پێویستە ژمارەی ئەندامانی پەرلەمانی عێراق بۆ 400 ئەندام زیاد بکرێت.
 
قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق لە عێراق ئەمڕۆ هەینی لە راگەیه‌ندراوێکدا بەبۆنەی ساڵیادی لەسێدارەدانی محەممەد باقر سەدر، مەرجەعی ئایینی شیعە لە لایەن دەسەڵاتی سەدام حوسێنەوە لە ساڵی 1980دا رایگەیاند: "پرۆسەی سیاسی کە داگیرکار دایڕشتووە، ئامانجی هێشتنەوەی عێراقە بە لاوازی بۆ ئەوەی ململانێکان ماندووی بکەن، چونکە دەستوور مینی ترسناکی تێدایە کە مسۆگەری دەکەن عێراق لەم دۆخەدا بمێنێتەوە و بۆ چارەکردنیش دەبێ دەستوور هەمواربکرێتەوە. هاوکات زۆرینەی گەل باوەڕی بە رۆڵی ئەنجوومەنەکانی پارێزگاکان نییە و پرۆسەی سڕکردنیشیان چارە نییە، هەروەها راستەوخۆ هەڵبژاردنی پارێزگارەکان باشترە".
 
لە بەشێکی دیکەی راگەیه‌ندراوەکە خەزعەلی ئاماژەی بەوه‌كردووه‌: "بەپێی دەستوور، بەهۆی زیادبوونی ژمارەی دانیشتووانی عێراق پێویستە ژمارەی ئەندامانی پەرلەمانی عێراق لە هەڵبژاردنی داهاتوودا بۆ 400 ئەندام زیاد بکرێت، چونکە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی داهاتوو بەپێی ژمارەی ئێستای ئەندامانی پەرلەمان پێچەوانەی دەستوورە. جگە لەوەش، تاکە رێگە بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی تەکنۆکرات راستەوخۆ هەڵبژاردنی سەرۆکوەزیرانە".
 
ئەمینداری عەسائیبی ئەهلی حەق ئاماژەب به‌وه‌شکرد: "ناکرێ بەئاسانی متمانە بە سعودیە و ئیمارات بکەین، بەتایبەت ئازار و خوێن و شەهیدمان هەن بەهۆی ئەوانەوە، چونکە سعودیە بە تەنیا 5 هەزار خۆکوژی رەوانە کرد کە خۆیان بە عێراقییەکاندا تەقاندەوە، ملیارەکانی کەنداویش کە بۆ کاولکردن و ناسەقامگیریی عێراق خەرجکران هەر لە باس نایەن، بۆیە ئەگەر سعودیە راستگۆیە با داوای لێبووردن لە گەلی عێراق بکات". 
 
هەروەها لەبارەی ئیماراتەوە خەزعەلی دەڵێت: "ئەو وڵاتە لە عێراق ئێستا زۆر ترسناکە، چونکە کەسایەتی هەن لە حکومەتی عێراقدا کاردەکەن پێشتر پارەیان لە ئیمارات وەردەگرت، تەنانەت ئێستاش پارە لە ئیماراتەوە رەوانە دەکرێت و دابەشدەکرێت بەسەر چەند کەسایەتییەکی دیاریکراودا بۆ کڕینیان، بە ئاشکرا ئیمارات دەیەوێ ساختەکاری لە هەڵبژاردن لە عێراق بکات بۆ بەرژەوەندیی خۆی".
 
لەبارەی پەیوەندیی عێراق و ئەمریکا قەیس خەزعەلی رایگەیاند: "ئێمە دژی بوونی پەیوەندی لەنێوان عێراق و ئەمریکا نین و لە بەرژەوەندیی عێراقیشدایە پەیوەندیی زۆری هەبێت، بەڵام دۆخی نامۆی داعش کۆتایی هات، بۆیە نابێ ئەمریکا بنکە و فڕۆکەخانەی سەربازی لە عێراقدا هەبێت، هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق زیادن و دەبێ بەپێی خشتەی کات لە عێراق بکشێنەوە. دەبێ ئەو 2500 سەربازەی ئەمریکا کە لە عێراق ماون دەربکرێن، چونکە دەستووری عێراق رێگە بە بوونی بنکەی سەربازیی بیانی لە خاکی عێراق نادات".
 


PM:08:41:09/04/2021


ئه‌م بابه‌ته 3724 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت