دواین زانیاری لەبارەی پشکی هەرێم لەپڕۆژەیاسای بودجەدا دەخرێتەڕو


وێستگەنیوز-

ئەندامێکی شاندی دانوستانکاری هەرێم رایگەیاند، دوای چەندینجار کۆبوونەوە و سەردانی شاندی هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی بۆ بەغدا و گفتوگۆکردن لەگەڵ لایەنەکان لەبارەی جێگیرکردنی پشکی هەرێم لەپڕۆژەیاسای بودجەدا، لەئێستادا چاوەڕێن بژاردەی نوێی لایەنەکان لەلیژنەی دارایی بنوسرێتەوە و بەرەزامەندی هەرێم دەنگی لەسەربدرێت، بەپێچەوانەشەوە ئەو دەقەی حکومەتی عێراق رەوانەی کردوە تاکە بژاردەی پەرلەمانە و هەولێر و بەغدا لەبارەیەوە رێککەوتوون.

سەمیر هەورامی، وتەبێژی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم بە کەناڵی گەلی کوردستانی راگەیاند، لەدواین سەردانی شاندی هەرێم بۆ بەغدا گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان کراوە و تەواوی داتاکانی پەیوەست بە خەرجییەکان و داهاتی نەوت و ژمارەی موچەخۆران رادەستی حکومەتی عێراق کراون، بۆیە لەئێستادا چاوەڕێ دەکەن رەشنوی دووەم لەلایەن لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئامادەبکرێت کە رەنگدانەوەی خواستی لایەنە سیاسییەکانیشە و لەکۆبوونەوەکاندا گفتوگۆیان لەگەڵ کراوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، تائێستا پێشنیازی دووەم ئامادە نەکراوە و پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021 رەوانەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کراوە بەبێ ئەوەی پشکی هەرێم یەکلایی بکرێتەوە، بۆیە چاوەڕێ دەکەن  لیژنەی دارایی  رەشنوی هەردوو برگەی 10 و 11ی پڕۆژەی بودجە ئامادە بکات کەتایبەتە بە پشکی هەرێم  و دواتریش کۆی پڕۆژەکە لەپەرلەمان دەنگی لەسەر دەدرێت.

وتەبێژی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەشی خستەڕو، لەدواین سەردانیاندا بۆ بەغدا بۆ لایەنەکانیان رونکردوەتەوە کە ئەوان پابەندی دەستور و رێککەوتنەکان دەبن و ئەو لێدوانانەش کەباس لەوە دەکەن پشکی هەرێمی کوردستان لەسەر حسابی پارێزگای بەسڕە و شارەکانی دیکەی عێراق رەوانەدەکرێن، هیچ بنەمایەکیان نیەو هەرێم ئامادەیی دەربڕیوە لەبەرامبەردا داهاتی نەوت و داهاتی خاڵە سنورییەکان رادەستی بەغدا بکات.

14ی ئەم مانگە بە‌مە‌بە‌ستی درێژەپێدان بە‌گفتوگۆكان لە‌گە‌ڵ لیژنە‌ی دارایی پە‌رلە‌مان و كوتلە‌ و لایە‌نە‌ سیاسییە‌كانی عێراق، سە‌بارە‌ت بە‌ پڕۆژە‌ یاسای بودجە‌ی 2021ی عێراق و پە‌سە‌ندكردنی ئە‌و بڕگانە‌ی كە‌ پە‌یوە‌ستن بە‌ ھە‌رێمی كوردستان، رۆژی یەکشەممە شاندی باڵای حكومە‌تی ھە‌رێمی كوردستان بە‌سە‌رۆكایە‌تی قوباد تاڵە‌بانی بەرەو بەغدا بەڕێکەوت.


PM:10:03:25/02/2021


ئه‌م بابه‌ته 4268 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت