مەسعود بارزانی: بە هیچ شێوەیەك نابێ ئامانج و دەستكەوتەكانی راپەرین بە لاڕێدا ببرێن


وێستگەنیوز- هێڤار هیوا

مەسعود بارزانی لە یادی راپەڕێن پەیامێک بڵاودەکاتەوە و رایگەیاند، راپەڕین رەتكردنەوەی ستەم و داگیركاری بوو، هەنگاوێكی مەزنی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كورد بۆ دەستپێكی قۆناغێكی گرنگ لە خەبات و نابێ ئامانج و دەستكەوتەكانی بە لارێدا ببرێن.
 
مەسعود بارزانی لە پەیامەکەیدا بۆ ساڵیادی راپەڕینی گەلی کوردستان لەساڵی 1991 رایگەیاند: "گەلی كوردستان خەباتی كرد و خوێنی دا و راپەڕی بۆ ئەوەی بە سەربەرزی بژیێت و هەر كەس و لایەنێكیش بیەوێت لە بەها و ئامانجەكانی راپەڕین كەم بكاتەوە لەراستیدا ناپاكی لە خوێنی شەهیدان و دەیان ساڵ خەبات و قوربانیدانی گەلی كوردستان دەكات".
 
دەقی پەیامەکەی سەرۆک مەسعود بارزانی
 
بە ناو خودای بەخشندە و میهرەبان
 
بە بۆنەی سییەمین ساڵڕۆژی ڕاپەڕینە مەزنەكەی گەلی كوردستانەوە پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان و هەموو نیشتمانپەروەر و تێكۆشەر و ئازادیخوازان و سەرجەم چینوتوێژ و هاووڵاتیانی كوردستان دەكەم.
 
ڕاپەڕین، ڕەتكردنەوەی ستەم و داگیركاری بوو و، لە هەمانكاتیشدا هەنگاوێكی مەزنی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی كورد بوو بۆ دەستپێكی قۆناغێكی گرنگ لە خەباتی گەلەكەمان. ئامانجی ڕاپەڕین گەڕاندنەوەی خاك و ماف بوو بۆ گەلی كوردستان كە ماوەیەكی زۆر بوو بە زەبری ئاگر و ئاسن و زۆرداری لە خەڵكی كوردستان زەوت كرابوو. ڕاپەڕین بۆ ئەوە بوو  گەلی كوردستان بتوانێ لەسەر خاكی خۆی و لە چوارچێوەی پڕۆسەیەكی دیموكراتی و دامەزراندنی دامودەزگەی شەرعی، ئازادانە مافەكانی خۆی پیادە بكات.
 
لەو یادە پیرۆزەدا جەخت لەوە دەكەینەوە كە پێویستە ئامانج و بەهاكانی ڕاپەڕین بۆ تاهەتایە بەرز و بەرقەرار بمێننەوە و، بە هیچ شێوەیەك نابێ ئامانج و دەستكەوتەكانی ڕاپەڕین بە لاڕێدا ببرێن و لە بابەتی لاوەكی و سنوورداری تردا بچووك بكرێنەوە. گەلی كوردستان خەباتی كرد و خوێنی دا و ڕاپەڕی بۆ ئەوەی بە سەربەرزی بژیێت و، هەر كەس و لایەنێكیش بیەوێت لە بەها و ئامانجەكانی ڕاپەڕین كەم بكاتەوە لە ڕاستیدا ناپاكی لە خوێنی شەهیدان و دەیان ساڵ خەبات و قوربانیدانی گەلی كوردستان دەكات. لە بەرانبەریشدا بە سەدانهەزار ڕۆڵەی کوردستان ئامادەن بەرگری لە ئامانج و بەها بەرزەکانی ڕاپەڕین بکەن.
 
مسعود بارزانی
٥ـی ئاداری ٢٠٢١


AM:10:37:05/03/2021


ئه‌م بابه‌ته 4012 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو