باڵیۆزی ئەمریكا لە بەغدا: نیازی داخستنی باڵیۆزخانەمان نییە

‌باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا

وێستگە نیوز-

باڵیۆزی ئەمریكا لە بەغدا رایگەیاند، هێرشەکانی سەر ناوچەی سەوز بە ئامانجكردنی سەروەری عێراقە، دەشڵێت، "نیازمان نییە باڵیۆزخانەکەمان دابخەین".

ماتیۆ تۆلەر باڵیۆزی ئەمریكا لە بەغدا بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاندووە، "حكومەتی عێراق هەنگاوی باشی ناوە بۆ رێگرتن لە دووبارە نەبوونەوەی هێرشەکانی سەر ناوچەی سەوز"، دەشڵێت، "ئەو هێرشانە بە ئامانجكردنی سەروەری عێراقە".

باڵیۆزی ئەمریكا لە بەغدا ئەوەشی خستووەتەڕوو، "ئیدارەی وڵاتەکەی تیشک دەخاتە سەر كاری دیپلۆماسی بۆ گەیشتن بە ئەنجامی باش و نیازی داخستنی باڵیۆزخانەكەیانیان لە بەغدا نییە".

ماتیۆ تۆلەر باسی لەوەشکردووە، "پەیوەندییەکانی هەردوو عێراق و ئەمریکا لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هەردوو وڵات بنیات نراوە".

لە ماوەی رابردوودا، چەندینجار ھێرشکراوەتە سەر کاروانی گواستنەوەی کەلوپەلی لۆجستی و سەربازیی ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش، کە ئەمریکا سەرۆکایەتییان دەکات و لە چەند پارێزگایەکی عێراقیش لەلایەن چەکدارانی نەناسراوەوە کراونەتە ئامانج.

ساڵی رابردووش، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ھۆشداری دابوو لەوەی باڵیۆزخانەکەیان لە عێراق دادەخەن، ئەگەر سەرۆکوەزیرانی عێراق ھەوڵی زیاتر بۆ وەستاندنی ئەو ھێرشە موشەکیانە نەدات، کە دەکرێنە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا.

واشنتن، لە پێشتردا چەند جارێک گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێرانی بە ئەنجامدانی ھێرشە موشەکییەکان بۆسەر ئامانجەکانی ئەمریکا لە عێراق تۆمەتبار کردبوو.


PM:02:36:09/04/2021


ئه‌م بابه‌ته 840 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت