ئه‌نوه‌ر قه‌ره‌داغى، سەرگوزشتەی هونەرمەندێکی نەتەوەیی

‌ئه‌نوه‌ر قه‌ره‌داغى 55 ساڵە ناوێکی دیاری ناو هونەری مۆسیقای کوردییە


وێستگە نیوز- مه‌زهه‌ر كه‌ریم

هونه‌رمه‌ند ئه‌نوه‌ر محەمه‌د قه‌ره‌داغى، كه‌ نیو سه‌ده‌یه‌ سه‌رقاڵى كارى دانانى مۆسیقاو ئاوازو گۆرانى كوردییه‌، لەدیدارێکیدا لەگەڵ وێستگه‌ نیوز رایدەگەیەنێت، "له‌ئێستادا له‌گه‌ڵ گروپى كیژانى سلێمانى كارده‌كه‌م تا هانیان بده‌م و ده‌مانه‌وێت چه‌ند كۆنسێرتێك ئه‌نجام بده‌ین"، داواش دەکات گەنجان خۆیان سەرقاڵی ئەو بابەتانە بکەن کەله ‌پاشه‌ڕۆژدا سوودمه‌ند بێت بۆ خۆیان و کۆمەڵگاکەیان.

وێستگه نیوز‌: له‌ ناو خێزان و كه‌شێكی ئایینیدا چۆن ڕووتكرده‌ دنیای مۆسیقا و كاردانه‌وه‌ی گه‌وره‌كانی بنه‌ماڵه‌كات چۆن بوو له‌و سه‌رده‌مه‌دا؟

ئه‌نوه‌ر قه‌ره‌داغی: خێزانه‌كه‌مان ڕۆشنبیربوون، له‌به‌رئه‌وه‌ زۆر هانده‌رم بوون، به‌تایبه‌ت براگه‌وره‌كه‌م ده‌ستی ده‌گرتم‌ و هاوكاری ده‌كردم، هونه‌ری موسیقاش، وه‌ك هه‌رشتێكی دیكه‌ له‌دونیادا چاك‌و خراپیشی هه‌یه‌ بۆیه‌، ئه‌گه‌ر لایه‌نه‌ باشه‌كه‌ی بگریت خواش پیخۆشه‌ منیش ئه‌وه‌م كردوه‌.

وێستگه نیوز‌: شێوازی فێركردنی موزیك له‌ سه‌رده‌می ئێوه‌دا چۆن بوو و ئه‌گه‌ر ده‌كرێت باسی ئه‌زموونی فێربوونی خۆتمان بۆ بكه‌؟

ئه‌نوه‌ر قه‌ره‌داغی: سه‌رده‌می ئێمه‌ ئامێره‌كانی مۆسیقا به‌م شێوه‌ی ئێستا نه‌بوو، ئه‌وكات كه‌منداڵبوم له‌قوتابخانه‌ی دووه‌می هه‌ڵه‌بجه‌بووم، وه‌ك چالاكی به‌یانیان قوتابیان له‌ریزه‌كان ده‌هێنایه‌ده‌ره‌وه‌ سروودیان پێده‌وتین، كاتێك له‌ حه‌وشه‌ی قوتابخانه‌ ڕیزیان ده‌كرین، منیش یه‌كێك بووم له‌و گروپی سرووده‌، به‌ڵام كه‌ گوازراینه‌وه‌ بۆ سلێمانی، چومه‌ قوتابخانه‌ی فەیسه‌ڵیه‌، ڕۆژانی پێنج شه‌ممه‌ سروودیان پێده‌وتم، كه‌ ده‌نگم خۆش بوو به‌و شێوه‌یه‌ هەستێکی هونه‌ریم بۆ دروست بوو كاتێكیش چومه‌ خانه‌ی مامۆستایان، له‌قوتابخانه‌كان وانه‌ی هونه‌رم ده‌وته‌وه‌.

وێستگه نیوز‌: تۆ كاتێك ڕووت كرده‌ دنیای هونه‌ر و مۆسیقا زۆربه‌ی گه‌نجه‌كانی دیکەی سه‌رقاڵی ژیانی گه‌نجانه‌ی خۆیان بوون، ئایا تۆ هه‌ست ده‌كه‌یت به‌هۆی موزیكه‌وه‌ له‌ دنیا و ژیانی گه‌نجێتی بێبه‌ش بووبیت؟

ئه‌نوه‌ر قه‌ره‌داغی: بڕواناكه‌م چونكه‌ مۆزیقاش یه‌كێكه‌ له‌و شته‌جوانانه‌ی ڕێزێكی تایبه‌تی لێوه‌رده‌گریت، به‌داخه‌وه‌ گه‌نجی ئێستا، خۆیان مه‌شغوڵ ناكه‌ن به‌كارێكه‌وه‌ كه‌وا له‌پاشه‌ڕۆژدا سوودمه‌ند بێت بۆ خۆیان‌و كۆمه‌ڵگاكه‌یان، من هه‌رگیز ئه‌وه‌م نه‌بوه‌ بچمه‌ چایخانه‌یه‌ك چاك بخۆم‌و ئه‌زنیف‌و تاوڵه‌و دۆمینه‌ بكه‌م.

وێستگه نیوز‌: چیرۆكی یه‌كه‌م ده‌ركه‌وتن له‌ ته‌له‌فزیۆن و سه‌ر شانۆ چۆن بوو و چ هه‌ستێكت هه‌بوو كاتێ خه‌ڵك ده‌یانبینیت و ده‌یانناسیته‌وه‌؟

ئه‌نوه‌ر قه‌ره‌داغی:  بۆیه‌كه‌مجار له‌سه‌ر ته‌له‌فزیۆن ده‌ركه‌وتم 55  ساڵ پێش ئێستا بوو، وه‌فدێك له‌شاری به‌غداوه‌ هاتن، چالاكی ئێمه‌یان ته‌سویركرد، له‌ته‌له‌فزیۆنی كه‌ركوك پیشانیاندا، به‌ڕاستی دڵم خۆش بوو ده‌یان كه‌س پێیان وتم ده‌ركه‌وتوی له‌ته‌له‌فزیۆن پێمان خۆشه‌. 

وێستگه‌ نیوز: له‌نێوان گروپه‌ هونه‌رییه‌كاندا هه‌میشه‌ ململانێ هه‌بووه‌ له‌سه‌ر داهێنان و كاری جوان، تۆ له‌و رۆژگاره‌دا له‌ كوێی ململانێكاندا بوویت؟

ئه‌نوه‌ر قه‌ره‌داغی: ململانێ‌ بۆ ملشكاندنی یه‌كترنه‌بووه‌ كه‌كراوه‌، حه‌زمانكردووه‌ تیپی مۆزیقای سلێمانی باشترین به‌رهه‌م پێشكه‌ش بكه‌ین كه‌وا خه‌ڵك ده‌ستخۆشیمان لێبكات، تیپه‌كه‌مان ده‌نگی هه‌بوو له‌به‌غدا له‌ كه‌ركوك له‌شاره‌كانی دیكه‌ی كوردستان له‌به‌رئه‌وه‌ ئه‌وه‌نده‌ی باسی ململانێ‌ ده‌كرێت، ئێمه‌ ئه‌وانه‌مان له‌مێشكی خۆماندا جێگیر نه‌كردبوو منافه‌سه‌ی گروپه‌كانی دیكه‌ بكه‌ین، بڕوامان وابوو ده‌بێت مۆسیقای كوردی جێگه‌ی خۆی بكاته‌وه‌ له‌ناو مۆسیقای عێراقیدا ده‌ربكه‌ێت.

وێستگه نیوز‌: ده‌گوترا له‌گه‌ڵ دڵشادی كه‌مانچه‌كه‌ی دهۆك ململانێتان هه‌یه‌ و نێوانتان باش نه‌بووه‌ ئه‌مه‌ تا چه‌ند ڕاسته‌؟

ئه‌نوه‌ر قه‌ره‌داغی:  ئه‌وه‌ درۆیه‌و قسه‌ی هه‌له‌ق‌و مه‌له‌قی ئه‌م‌و ئه‌وه‌، ئه‌گه‌رنا دڵشاد منداڵ بووه‌، من هاوكاریم كردوه‌، هه‌تا خۆی چه‌ندینجار باسی كردوه‌، له‌بۆنه‌و مناسه‌باته‌كاندا، كه‌مانه‌كه‌ی خۆمم داوه‌تێ‌ حه‌زفی پێكردوه‌، دواتر هاته‌ ناو دونیای هونه‌ره‌وه‌و ده‌هاته‌ سلێمانی ده‌هاته‌ ماڵی ئێمه‌ منیش ده‌چومه‌ دهۆك سه‌ردانم ده‌كرد، هه‌تا له‌و دوایانه‌شدا چومه‌ نه‌مسا سه‌ردانم كرد.

وێستگه نیوز‌: هیچ كاتێ ڕوویداوه‌ به‌هۆی پڕۆڤه‌كردنه‌وه‌ له‌ ماڵه‌وه‌ لێت توڕه‌بووبن یان بێزار بووبن؟

ئه‌نوه‌ر قه‌ره‌داغی: قه‌ت شتی وه‌ها نەبووە به‌هۆی پڕۆڤه‌كردنه‌وه‌ ماڵه‌وه‌ بێزاربووبن، جار هه‌بوه‌ دوایی پارشێوانی ڕه‌مه‌زان ته‌مرینم ده‌كرد له‌ماڵه‌وه‌، چه‌ند خوشك‌و برایه‌كم پێیان ده‌وتم توزیك ده‌نگی ئامێره‌كان با ئه‌وه‌نده‌ به‌رز نه‌بێت، كاكم ده‌یوت وازی لێبهێنن بۆخۆی چی ده‌كات با بیكات.

وێستگه نیوز‌: ده‌ڵێن له‌ پشت هه‌ر داهێنه‌رێكی مه‌زنه‌وه‌ ژنێكی مه‌زن ڕاوه‌ستاوه‌... ئایا له‌ پشت تۆیشه‌وه‌ ژنێك هه‌یه‌؟

ئه‌نوه‌ر قه‌ره‌داغی:  به‌دڵنیایه‌وه‌ هاوسه‌ره‌كه‌م هه‌موو مه‌جالێكی بۆ فه‌راهه‌م كردووم، من لێره‌وه‌ زۆر زۆر سوپاسی ده‌كه‌م، هه‌میشه‌ وتومه‌ ئێستاش ده‌یڵێمه‌وه‌ ئه‌و نه‌بووایه‌ من نه‌م ئەتوانی ئه‌و هه‌مووه‌ به‌رده‌وام بم له‌كاری هونه‌ری.

وێستگه نیوز‌: كاتێك ته‌واو هه‌ست به‌ ماندوێتی و ته‌نیایی ده‌كه‌یت گوێ له‌ چ گۆرانیبێژێكی كورد ده‌گریت؟

ئه‌نوه‌ر قه‌ره‌داغی:  گوێ‌ له‌هیچ ناگرم به‌ڕاستی ده‌مه‌وێت له‌گه‌ڵ مێشكی خۆمدا هاوڕێ‌ بم.

وێستگه‌ نیوز: به‌م دواییانه‌ زیاتر گرنگیت به‌ گروپی كیژان ده‌دا، سه‌رنجت چییه‌ له‌سه‌ر به‌هره‌ی ئه‌و خانمانه‌؟

ئه‌نوه‌ر قه‌ره‌داغی:  ئێمه‌ ژماره‌یه‌كی زۆر كچانمان هه‌بوو كه‌له‌په‌یمانگای هونه‌رجوانه‌كان ده‌رده‌چون ده‌چون ده‌بوون به‌ فه‌رمانبه‌ر، دوور له‌دونیای هونه‌ره‌كه‌یان منش ده‌مویست هاوكاریان بم له‌ مه‌جاله‌كه‌ی خۆیاندا كاربكه‌ن، قسه‌م له‌گه‌ڵ كردن، تا گروپێك دروستبكه‌ن، له‌ساڵی 2003وه‌ تائێستا ئه‌و گروپه‌ به‌رده‌وامه‌، به‌نیازبوین به‌م نزیكانه‌ كۆنسێرتێك ئه‌نجام بده‌ین به‌هۆی ڤایرۆسی كرۆناوه‌ دوامانخستوه‌.

وێستگه نیوز‌: ئه‌گه‌ر ته‌مه‌نت بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ڕابردوو چ كارێك دووباره‌ ناكه‌یته‌وه‌ و لێی په‌شیمانیت؟

ئه‌نوه‌ر قه‌ره‌داغی: من هه‌ركارێكم كردوه‌ له‌سه‌رده‌می خۆمدا، قه‌ت نه‌مویسته‌وه‌ كارێك بكه‌م زیان به‌كۆمه‌ڵگاكه‌م بگه‌یه‌نم، بۆیه‌ له‌كاره‌كانم په‌شیمان نیم.

وێستگه نیوز‌: وه‌ك تۆ ئاگادار بیت كاك ئه‌سعه‌دی برات بۆچی له‌ هونه‌ر دابڕا و ئایا تۆ هه‌وڵت له‌گه‌ڵ نه‌دا به‌رده‌وام بێت؟

ئه‌نوه‌ر قه‌ره‌داغی:  ئه‌سعه‌دی برام هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و له‌بواری هونه‌ریدا كاری ده‌كرد له‌گه‌ڵماندا، به‌ڵام زیاتر حه‌زوو ئاره‌زووی، له‌گه‌ڵ نوسیندا بوو، چه‌ندین كتێبی له‌سه‌ر بوارەکەی خۆی نوسیوه‌، كه‌ كیمیایه‌، هه‌روه‌ها له‌سه‌ر مۆسیقا نوسینی هه‌یه‌ كه‌بۆته‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی باش له‌زانكۆكانی ڕۆژهه‌ڵات‌و سوودی لێوه‌رده‌گرن.

هـ.هـ


AM:11:05:07/02/2021


ئه‌م بابه‌ته 8908 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت