لە 721 ملیار دینار، تەنیا نیو ملیار گەڕێندراوەتەوە


وێستگه‌ نیوز-
هه‌رچه‌نده‌ ده‌بوو له‌ ماوه‌ى شه‌ش مانگدا، ئه‌و بازرگان و وه‌به‌رهێنه‌رانه‌ى ‌ قه‌رزارى حكومه‌تن قه‌رزه‌كانیان بگه‌ڕێنه‌وه‌، به‌ڵام دواى تێه‌ڕبوونى ئه‌و ماوه‌یه،‌ لە کۆی 721 ملیار دینار، ته‌نیا نیو ملیار دینار گه‌ڕێندراوەتەوە.

ئه‌و كۆمپانیا وه‌به‌رهێنه‌رانه‌ى قه‌رزارى حكومه‌تی هەرێمی کوردستانن، پێویست بوو له‌ دواى شه‌ش مانگ له‌ جێبه‌جێكردنى یاساى چاكسازى قه‌رزه‌كانیان بگه‌ڕێننه‌وه‌ بۆ حكومه‌ت، به‌ڵام دواى ته‌وابوونى وادەكه‌، كۆمپانیاكان پابه‌ند نه‌بوون به‌ دانه‌وه‌ى قه‌رزه‌كانیان.

به‌پێى مادده‌ى 13 و بڕگه‌ى سێیه‌مى یاسای چاكسازى، پێویسته‌ وه‌زاره‌تى دارایى و ئابوورى رێككارى یاسایى پێویست بگرێته‌به‌ر بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ى قه‌رزه‌ بازرگانییه‌كان و، پێداچوونه‌وه‌ به‌و موڵك و ماڵانه‌ بكرێت کە وه‌ك گه‌ره‌نتى بۆ دانه‌وه‌ى قەرزەکان دانراون‌.

حكومه‌تى هه‌رێمی کوردستان بڕى 721 ملیار دینار قه‌رزى داوه‌ته‌ بازرگان و وه‌به‌رهێنه‌ران و به‌ڵێنده‌ران به‌شێوه‌ى قه‌رزى مه‌كشوف و خصم "كۆمپیاله‌" و قه‌رزى نه‌قدى، ئه‌وانه‌شى سوودمه‌ند بوون دوو هه‌زار و 774 كه‌سن؛ قه‌رزه‌كانیش له‌سه‌ر ئاستى پارێزگاكان به‌مشێوه‌یه‌ دابه‌ش بووه‌:

- 447 ملیار دینار له‌ هه‌ولێر وه‌رگیراوه‌ به‌ سووى 11%.

- 267 ملیار له‌ سلێمانى وه‌گیراوه‌ به‌ سووى 3% بۆ 8% به‌ شێوه‌ى قه‌رزى نه‌قدى.

- حه‌وت ملیار دینار له‌ دهۆك وه‌رگیراوه‌ به‌ سووى 11%.

 قەرزەكه‌ى حكومەت لە بنەڕەتەوە بە مەبەستی پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بووە بە هاووڵاتیان، زۆرترین بڕی قەرزەكە سەرمایەدارێكی هەولێر کردوویەتی و بڕەكەی (240 ملیار) دیناره‌.

به‌پێى یاسا ده‌بوو له‌ دواى ته‌وابوونى ماوه‌كه‌، رێككارى یاسایى به‌پێى یاسای ژماره‌ (56)ى ساڵى (1977) و یاساى ژماره‌ (45)ى ساڵى (1980) گیرابووایه‌‌به‌ر، به‌مه‌به‌ستى فرۆشتنى ئه‌و موڵكانه‌ى ره‌هنكراون به‌رامبه‌ر قه‌رزه‌كان، به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا حكومه‌ت نه‌یتوانیوه‌ ئه‌و رێككاره‌ یاسایه‌ بگرێته‌به‌ر‌.

بەپێی زانیارییەكان به‌شێكى هۆكارى نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ى ئه‌و قه‌رزانه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، زۆرێك لەوانەی قەرزەكانیان لە حكومەت وەرگرتووە، موڵكه‌كانیان بە خەڵكى تر فرۆشتووەتەوە كە وەكو بارمتە لای حكومەت دایانناوە، هەندێك لەوانە یەكەی نیشتەجێبوونی خەڵكیان وەكو بارمتە داناوە.

سەرباری ئەمە، هەندێك لەوانەی قەرزەكەیان وەرگرتووە، بەهای ئەو موڵكانەی كە وەكو بارمتە لای حكومەت دایانناوە كەمترە لە بڕی ئەو قەرزەی كە وەریانگرتووە.

بەپێی  راپۆرتێكى ده‌سته‌ى دەستپاکی هه‌رێمى كوردستان، له‌ ماوه‌ى شه‌ش مانگدا له‌ كۆى 721 ملیار دینارى قه‌رزى حكومه‌ت له‌سه‌ر سه‌رمایه‌دار و وه‌به‌رهێنه‌ران ته‌نیا 500 ملیۆن دینار گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌.


PM:09:57:26/02/2021


ئه‌م بابه‌ته 2944 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو