ئه‌نجومه‌نی مۆستایانی ناڕازی: خوێندن بە بڕیاری شەرمنانەی بێ چارەسەر دەستپێ ناکرێتەوە


وێستگه‌ نیوزـ

ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی له‌سه‌ر ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی خوێندن راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند كه‌ دەسەڵاتداران بە پیلان "دەیانەوێت خوێندن و بڕوانامە بێنرخ و بێئەرزش بکەن، دەستپێکردنەوەی پرۆسەی خوێندن بە بڕیاری شەرمنانەی بێ چارەسەر ناکرێت، ڕێگەی دروستی دەستپێکردنەوەی خوێندنێکی ڕاستەقینە جێ بەجێکردنی داواڕەواکانی مامۆستایانە."

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ ده‌ڵێت ئەگەر بەرپرسان دەیانەوێت پرۆسەی پەروەردەیەکی راستەقینە و تەندروست دەستپێبکەنەوە، ئەوا پێویستە پێش هەر شتێکی دیکە، چارەسەری کێشەی موچەی مامۆستایان و فەرمانبەران بکەن.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتوه‌ " لە ئێستادا کە نرخی نەوت بەرزبووەتەوە و داهاتی ناوخۆ زیادیکردووە، هیچ بەهانەیەک بۆ لێبڕینی موچە و دابەشنەکردنی لە 30 رۆژدا نەماوەتەوە."
 
دەقی راگەیەنراوەکەی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی:

لای هەمووان ئاشکرایە مامۆستایان ماوەی شەش ساڵە لە خەباتێکی مەدەنی فراواندن دژی بێڕێزی و  ستەمکارییەکانی دەسەڵاتداران بەرامبەر  خوێندن و زانست و مافەسەرەتاییەکانی مامۆستایان و هاوڵاتیان.

لە ئێستاشدا کە بڕیارە کردنەوەی دەرگای ناوەندەکانی خوێندن بە دەسپێکردنەوەی دەوامی پۆلی دوانزە دەست پێ بکات بە پێویستی دەزانین هەڵوێستی خۆمان لە چەند خاڵێکدا بخەینە ڕوو.

1- دەستپێکردنەوەی پرۆسەی خوێندن بە بڕیاری شەرمنانەی بێ چارەسەر ناکرێ، ڕێگەی دروستی دەستپێکردنەوەی خوێندنێکی ڕاستەقینە جێ بەجێکردنی داواڕەواکانی مامۆستایانە.

2-ئەوەی خوێندنی پەک خستووە ڤایرۆسی کۆرۆنا نەبووە و نییە، هۆکاری یەکەمی پەککەوتنی پرۆسەی خوێندن نەتوانی و نەشارەزایی و لێنەهاتوویی بەرپرسانی حکومەت و وەزارەتی پەروەردەیە لە بەڕێوەبردن و چارەسەرکردنی کێشەکانی پەروەردە و مامۆستایان.

3- ئەگەر بەرپرسان دەیانەوێ پرۆسەی پەروەردەیەکی ڕاستەقینەو تەندروست دەستپێبکەنەوە، پێویستە پێش هیچ ئەگەر و چارەسەرێک چارەسەری کێشەی مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەران بکەن.

4- لە ئێستادا کەنرخی نەوت بەرزبۆتەوە و داهاتی ناوخۆ زیادی کردووە هیچ بەهانەیەک نەماوەتەوە بۆ لێبڕینی مووچە و دابەشنەکردنی لە 30 ڕۆژدا.

5- دەسەڵاتداران بە پیلان دەیانەوێ خوێندن و بڕوانامە بێنرخ و بێئەرزش بکەن و دەیانەوێ بەتەواوی پرۆسەی خوێندن پەک بخەن ، بۆیە زۆر خەمساردانە مامەڵە لەگەڵ مافەکانی مامۆستایاندا دەکەن.

لەکۆتاییدا ڕای دەگەیەنین ئێمە لە ژێر هیچ فشار و زەبر و زەنگێکدا بێدەنگ نەبووین و بێدەنگ نابین و هەموو ڕێگەیەک دەگرێن بۆ بەدیهێنانی مافە ڕەواکانمان وە لێرەوە بە بەرپرسانی پەروەردە و حکومەت دەڵێن هەر پێشهاتێک بۆ پرۆسەی پەروەردە و خوێندن بێتە پێش ئێوە لێی بەرپرسن.

هاوکات پێمانوایە بایکۆت پرۆسەیەکی خۆرسکانەی مامۆستایان بووە و ئێمە هەمیشە پشتیوانی هەموو هەڵوێست و ناڕەزایەتیەکانی مامۆستایان بووین و دەبین.

هیوادارین بەرپرسانی حکومەت و پەروەردە بەهەستی بەرپرسیارییەوە مامەڵە لەگەڵ کێشەکانی پەروەردە و ماف و داواکارییەکانی مامۆستایاندا بکەن  له پێناو پەکنەکەوتنی پرۆسەی خوێندن و گێرانەوەی شکۆ بۆ پەروەردە.


PM:11:57:15/01/2021


ئه‌م بابه‌ته 4824 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو