ئەنجومەنی ئاسایش دەقی دانپێدانانی حكومدراوانى بادینانى بڵاوكرده‌وه‌


وێستگە نیوز-
ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان 'دانپێدانانی' حوکمدراوانی بادینانی بڵاوکردەوە و ئاماژە بەوە دەکات، "لە پرۆسەی لێکۆڵینەوەکاندا بەپێی بەڵگە و دانپێدانانیان ئەوە سەلمێندرا کە پەیوەندیی راستەخۆیان بە پەکەکە و چەندین لایەنی دیکە هەبووە". 
 
رۆژی سێشەممە 16ى شوباتى 2021، دادگای هەولێر پێنج راگیراوی پارێزگای دهۆکی بە تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی نیشتمانیی کوردستان بە شەش ساڵ زیندانی سزا دا. ئەو راگیراوانەش بریتیبوون لە: شێروان شێروانی، مەلا شڤان سەعید بەڕۆژکی، ئەیاس کەرەم پەرچی، هاریوان عیسا و گوهدار محەممەدئەمین.
 
رۆژی 18ـی شوبات، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی سزادانی پێنج راگیراوەکە لە هەولێر رایگەیاند، "چاودێریی ئەو پرسە دەکەین، جەخت لە سەروەریی یاسا و رێزگرتن لە سەربەخۆییی بڕیاری دادگە و لە پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ دەکەینەوە". 
 
ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "زانیارییان لەسەر بارەگاکانی ئاسایش و پێشمەرگە و دادوەرانی کوردستان کۆکردووەتەوە". ئەنجوومەنی ئاسایش دەشڵێت، "مەشق و راهێنانیان لەسەر چەکی سووک و چەکی بێدەنگ کردووە". 
 
لە راگەیێندراوی ئەنجوومەنی ئاسایشدا هاتووە، ئەو پێنج رۆژنامەوان و چالاکوانە "هیچ گوشارێکی جەستەیی و دەروونییان بەرامبەر ئەنجام نەدراوە". گرووپەکەش لە رێگەی میسنجەرەوە "دانیان بەوەدا ناوە کاریان بۆ چەند لایەن و گرووپێکی دیکەش کردووە". 
لە ڤیدیۆکەدا وێنەی چەند دەستنووسێک پێشاندراوە، ئەنجوومەنی ئاسایش دەڵێت، بەپێی ئەو دەستنووسانە "کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی بەڵگەی تاوان پشتڕاستکراونەتەوە، شێروان ئەمین، یەکێک لە سزادراوان، زانیاری لەسەر ناو و جووڵەی بەرپرسانی ئەمنی و سەربازیی ئیدارەی هەرێمی کوردستان کۆکردووەتەوە و بۆ پەکەکەی رەوانە کردووە". 

شێروان ئەمین لە دانپێدانانەکەیدا ناوی خۆی بە شێروان ئەمین نعو سلێمان وتووە کە لەدایکبووی 1983یە. دەڵێت، رێکخراوێک کە ناوی نەبردووە، بڕی پێنج هەزار دۆلار هاوکارییان کردووە، "هەروەها پێیان گوتم، دەتوانین هاوکاریت بکەین بچیتە دەرەوەی وڵات". 

ئەنجوومەنی ئاسایش دەڵێت، دوای دەستگیرکردنی شێروان، لە پەیوەندییەکی دەنگیی نێوان سەلمان و گۆهدار، کە دوو سزادراوی دیکەن، "سەرکۆنەی شێروان ئەمین دەکرێت بەوەی خەمسارد بووە و ترسی ئەوەشیان هەبووە نهێنی و کارە تێکدەرەکانیان کەوتبێتە دەست ئاسایشی هەرێمی کوردستان".
 
یەکێکی دیکە لە سزادراوان بەناوی هاریوان باس لەوە دەکات، بەشداریی هیچ خۆپێشاندانێکی نەکردووە و دەشڵێت "من لە راگەیاندن کار ناکەم". هەر لە دانپێدانانەکەیدا هاریوان ئاماژە بەوە دەکات، پەیوەندی لەگەڵ کادیری پەکەکە بەناوی "هێلان چیا" هەبووە. 

لەناوەڕاستی ساڵی رابردوو ئەو رۆژنامەنووس و چالاكوانانە لەناوچەی بادینان دەستگیركران كە هەر لەو كاتەشدا دەستگیركردنیان كاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، مانگی رابردووش دادگای تاوانەكانی دووی هەولێر سزای شەش بەتۆمەتی "سیخوڕیكردن" سزای شەش ساڵ زیندانی بەسەردا سەپاندن و بڕیارە رەوانەی دادگای پێداچونەوەی هەرێم كرا.

ئەو بڕیارەش دیسان كاردانەوەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لێكەوتەوە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، ئەوە دوا بڕیار نییە و چاوەڕێی بڕیاری دادگای پێداچوونەوەن، هەروەها كونسوڵخانەی ئەمەریكا ئەو دەستگیركراوانەی بە رۆژنامەنووس ناوبرد و رایگەیاند كە لەگەڵ ئازادی رادەربڕینن.

هەر لەو چوارچێوەیەدا و لەڕۆژی دادگایكردندا، شێروان شێروانی، رۆژنامەنووس و چالاكوانی مەدەنی لەناو هۆڵی دادگاییەكەدا رایگەیاندبوو، لەژێر فشاری هەڕەشەكردنی خێزانی دانپێدانانی پێكراوە.





PM:06:02:04/03/2021


ئه‌م بابه‌ته 5592 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو