لەگەڵ دەستپێكردنەوەی خوێندن، داوا لەخێزان و قوتابخانەكان دەكرێت چەند رێنماییەك جێبەجێ بكەن


وێستگە نیوز-

توێژەرێكی كۆمەڵایەتی چەند رێنماییەك پێشكەشی خێزان و قوتابخانە و خوێندنگەكان دەكات بۆ ئەوەی لەگەڵ دەستپێكردنەوەی خوێندن پێشكەشی منداڵ و خوێندكارەكانی بكەن.
 
محەمەد گۆمەشینی، توێژەری كۆمەڵایەتی و راوێژكاری خێزانی بەوێستگە نیوزی راگەیاند، لەگەڵ دەستپێكردنەوەی قوتابخانە و خوێندنگەكان ئەركی ئیدارەی قوتابخانەكان و خێزانەكانە چەند رێنماییەك پێشكەشی منداڵ و خوێندكاران بكەن، چونكە دەستپێكردنەوەی خوێندن دوای دابڕانێكی زۆری مامۆستاو قوتابییە لەیەكترو پەككەوتنی پڕۆسەی خوێندن.

نابراو ئاماژەی بەوەكرد، لەم پڕۆسەیەدا خێزان چەند ئەركێكی لەسەرە ئەوانیش، ئامادەكردنی ژینگەیەكی گونجاو ئارام بۆ قوتابیەكان لەماڵەوە، هاندانی منداڵەكان بۆ خوێندن و دەربڕینی پاڵپشتی بۆیان، رێكخستنەوەی كتێب و پێداویستیەكانی تری قوتابخانە لەماڵ، رێكخستنەوەی خەوتن و بابەتی بەكارهێنانی ئامێرە ئەلكترۆنیەكان.

گۆمەشینی روونیكردەوە، ئەركەكانی قوتابخانەش دابینكردنی كەلوپەلی پێداویستی و پاككردنەوە و رێكاری تەندروستی، دانانی ستافی تایبەت بەچاودێری قوتابیان و هۆڵ و كۆڕو كۆبونەوەكان كە ئەوەیان ئەركی سەرەكی توێژەرانە، چونكە ئەوان ڕاهێنراون بەچۆنیەتی مامەڵە كردن لەگەڵ قوتابیان.

ئەو توێژەرە باسی لەوەكرد، پێویستە دوو ڕۆژی سەرەتای خوێندن دابین بكرێ بۆ توێژەران بۆ پێشكەشكردن و پێدانی ڕێنمایی و ڕاهێنانەوەی قوتابیان لەگەڵ خۆێندن و پۆل و كتێب، پێویستە ستافی مامۆستاو كارگێڕی بە شێوازێكی ئارام خۆیان ئامادەكەن بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ قوتابیان، چونكە ئەگەری پێكدادان و دروستبونی زۆری كێشە دەكرێ بەهۆی ئەو بارودۆخە دەرونیەی ساڵێكە بەهۆی كۆڕوناوە توشی قوتابیان بوە.

وەك محەمەد گۆمەشینی دەڵێت، بەشێوەیەكی بەرنامە داڕێژراو جگە لە خوێندن گرنگی بە بابەتی تەرفیهی و مرۆیش بدرێ بۆ گونجاندنەوەی قوتابی لەگەڵ پۆل و خوێندن.

وا بڕیارە سبەینێ خوێندنی قۆناغی 12ی ئامادەیی بەهەموو بەشەكانییەوە لەنێو پۆلەكاندا دەست پێبكاتەوە.


PM:12:18:15/01/2021


ئه‌م بابه‌ته 2860 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت