كچه‌ 15 ساڵه‌كه‌ی‌ هه‌ولێر له‌سلێمانی‌ دۆزرایه‌وه‌

‌"لەسەر دابەزاندنی کێشی لەشم بووە دەمەقاڵێمان، ئەوان پێیان دەگوتم کێشت دامەبەزێنە"


وێستگه‌ نیوز- 

هێژینی 15 ساڵان دوای گفتوگۆی لەگەڵ خێزانەکەی لەبارەی دابەزاندنی کێشی لەشی دەبێت بە دەمەقاڵێیان و بەرەبەیانی رۆژی هەینی لەماڵ دەچێتە دەرەوە، دوای نزیکەی 24 کاژێریش لە مزگەوتێکی سلێمانی دەدۆزرێتەوە. 
 
(م. ع) باوکی هێژین بە تۆڕی میدیایی رووداوی ریگەیاند، دوای بڵاوکردنەوەی هەواڵەکەی رووداو، ئاسایشی سلێمانی پەیوەندییان پێوە کردووە و پێیان گوتووە، کچەکەیان لەلای ئەوانە. 
 
هێژین چیرۆکی رۆیشتنی لە ماڵ  گێڕایەوە، کە هاوشێوەی گوتەکانی باوکی بوون و گوتی "لەسەر دابەزاندنی کێشی لەشم بووە دەمەقاڵێمان، ئەوان پێیان دەگوتم کێشت دامەبەزێنە. منیش بڕیارمدا لە ماڵ بچمەدەرەوە و ئەو شەوە لە مزگەوتێکی هەولێر مامەوە". 
 
هێژین ئاماژەی بەوەشکرد، کاتێک رۆژ بووەتەوە بە پاس چووەتە سلێمانی و لەوێش لە مزگەوت ماوەتەوە، بەڵام ناوی مزگەوتەکانی بیر نەبوو. شەوی رابردووش کاتێک پۆرتاڵی رووداو هەواڵەکەی بڵاوکردەوە و باوکی هێژین و گوتەبێژی پۆلیسی هەولێرش قسەیان لەبارەی رووداوەکە کرد، مجێوری ئەو مزگەوتەی سلێمانی کە هێژینی لێبووە، پەیوەندی بە ئاسایشەوە کردووە و کچەکەیان بردووەتە ئاسایشی گشتیی سلێمانی.
 
ئاسایشی گشتیی سلێمانی لە رێگەی رووداوەوە ژمارەی باوکی ئەو کچەیان وەرگرتووە و هەواڵەکەیان پێداوە، باوکی هێژین گوتی، نزیکەی کاژێر 02:00ـی شەو بوو. هەر ئەوکات چووینە سلێمانی و هێنامانەوە بۆ هەولێر. 
 
ئاسایشی سلێمانی بەڵێننامەی پێ پڕکردوونەتەوە. لەبارەی تەندروستیی هێژین، باوکی گوتی، تەندروستیی زۆر باشە و "هیچ کێشەی نییە". 


AM:09:47:23/01/2021


ئه‌م بابه‌ته 36820 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت