بەڕێوەبەری گشتی كەشناسی هەرێم سەبارەت بەدروستبوونی وشكەساڵی روونكردنەوە دەدات


وێستگە نیوز-
بەڕێوەبەری گشتی كەشناسی هەرێم رایدەگەیەنێت، بەهۆی ئەو ڕێژە بارانانەی كە باریون ئەو پێشبینیانەی كە هەن لەداهاتوودا بۆ بارانبارین وادەكەن ئەو ترس و دڵەڕاوكێیەی كە هەیە، ئەو هەڕەشانەی وشكەساڵیش كە باس دەكرێت لاواز بێت و بڕەوێتەوە.

فازڵ ئیبراهیم، بەڕێوەبەری كەشناسی هەرێمی كوردستانی عێراق بەدەنگی ئەمەریكای راگەیاندووە، هەرێمی كوردستان لەژێر كاریگەری بەرزە پاڵەپەستۆیە كە ئەم بەرزە پاڵەپەستۆیە دەتوانن بڵێن لەماوەی 24ڕۆژی ڕابردوو، دوا باران 22/12ی ساڵی ڕابردووە لە هەرێمی كوردستان باریوە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە، كاریگەری ئەم بەرزە پاڵەپەستۆیە بۆتە ڕێگرێك لە هاتنی نزمە پاڵەپەستۆكان بەتایبەتی هەرێمی كوردستانیش بەشی هەرەزۆری بارانەكەی ساڵانە كە دەبارێت لەئەنجامی كاریگەربوونیەتی بە نزمە پاڵەپەستۆی دەریای ناوەڕاست، لەئەنجامی كاریگەری ئەم بەرزە پاڵەپەستۆیە، ئەم نزمە پاڵەپەستۆیەی دەریای ناوەڕاست دابڕانێك دروستبوو نەهات بۆ ناوچەكانی هەرێم، وایكرد لەماوەی 24 ڕۆژی ڕابردوو بارانبارین لە ناوچەكانی هەرێم تۆمار نەكرێت. 

فازڵ ئیبراهیم ئاماژەی بەجیاوازی دەستپێكردنی وەرزی بارانبارینی ئەمساڵ كرد لەو ڕوەوە وتی" بێگومان وەرزی باران بارینی ئەمساڵیش جیاوازییەكی تری هەبوو هەم لەسەرەتای وەرزی بارانبارین كە لەهەرێمی كوردستان لە 1/10 وە دەستپێدەكات تا كۆتایی مانگی پێنج بەردەوامی دەبێت، ئەمساڵ لەسەرەتاوە بارانبارین دواكەوتبوو دوابەدوای ئەم دواكەوتنەش بەهۆی ئەم دابڕانەی لەماوەی 24 ڕۆژی ڕابردوو كە باران نەباریوە ئەمانە هەمووی بوونە هۆكارێك بۆ بوونی ترس و دڵەڕاوكێ بەتایبەتی لای جوتیارەكان كە ئەمان چینی یەكەمن كە زیانمەنددەبن بەهۆی دابڕانی بارانبارین بەتایبەت كە وەرزی داچاندن لەناوچەكانی هەرێمی كوردستان لەكۆتایی مانگی 11 و سەرەتای مانگی 12 دەبێت كەئەمەش دەبێتە هۆی گرفت بۆیان".

بەڕێوەبەری گشتی كەشناسی هەرێم روونیكردەوە، بەڵام سەرەڕای ئەم دواكەوتنە بەگوێرەی ئەو پێشبینیانەی كە هەن دەتوانین بڵێن لەدوێنێ ڕۆژی پێنج شەممەوە هەرێمی كوردستان دوبارە كەوتۆتە ژێر كاریگەی نزمە پاڵاپەستۆكانی دەریای ناوەڕاست بەهۆی ئەوەی كە كە ئەمە سەرەتایەكی دڵخۆشكەر دەبێت بۆ ئەوەی دوبارە نزمە پاڵەپەستۆكان ڕوو لە ناوچەكان بكەنەوە. 

هەروەها دەڵێت "سەبارەت بە وشكە ساڵی بێگومان ئێمە لەناو وەرزی بارانبارینین، مانگێك تێپەڕ بووە لەوەرزی زستان، لەهەرێمی كوردستان و عێراق بەشێوەیەكی گشتی، ڕاستە بارانبارین دواكەوتووە، بەڵام ئەو ڕێژە بارانانەی كە باریون ئەو پێشبینیانەی كە هەن لەداهاتوودا بەتایبەت لەو پانزە ڕۆژەی كۆتایی ئەم مانگە سێ شەپۆلی باران بارین پێشبینی دەكرێت لە ناوچەكانی هەرێم بگرێتەوە كە ئەمانە وادەكەن ئەو ترس و دڵەڕاوكێیەی كە هەیە، ئەو هەڕەشانەی وشكەساڵیش كە باس دەكرێت لاواز بێت و بڕەوێتەوە بەتایبەتی ئەگەر ئێمە وەكو ئاماری ئەو ڕێژانەی كە بارانباریوە و تۆماركراوە بەراوردی بكەین لەگەڵ پارساڵ بێگومان ڕێژەكە كەمترە كە ئەمە بوو بووە هۆی دلەڕاوكێ".

فازیڵ ئیبراهیم وتویەتی "بەڵام بەهۆی ئەوەی ئەم نزمە پاڵەپەستۆیانەی كە پێشبینی دەكرێت لەماوەی داهاتوو ڕوو لە ناوچەكە بكەن بەتایبەت كە وەرزی بارانبارینیش ماوە لە ناوچەكە و لە هەرێمی كوردستان لە وەرزی بەهار بڕێكی باش باران دەبارێت كە ئەمانە هەمووی دەبنە هۆكارێك بۆ ئەوەی هەم سەرچاوەكانی ئاو زیاد ببێتەوە هەم ئەو هەڕەشەو مەترسیانەی كە لە وشكەساڵی دەكرێت لاواز بێت".

دەربارەی مەترسیەكانی ئەگەری وشكەساڵی لەهەرێم، بەڕێوەبەری كەشناسی هەرێم دەڵێت "سەبارەت بە مەترسیەكان بێگومان ڕێژەی بارانبارین تائێستا كەمە ئەمە مانای ئەوە نییە وشكە ساڵییە، ئەگەر بەوردی داتاكان تەماشا بكەین دەبینیین ساڵانی ڕابردووش لەو شێوەیە بارانبارین دواكەوتووە تەنانەت ساڵی وامان هەبووە لەمانگی كانونی دووەم تەنها سێ ڕۆژ بارانبارینمان هەبووە، بەڵام لەكۆی گشتی بارانبارین لەدواتر ڕێژەكەی باشتر بووە. وشكە ساڵی بە زاراوە گشتییەكەی باسدەكرێت، بەڵام وشكە ساڵیش جۆرا و جۆرە بەتایبەت لای ئێمە كە وشكەساڵی كشتوكاڵی زیاترە لەبەرئەوەی كە بەشێكی زۆری لەڕووی داچاندنەوە پشت بەئاوی باران دەبەستێت تاوەكو ئێستاش ئەوەی كە لە برا جوتیارەكانەوە دەبیستین هیوایەك ماوە بۆئەوەی ئەم بارانبارینانەی ئەمڕۆ و ڕۆژانی داهاتوو دەبارێت ئەم كەمبوونەوەی لەماوەی ڕابردوو كە هەبوو پڕ بكرێتەوە".

بەڕێوەبەری كەشناسی هەرێم وتویەتی "ئەو ڕێژانەی كە باران بارینی ئەمساڵە بەجیاوازی شوێنەكان دەبینیین لەسنوری ئیدارەی گەرمیان لەسنوری پارێزگای سلێمانی سەبارەت بەسەرەتای وەرزی بارانبارین ڕێژەكە باشتربوو دەتوانیین بڵێن لەو سنورانە پەڵەی داوە بەزاراوە كشتوكاڵیەكەی وەكو باسدەكرێت، بەڵام لەسنوری پارێزگای هەولێر و پارێزگای دهۆك نەخێر پەڵەی نەداوە".


AM:11:00:15/01/2021


ئه‌م بابه‌ته 4296 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت