دیارنەمانی ئافره‌تێك حكومەتی بریتانیا دەهەژێنێت


وێستگه‌ نیوز-
ئافره‌تێكى تەمەن 33 ساڵ لە لەندەن دیارنەماوە و تەرمی كه‌سێكیش لەناو دارستانەكان دۆزراوەتەوە، ئەمەش گەورەترین ترسی لە وڵاتی بریتانیا دروستكردوە و خەڵكی دەڵێن "هەست بە پارێزراوی ناكەین".

پۆلیسی میترۆپۆلیتەین رایگەیاند، ژنێكی تەمەن 33 ساڵ بەناوی سارا ئێڤەرارد، لە كامێرای چاودێرییەوە بینراوە، كۆتا جار لە 3ی ئادار لە باشوری لەندەن بوە بە تەنها، پاش ئەوەی سەردانی ماڵی هاوڕێیەكی كردوە، لە رێگەی گەڕانەوە ون بوە و دیارنەماوە.
پۆلیس لە بەدواداچونەكانیان لە ماوەی ئەم چەند رۆژە، تەرمی مرۆڤێكیان لە دارستنەكانی ئاشفۆرد دۆزیوەتەوە، تا ئێستا ناسنامەی ئاشكرا نەكراوە و دەڵێن "كاتی پێویستە"، ئەمەش ترس و دڵەڕاوكێیەكی زۆری دروستكردوە، نەك تەنها لای خێزانەكەی سارا، بەڵكو لەلای تەواوی خەڵكی بریتانیا و دەڵێن ئەگەر سارا نەدۆزرێتەوە "ئێمە هەست بە سەلامەتی ناكەین".

خێزانەكەی سارا دەڵێن، هەتا رۆژەكان زیاتر تێپەڕن "زیاتر نیگەران دەبین"، چونكە هیچ كاتێك سارا بەمشێوەیە ون نەبوە كە هیچ هەواڵێك بە خێزانەكەی نەدات، لەگەڵ ئەوەی وردەكاری كەیسەكە بۆ میدیاكان نەخراوەتەڕو، بەڵام بە ملیۆنان كەس هەواڵی سارایان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكردوەتەوە و باس لە مەترسی چونە دەرەوەی خانمان دەكرێت لە شەواندا، ئەمەش خانمانی توڕە و نیگەران كردوە.

تا ئێستا دو كەس، بە گومانی هۆكاری دیارنەمانی سارا دەستگیركراون، كە یەكێكیان ئەفسەری پۆلیسە و گومانی كوشتنی سارای لێدەكرێت، بەڵام هیچ كامێكیان دانیان بەوەدانەناوە پەیوەندییان بە روداوەكەوە هەبێت، لێكۆڵینەوە لە روداوەكە بەردەوامە.


PM:12:11:12/03/2021




ئه‌م بابه‌ته 6920 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو