قەدەغەی هاتوچۆ لەهەرێمی کوردستان کەوتەبواری جێبەجێکردنەوە


وێستگەنیوز-

لەسەر بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و لیژنەی باڵای رووبەڕووبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەکاتژمێر 8:00ی ئەمشەوەوە تاوەکو کاتژمێر 6:00ـی بەیانی لەرۆژانی 8-12ی ئەم مانگە، قەدەغەی هاتوچۆ کەوتەبواری جێبەجێکردنەوەی و هێزە ئەمنییەکان بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە لەسەر شەقامەکان بڵاوەیان پێکراوە.

پەیامنێرانی وێستگەنیوز لەسلێمانی، هەولێر و هەڵەبجە رایانگەیاند، دوای ئەوەی شەوی رابردوو وەزارەتی ناوخۆ بڕیاریدا بەمەبەستی گرتنەبەری رێکاری خۆپارێزی بۆ کەمکردنەوەی ئامارەکانی توشبوون بە کۆرۆنا بۆ ماوەی 4 رۆژ قەدەغەی هاتوچۆ لەکاتەکانی شەودا رابگەیەنرێت، لەکاتژمێر 8:00ی ئەمشەوەوە بڕیارەکە کەوتوەتە بواری جێبەجێکردنەوە و هێزە ئەمنییەکان لەسەر شەقامەکان بڵاویان پێکراوە.

ئاماژە بەوەش دەکەن، بەگوێرەی بڕیارەکان هەر کەسێک بەدەر لەرێنماییەکان وەزارەتی ناوخۆ لەکاتەکانی شەودا هاتوچۆ بکات، لەلایەن هێزە ئەمنییەکان لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکرێت و ئەو کەسانەشی رێگە پێدراون هاتوچۆ بکەن، دەبێت پابەندی بەستنی دەمامک بن، بەپێچەوانەوە سزای دارایی دەدرێن.

شەوی رابردو وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، قەدەغەی هاتوچۆی ئۆتۆمبێل و پیادە لە تەواوی پارێزگاكانی هەولێر و سلێمانی و دهوك و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆكانی راپەرین و گەرمیان و گشت یەكە كارگێڕییەكانیان لە كاتژمێر 08:00ی شەو تاوەکو 06:00ی بەیانی جێبەجێ دەکرێت.

ئەوەش هاتوە، بڕیارەکە هاتوچۆكردنی ئۆتۆمبێلی ئاژانس و رێكخراوەكانی (UN)، رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان، هاوپەیمانان، دیپلۆماتكاران، ئۆتۆمبێلی هێزە ئەمنییەكان، تیمە تەندروستیيەكان، كۆمپانیاكانی نەوت، كۆمپانیاكانی پەیوەندییەكان، ئۆتۆمبێلی ئەمبوڵانس، رۆژنامەوانان و ئەوانەی لە ئەركی فەرمیدان ناگرێتەوە و دەرمانخانەکانیش بە كراوەیی دەمێننەوە.

لەبڕیارەکەدا باس لەوەشکراوە، ئاڵوگوڕی بازرگانی بەردەوام دەبێت لەنێوان پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكانى هەرێم، و لەگەڵ پارێزگاكانی عێراق

وەزارەتی ناوخۆ ئەوەشی خستوەتەڕو، ئەم بەیانە لە رێكکەوتی 08-04-2021 لە كاتژمێر 08:00ی شەو، تاوەکو رێكکەوتی 12-04-2021 كاتژمێر 08:00ی شەو جێبەجێ دەكرێت و لە رۆژنامەی وەقایعی كوردستان بڵاودەكرێتەوە.


PM:08:17:08/04/2021


ئه‌م بابه‌ته 5484 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت