لەبارەی رێکارە خۆپارێزییەکان لەرەمەزاندا رونکردنەوە دەدرێت


وێستگەنیوز-

شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق رایگەیاند، تائێستا ژمارەی رۆژانەی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا بەبەرزی ماونەتەوە و ژمارەی توشبووان لەنێوان 5-6 هەزار کەس دایە، بۆیە جەخت دەکەنەوە بۆ رەمەزانیش قەدەغەی سەرانسەری دوو رۆژ لەهەفتەیەکدا بەردەوام دەبێت و پێویست دەکات هەڵمەتی پێدانی ڤاکسین-یش خێراتربکرێت وەک رێگەیەکی سەرەکی خۆپارێزی بەرامبەر پەتاکە.

سلێمان غەرباوی، ئەندامی شانەی راگەیاندنی ئەمنی لەعێراق لەراگەیەنراوێکدا کە وێنەیەکی دەست وێستگەنیوز کەوتوە باسی لەوەشکردوە، ژمارەی توشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا تائێستاش بەبەرزی ماوەتەوە رۆژانە 5-6 هەزار توشبووی نوێ تۆمار دەکرێن، کە بەرزترین ژمارەی توشبووانە لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی.

ئاماژەی بەوەشکردوە، قەدەغەی سەرانسەری لە هەفتەیەکدا دوو رۆژ وەک خۆی لە مانگی رەمەزانیشدا دەمێنێتەوە و لە ئێستادا بەهۆی زۆری رێژەی توشبووانی کۆرۆنا هیچ ئەگەرێک بۆ هەڵگرتنی نیە.

سلێمان غەرباوی دەڵێت، قەدەغەی سەرانسەری لە بنەڕەتدا ڕێوشوێنێکی ناچارییە بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری کۆرۆنا، بۆیە پێویستە پەلە بکرێت لە بەکارهێنانی ڤاکسینی کۆرۆنا، چونکە ڤاکسینەکە چوارچێوەیەکی گرنگی ڕێگری پێکدەهێنێت کە یارمەتیدەر بێت لە کەمکردنەوەی ڕێژەی توشبوون و مردن.


PM:04:10:02/04/2021


ئه‌م بابه‌ته 10992 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت