كونسوڵخانەی ئەمریكا بۆ رۆژنامه‌نوسان: شانبەشانتان دەوەستین تا بە بێ كۆتوبەند كارەكانتان بكەن


وێستگه‌ نیوز-
كونسڵخانەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە هەولیر رایده‌گه‌یه‌نێت، بەردەوام شانبەشانی رۆژنامەنوسان كاردەكەین بۆ دڵنیابووون لەوەی بتوانن بە بێ كۆتووبەند یاخود ترس لە تۆڵەلێسەندنەوە، كارەكانیان بكەن.

بەیانی ئەمرۆ سێشەممە 23ی شوباتی 202، لە كاتی كردنەوەی خولێك لە چوارچێوەی پرۆگرامی راهێنانی رۆژنامەنوسی پێكهاتەكان، كە لە شاری سلێمانی بەرێوەدەچێت، (ئێرن شیمەڵ) سەرۆكی بەشی كاروباری گشتی لە كونسڵخانەی گشتی ئەمریكا لە هەولێر، رایگەیاند ئەم راهێنانە نمونەیەكی ترە لە نیشاندانی پابەندییەكانمان بەرامبەر پێكهاتەكان و مافەكانیان هەروەها پابەندبوونی بێ چەندووچوومان بۆ رۆژنامەنوسان و راگەیاندنی ئازاد.

شیمەل ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد " كونسڵخانەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە هەوڵیر بەردەوام شانبەشانی رۆژنامەنوسان كاردەكەین بۆ دڵنیابوون لەوەی كە بتوانن بە بێ كۆتووبەند یاخود ترس لە تۆڵەلێسەندنەوە، كارەكانیان بكەن".

ئەسعەد عەلی، بەناوی هەردوو رێكخراوی CDO و سەنتەری METRO رایگه‌یاند، ئیدارەدانی فرەیی دینی و نەتەوەیی لە كۆمەڵگاكانی رۆژهەوڵاتی ناوەراست بووە بە تەحەدا ی گەورەو ئەركێكی قورس و رونیكرده‌وه‌ " پێویستمان بە هۆشیارییە بۆ زانین گرنگی فرە رەنگی لە كۆمەڵگاكانمان و تەماشاكردنی وەك فاكتەری هێز بۆ كۆمەڵگاكانمان".

پرۆگرامی راهێنانی رۆژنامەنوسانی پێكهاتەكان، وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا پشتیوانی دەكات،  تا ئێستا راهێنان بە رۆژنامەنوسانی( هەولێر، دهۆك، سلێمانی) لائەنجام دراوە، ئەمرۆش راهێنانی رۆژنامەنوسانی كەركوك و گەرمیان دەستپێكرد، بریارە هەفتەی داهاتوو خولی رۆژنامەنوسانی نەینەوا لە شاری هەولێر بەرێوەبچێت.

خولەكان بۆ رۆژنامەنوسانی پێكهاتەكان وەك ( كاكەیی، ئێزیدی، زەردەشتی، كلد و ئاشور- سریانی، بەهائیی، توركومانی، شەركەسی، ئەرمەنی، شەبەك، جو و صابئی)، تەرخان كراوە.

ئامانج لە خولەكە بۆ بنیاتنانی توانستی بەشداربوانە لە بواری راپۆرت نوسین و چاودێریكردنی پێشێلكاری مافی مرۆڤ و رۆژنامەنوسی بنكۆڵكاری، لێكۆڵینەوە لە كەیسەكانیان، دیاریكردنی مافی پێكهاتەكان بە یاساكانی عێراق و هەرێمی كوردستان و پێوەرە نێودەوڵەتییەكان.

سەنتەری میترۆ و رێكخراوی CDO، بەردەوام دەبێت بۆ پشتیوانی رۆژنامەنوسان و بەرزكردنەوەی توناكانیان .

رێكخراوی گەشپێدانی مەدەنییەت CDO، رێكخراوێكی ناحكومی قازانج نەویستە ساڵی 1999 لە هەرێمی كوردستان دامەزراوە، لە فەرمانگەی رێكخراوە ناحكومییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی ئیتحادی تۆمار كراوە، كار دەكات بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی هۆشیاری تاك و رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی بە پرنسیپەكانی دیموكراسیەت و مافی مرۆڤ و ئاشتی ئازادی رۆژنامەنوسی، بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، بەشداری ژنان لە بواری سیاسی، پێشكەشكردنی یارمەتی یاسایی و چاودێری هەڵبژاردن.

سەنتەری میترۆ لە ئابی 2009 بە هەوڵی كۆمەڵێك رۆژنامەنوس و بەرگریكاری مافی مرۆڤەوە، بە هاوكاری رێكخراوی پەیمانگای رۆژنامەنوسانی جەنگ‌و ئاشتی دامەزاروە، بە ئامانجی چاودێری رەوشی ئازادی رۆژنامەنوسی لە هەرێمی كوردستانی عێراق، مۆڵەتی رەسمی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان وەرگرتووە.

میترۆ لەسەرەتای دامەزراندنیەوە هەریەك لە رێكخراوەكانی پەیمانگای رۆژنامەنوسانی جەنگ‌و ئاشتی (IWPR) و رێكخراوی گەلی نەرویژی (NPA) و پاڵپشتی میدیای نێودەوڵەتی (IMS)، رێكخراوی (Internews) ی ئەمریكی، پاڵپشتی كردوە.


PM:12:35:23/02/2021


































ئه‌م بابه‌ته 3988 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو