شرۆڤه‌كارێكی سیاسی: چاوه‌ڕوانی خۆپیشاندان و گرژیی ئه‌منی بۆ عیراق ده‌كرێت


وێستگه‌ نیوزـ

شرۆڤه‌كارێكی سیاسیی عیراق به‌دووری نازانێت گرژیی ئه‌منی و كێبڕكی گه‌وره‌ی سیاسی به‌هۆی سیاسه‌ته‌كانی حكومه‌تی مسته‌فا كامییه‌وه‌ سه‌رهه‌ڵبدات و ده‌ڵێت "چاكسازییه‌كانی كازمی ته‌نها مره‌كه‌بی سه‌ر كاغه‌زه‌".

سه‌لاح حه‌یده‌ری، شرۆڤه‌كاری سیاسیی عیراق پێی وایه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر حكومه‌تی مسته‌فا كازمی له‌سه‌ر ئه‌م سیاسه‌ته‌ی ئێستای به‌رده‌وام بێت، زیانێكی زۆر له‌ رووی ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تی به‌ هاوڵاتیان به‌تایبه‌ت خه‌ڵكی ناوچه‌كانی باشور ده‌گه‌یه‌نێت و دواجار وا ده‌كات حكومه‌ت نه‌مێنێ و له‌ ره‌گه‌وه‌ ریشه‌كێش بكرێت.

وتیشی كه‌ سیاسه‌تی ئێستای عیراق له‌وانه‌یه‌ ببێته‌هۆی دروستبونی كێشه‌ی گه‌وره‌ كه‌ وڵات به‌ره‌و نادیار ببات و دواجار لایه‌نی ده‌ره‌كی هه‌ژمونی به‌سه‌ر وڵاتدا زیاد ده‌بێت، چونكه‌ زۆربه‌ی وه‌زیرانی كابینه‌كه‌ی كازمی تینوی ده‌سه‌ڵاتن و ئه‌وه‌ش وا ده‌كات هه‌موو چاكسازییه‌كانی كازمی ببێته‌ مره‌كی وشكبوه‌وه‌ی سه‌ر كاغه‌ز و چاكسازی روو نه‌دات.

شرۆڤه‌كاره‌ سیاسییه‌كه‌ی عیراق به‌دوری نازانێت دووباره‌ ناڕه‌زایی جه‌ماوه‌ری سه‌رهه‌ڵبداته‌وه‌ و ئه‌مجاره‌ش پارێزگاكانی خۆرئاوای عیراق و ناوچه‌ سوننه‌كانیش بگرێته‌وه‌، ده‌شڵێت كه‌ به‌رزكردنه‌وه‌ی نرخی دۆلار و دابه‌زاندنی به‌های دینار و چاوپۆشیكردن له‌ هه‌ندێك لایه‌نی سیاسی له‌سه‌ر حسابی ئه‌وی دیكه‌، سه‌ره‌تای كاره‌ساتێكی نوێ ده‌بێت بۆ عیراق.


PM:05:31:15/01/2021


ئه‌م بابه‌ته 2800 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت