عێراق ڕەزامەندی نیشاندا لەسەر گەڕانەوەی ئاوارەکانی نێو کامپی هۆڵ

‌حەسەکە، دیمەنێک لە ئاوارەکانی نێو کامپی هۆڵ

وێستگە نیوز-

دوای چوار ساڵ لە کۆنترۆڵکردنەوەی شوێنەکانیان لە دەست چەکدارانی ڕێکخراوی داعش، دواجار حکومەتی عێراق ڕەزامەندی نیشاندا لەسەر گەڕاندنەوەی 500 خێزانی ئاوارەی عێراقی ناو کامپی هۆڵ.

بەڕێوەبەرایەتی کامپی هۆڵ لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە بەیانێکیدا ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، " ئامادەکاری دەکات بۆ گەڕانەوەی کاروانی یەکەمی ئاوارە عێراقییەکان بۆ شوێنی خۆیان کە بڕیارە لە هەفتەی داهاتووەوە دەستپێبکات".

کامپی هۆڵ لە 45 کیلۆمەتری ڕۆژهەڵاتی حەسەکە-یە لە رۆژئاوای کوردستان، کە لە ساڵی 2014وە بۆتە مەنزڵگەی ئەو ئاوارانەی لە عێراقەوە و لە پاش ڕووبەڕووبونەوەی ناوچەکانیان بە هێرشی خەلافەتی داعش عێراقیان بۆ سوریا بەجێهێشت، ئەمە جگە لە 60 هەزار لایەنگر و خانەوادەی چەکدارانی داعش کە لەژێر هێڵی سەربازی هێزەکانی سوریایی دیموکرات "هەسەدە" لەبەشێکی دیکەی کامپەکەدا نیشتەجێکرابوون.

 ژمارەی ئاوارە عێراقییەکان دەگاتە، 30 هەزار و 738 ئاوارە، سەرەڕای داواکارییەکانی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بۆ گەڕانەوەی ئاوارە عێراقییەکان لە کامپی هۆڵەوە بۆ سەر ماڵ و ژیانی خۆیان، ئەوەش پاش کۆنتڕۆڵکردنەوەی ناوچەکانیان، بەڵام پێشتر لەلایەن حکومەتی عێراقەوە ئەو داوایە ڕەتکرایەوە.

ساڵی 2019، فابریزیۆ کاربۆنی بەڕێوەبەری خاچی سوری نێودەوڵەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕایگەیاند، "چاوەڕوان دەکرێت نزیکەی 20هەزار پەنابەری عێراقی لە خاکی سوریا و بە تایبەت ئاوارەکانی کامپی هۆڵ بگەڕێندرێنەوە".

هاوکات، بە وتەی بەڕێوەبەری خاچی سوری نێودەوڵەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، "بەپێی ڕێککەوتنێک لەگەڵ حکومەتی عێراق لە بەغدا ئەنجامدراوە، بەڵام دوای زیاتر لە دوو ساڵ بڕیارەکە جێبەجێ نەکرا بۆ گەڕانەوەیان".


PM:07:15:07/04/2021


ئه‌م بابه‌ته 1764 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو