داهاتی نەوتی عێراق بە رێژەی لەسەدا 14 بەرزبۆتەوە

‌کێڵگەی بەرهەههێنانی نەوت

وێستگە نیوز-

داھاتی مانگانەی هەناردەی نەوتی عیراق لە مانگی ئاداردا بە ڕێژەی 14% بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە، ئەوەیش هاوکاتە لەگەڵ پێشبینییەکانی سەقامگیربوونی نرخی نەوت و زیادکردنی ئاستی بەرهەمی نەوت لەلایەن ئۆپیك پڵەس، کە ئەویش هیوای ڕزگاربوونی وڵاتەکەی لە قەیران و تەنگژەی دارایی هێناوەتە ئاراوە.

ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عیراق نیشانی دەدەن، داھاتی عێراق لە مانگی رابردوو 5.7 ملیار دۆلار بووە، واتا بڕی 700 ملیۆن دۆلار زیاترە بە بەراود بە مانگی شوبات کە 5 ملیار دۆلار بوو لەو مانگەدا.

وەزارەتی نەوتی عیراق لە راگەیاندراوێكیدا، ئاماژەی بەوە کردووە، ھەوڵێكی زۆر دەدات بۆ زیادكردنی رێژەی ھەناردەكردن بەشێوەیەکی ستراتیژی و بە مەبەستی ڕزگابوون لەو تەنگژە دارایییەی وڵاتەکەی گرتۆتەوە.

دوای دابەزینی نرخی نەوت لەسەر ئاستی جیهاندا لە ساڵی 2014 دا، عیراق دووجاری تەنگژە و چەڵەمەیەکی دارایی هاتۆتەوە و بڵاوبوونەوەی کۆرۆنایش دۆخی وڵاتەکەی هێندەی دیکە دژوار و ئاڵۆزتر کرد.

وەزارەتی نەوت ڕایگەیاند، ئاستی ھەناردەی نەوتی خاو لە مانگی ئاداردا گەیشتۆتە 91.3 ملیۆن بەرمیل، لەو بڕەش، 88.2%ـی لە كێڵگە نەوتییەكانی باشوور و ناوەڕاستی عیراقەوە بەرھەمھاتوون. وەزارەتەکە ئاشکراشی کردووە تێكڕای ھەناردەی رۆژانە گەیشتووەتە، 2.94 ملیۆن بەرمیلی رۆژانە و تێكڕای نرخی ھەر بەرمیلێكیش 63.3 دۆلار بووە.

ناسەقامگیری دۆخی ئابووریی عیراق چەندان جار بۆتە تەگەرە لە بەردەم هاوپەیمانیی ئۆپیك پڵەس، کاتێك بەدێژایی ماوەی زۆری ساڵی ڕابردوو عیراق پابەندی ئەو پشکە نەدەبوو کە بەپێی ڕێککەوتنی ئۆپیك پڵەس بۆ کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمی نەوت بۆی دیاری کرابوو، بەوەیش بەردەوام ببووە جێی رەخنەی سعودیە.


PM:04:39:05/04/2021


ئه‌م بابه‌ته 592 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت