نه‌وه‌ی نوێ: ده‌نگۆی دواخستنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عیراق نا مه‌نتیقیه‌


وێستگه‌ نیوزـ

جوڵانەوەی نەوەی نوێ هه‌ڵوێستی خۆی له‌سه‌ر هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەمساڵ راگه‌یاند و دوپاتیكرده‌وه‌ كه‌ ئەوان لەگەڵ بەڕێوەچوونی پرۆسەکەن لە کاتی خۆیدا. 

له‌ سه‌روبه‌ندی بڵاوبونه‌وه‌ی ده‌نگۆی دواخستنی هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌ی عیراق، ئه‌مڕۆ هه‌ینی جوڵانه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ راگه‌یه‌نداوێكی بڵاوكرده‌وه‌ و تیایدا هاتوه‌ "جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردندایە لەوادەی دیاریکراوی خۆی کە شەشی مانگی حوزەیرانە، چونکە دیاریکردنی ئەو وادەیە و هەڵبژاردنی پێشوەختیش داواکاریی شەقامی ناڕازیی عێراق بووەو پێویستە ڕێز لەو خواستەی شەقام بگیرێت"

له‌ به‌شێكی دیكه‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا جوڵانه‌وه‌كه‌ ده‌ڵێت "دەنگوباسی دواخستن و ئەنجامنەدانی ئەو هەڵبژاردنە لەوادەی دیاریکراوی خۆیدا بە بیانووی جیاواز و لەژێر پاساوی نا مەنتقیدا دەدرێت بەگوێی گەلانی عراقدا."
 
دەقی راگەیەنراوەکەی جوڵانەوەی نەوەی نوێ:

لەگەڵ نزیکبوونەوە لە وادەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق، دەنگوباسی دواخستن و ئەنجامنەدانی ئەو هەڵبژاردنە لەوادەی دیاریکراوی خۆیدا بە بیانووی جیاواز و لەژێر پاساوی نا مەنتقیدا دەدرێت بەگوێی گەلانی عێراقدا.

جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردندایە لەوادەی دیاریکراوی خۆی کە شەشی مانگی حوزەیرانە، چونکە دیاریکردنی ئەو وادەیە و هەڵبژاردنی پێشوەختیش داواکاریی شەقامی ناڕازیی عێراق بووەو پێویستە ڕێز لەو خواستەی شەقام بگیرێت.

بەرامبەر ئەو هەوڵانەش بۆ. دواخستنی هەڵبژاردنی پێشوەختە کە بەشێکیان لە خراپی دۆخی جەماوەریی حزبە دەسەڵاتدارەکانەوە سەرچاوە دەگرێت و بەشێکیشیان پەیوەستە بە ترسی ئەوانەی پۆستە سیادیەکانی عێراقیان بەدەستەوەیە کە ناتوانن ئەو پۆستانە بەدەست بێننەوە، پێویستە هێزە ئازادیخوازەکان و هەر هێزێک کە خۆی بە نزیک لە ناڕەزایەتی و خواستە جەماوەریەکان دەزانێت دژی دواخستنی هەڵبژاردن بوەستێتەوە، چونکە پێمان وایە هەر وەک چۆن بڕیاری هەلبژاردنی پێشوەخت لەژێر فشاری خەڵک و لەسەر خواستی جەماوەر بووە، ئەوا دەبێ بۆ دواخستنیشی بۆچوونی جەماوەر وەربگیرێت کە ئاخۆ سوورن لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت یان بۆچونیان گۆڕیوەو لەگەڵ دواخستنیدان.

بڕوامان وایە لە هیچ دۆخێکدا ئەنجامدانی هەڵبژاردن زیانی نییە، بەپێچەوانەوە هەڵبژاردن ڕێگەیەکی دروست و یاساییە بۆ گۆڕانکاریی و بەرەو پێشەوە چوونی پرۆسەی سیاسیی و دیموکراسیی.
 
ئەنجومەنی سیاسیی
جوڵانەوەی نەوەی نوێ
15/1/2021


PM:09:20:15/01/2021


ئه‌م بابه‌ته 2736 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو