هۆشداری بە ئافرەتانی دووگیان دەدرێت لە ئەگەری توشبوونیان بە کۆرۆنا


وێستگەنیوز- هێڤار هیوا
لێکۆڵینەوەیەک ئاشکرایکردووە، توشبوونی ئافرەتانی دووگیان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا مەترسییەکی زۆر دروست دەکات بۆ سەر تەندروستی دایکەکە، ئەگەری لە دایک بوونی پێشوەختە و جەڵدە و چەند مەترسییەکی دیکەی هەیە.

بەپێی راپۆرتێکی ماڵپەری وێب مێدی تایبەت بە تەندروستی، لێکۆڵینەوەیەک ئاشکرایکردووە، ئافرەتانی دووگیان ئەگەر ئاگادار نەبن و توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا ببن، ژیانیان دەکەوێتە مەترسییەکی جدیەوە. 

لە لێکۆڵینەوەکەدا کە پشکنینی خوێن بۆ زیاتر لە 400 هەزار ئافرەتی دووگیان کراوە، دەرکەوتووە سەرجەمیان تەندروستی خۆیان و کۆرپەلەکانیان باشبووە، جگە لە شەش هەزار و 400 دانە کە هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون. 

بەپێی وتەی لێکۆڵەران، هەموو ئەو ئافرەتانەی کە توشبووی ڤایرۆسەکە بوون، پێویستیان بە چاودێری چڕی پزیشکی و ئامێری هەناسەدانی دەستکرد هەبووە. 

یەکێک لە پزیشکەکان بە ناوی کارۆلا گرینگ، مامۆستا لە زانکۆی برینگهام لە ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەڵێت، زۆربەی ئەو ئافرەتە دووگیانانەی کە توشی ڤایرۆسەکە بوون، روبەرووی کێشەی زوو لە دایک بوونی منداڵ، جەڵدەی دڵ و هەناسەتوندی مەترسیدار بوونەتەوە، لە هەندێک حاڵەتیشدا، مردنی کەسەکەی بە دوادا هاتووە.

لە کۆتاییدا ئەو پزیشکە جەختیشی کردۆتەوە، دایکان و ئافرەتانی دووگیان پێویستە چەند هێندەی خەڵکی ئاسایی پارێزگاری لە خۆیان بکەن، پابەندبن بە رێکارە خۆپارێزییەکانەوە. 

ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سەرەتای ساڵی 2020، لە هەموو جیهاندا بڵاوبۆوە، یەکێکە لە ڤایرۆسە گوازراوەکان، هەرچەندە زۆرێک لەو کەسانەی توشبوون دواتر چاکبونەتەوە، بەڵام هەندێک جار مەترسی لەسەر ژیانی کەسەکە دروست دەکات و لە زۆر حاڵەتدا دەمرێت، لە نیشانە دیارەکانشی، (لەرز و تا، هەناسەتوندی، نەمانی هەستی تام و بۆن کردن). 

هەتا ئێستا 24 ملیۆن و 512 هەزار و 618 کەس توشبوون، لە بەرامبەردا 408 هەزار و 697 کەس بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لە دەست داوە.


PM:03:15:23/01/2021


ئه‌م بابه‌ته 7592 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو