گەنجان دوای هەشت ڕۆژ و بە هەشت کوژراوەوە شەقامەکانیان چۆڵکرد

‌دیمەنێک لە خۆپیشاندانەکانی سلێمانی

وێستگەنیوز- بەڵێن عزەت میکە

"ئێمە زۆربەمان گەنج بووین، چووبووینە نزیک باڵەخانەی پاریزگای سلێمانی، دەمانویست ناڕەزایەتی خۆمان دەربڕین، بەڵام هێزێکی زۆر لەوێ کۆکرابوویەوە، دوای چەند خولەکێک هێرشیان کردە سەرمان و بە غازی فرمێسکڕێژ بڵاوەیان پێکردین، من تا ئێستاش بە باشی ناتوانم هەناسە بدەم و چاوم سور بووەتەوە" ئەمە وتەی یەکێکە لە بەشداربوانی خۆپیشاندانی دوێنێی سلێمانی. 

ئاکۆ بەهمەن، تەمەن 21ساڵ، یەکێکە لە بەشداربوانی خۆپیشاندانەکەی هەینی 11/12/2020ی سلێمانی، سەبارەت بە هۆکاری بەشداربوونی لە خۆپیشاندانەکەدا بە پرس میدیای راگەیاند "ئەم دەسەڵاتە هیچ باکی بە گەنجان نییە، نە دامەزراندن و نە هەلی کار لە کەرتی تایبەت و نە هیچ شتێکی تری بۆ ئێمە دەستەبەر نەکردووە، بۆیە داوا ئەکەین وازبهێنن و دەستلەکاربکیشنەوە". 

"خۆم و دوو هاوڕێم کە بەشداری خۆپیشاندانەکە بووین بەر ئەو گازە فرمێسکڕێژە کەوتین کە هێزە ئەمنییەکان بۆ بڵاوەپێکردنمان بەکاریانهێنا، ئێوارەکەشی ئەگەر زوو هەڵنەهاتینایە و شارەزای ناوچەکە نەبووینایە لە گەڕەکی بەختیاری دەکەوتینە دەست هێزە ئەمنییەکان و لەوانەیە دەستگیریان بکردینایە" ئەمە گێڕانەوەی ئاکۆیە، بۆ ڕووداوەکانی دوێنێ هەینی شاری سلێمانی. 

ئەو خۆپیشاندانەی سلێمانی درێژەی زنجیرەیەک خۆپیشاندان بوو کە ماوەی زیاتر لە هەفتەیەک بوو چەند شار و شارۆچکەیەکی هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەی گرتبوویەوە. 

ڕۆژی 3/12/2020 لە سلێمانی ژمارەیەک مامۆستا و فەرمانبەر خۆپیشاندانیان سازکرد و کاتێک کە دەیانویست بچنە بەردەرکی سەرا -ناوەندی شاری سلێمانی- هێزە ئەمنییەکان ڕێگرییان لێ کردن و لە ئەنجامدا ئاڵۆزیی دروستبوو و چەند کەسێک بە سوکی برینداربوون و زیاتر لە 30 کەسیش دەستگیرکران و پاش چەند ڕۆژێک ئازاد کران. 

گۆران دڵشاد ناسراو بە گۆرانی نێرگز، یەکێک بوو لەو چالاکوانانەی کە بەهۆی خۆپیشاندانەوە ڕۆژی هەینی 4/12/2020 دەستیگرکرا، سەبارەت بە شێوازی دەستگیرکردنەکەی بە پرس میدیای ڕاگەیاند "لە ناو بازاڕ بووم، ئەو ڕۆژە هیچ خۆپیشاندانێک نەبوو، لەبەر ئەوەی هێزێکی زۆر بڵاوی پێکرابوو، بەڵام دیاربوو هێزە ئەمنییەکان ناو و وێنەی منیان لابوو بەهۆی ئەوەی لەناو ڕێکخەرانی خۆپیشادانەکاندا کەسانێک کاریان بۆ ئەوان کردووە و زانیارییان بە هێزە ئەمنییەکان داوە، بۆیە دەستگیریان کردم و ماوەی سێ ڕۆژ لە زیندانی کانی گۆمەی سلێمانی دەستبەسەر بووم". 

"لە زیندان مامەڵەی هێزە ئەمنییەکان لەگەڵماندا گونجاو بوو، هیچ بێڕێزییەکم لێیان نەبینی، ئەو سێ ڕۆژەی لەوێ مامەوە ڕێگەیان نەدا کەس سەردانم بکات و هیچ کەسم نەبینی تا ئەوکاتەی ئازاد کراین، داواشمان کرد بڕیاری دادوەرمان پیشان بدەین کە لەسەری دەستگیرکراوین، دیاربوو هیچ بڕیارێک نەبوو و گرتنەکە نایاسایی بوو" گۆران دڵشاد وا ڕووداوەکەی گێڕایەوە. 

بەگوێرەی ئامارە نافەرمییەکان، لەماوەی زیاتر لە هەفتەیەکی ڕابردوودا کە خۆپیشاندانەکان بەردەوامیان هەبوو، زیاتر لە 50 کەس دەستگیرکراون، زۆرێک لەوانە ئازاد کراون، بەڵام هەندێکیشیان تا ئێستا بە دەستبەسەری ماونەتەوە. 

لە درێژەی خۆپیشاندانەکاندا، 9 کەس بەهۆی ئاڵۆزییەکانەوە گیانیان لەدەستداوە، 8 لەوانە لە خۆپیشاندەران بوون و یەکێکیش لەوان لە پاسەوانانی بارەگایەکی حزبیی بوو لە پێنجوێن. 

سەرجەمی ئەوانەی کە لە خۆپیشاندەران بوون و گیانیان لەدەستداوە لە گەنجان بوون و سەرجەمیشیان بەهۆی تەقەی هێزە چەکدارەکانەوە بووە، بێجگە لەوانەش زیاتر لە 100 کەس لە ئەنجامی ئاڵۆزییەکان لە هەردوو بەرەکە برینداربوون. 

ئاڵۆزیی و پێکدادانەکان زیاتر لە ناوچەکانی سەیدسادق، کفری، پیرەمەگرون، خورماڵ، بازیان، تەکیە، پێنجوێن، دەربەندیخان، شارەزور و چەند ناوچەیەکی تر ڕوویاندا، ئەوانەشی گیانیان لەدەستدا بەهۆی ئاڵۆزییەکانەوە، لە دانیشتوانی کفری و سەیدسادق و چەمچەماڵ و تەکییە و پێنجوێن بوون، لە ئەنجامی ئاڵۆزییەکانیشدا، زیاتر لە 30 بارەگا و دامەزراوە لەو ناوچانە سوتێنران و بەردباران کران.

لە خۆپیشاندانەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوودا بە پێچەوانەی خۆپیشاندانەکانی پێشوو، کچان و ژنان بەشداری بەرچاویان هەبوو، لە دەربەدیخان گروپێکی گەنجی کچان ڕێگرییان لەو بارهەڵگرانە کرد کە نەوت دەگوازنەوە، بەڵام هێزە ئەمنییەکان هەرزوو گەیشتنە شوێنی چالاکییەکە و لەوێش ئاڵۆزیی دروستبوو. 

"ئێمە زیاتر لە 20 کچ دەبووین، چووینە سەر شەقامە سەرەکییەکە بۆئەوەی ڕێگە لە تانکەرە نەوتەکان بگرین، بەڵام ڕێگەمان لە ئۆتۆمبێلی مەدەنی نەدەگرت، کە ئێمە دەستمان بە چالاکییەکە کرد هێزێکی ئاسایش گەیشتە شوێنەکە و هەوڵیاندا بڵاوەمان پێبکەن، لە ئەنجامدا هەندێک گرژی دروستبوو" زیلا محەمەد کە یەکێکبوو لە ڕێکخەرانی خۆپیشاندانەکە بۆ پرس میدیا دوا و وای وت. 

ئەو کچە بەشداربووەی خۆپیشاندانەکە، دەڵێت "یەکێک لە چەکدارەکانی ئاسایش تفەنگەکەی خستە سەر سنگی کچێکی هاوڕێمان و وتی ئەگەر ڕێگاکە بەرنەدەن تەقە دەکەین، ئیتر بوو بە ئاڵۆزیی و ناچاربووین دوای کاتژمێرێک ڕێگاکە بەربدەین و بڵاوە بکەین". 

دوای ئەوەی زیاتر لە هەفتەیەک خۆپیشاندانەکان لە بەشێک لە ناوچەکانی سنوری هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە بەردەوام بوو، لیژنەی باڵای ئەمنیی سلێمانی ڕاگەیەنراوێکی هەڕەشەئامێزی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتبوو کە بەردەوامبوون لە خۆپیشاندان سزای قورسی دەبێت. 

لە ڕاگەیەنراوەکەدا کە درەنگانێکی شەوی هەینی 11/12/2020 بڵاوکرایەوە، هاتووە "هەڵمەتى دەستگیرکردن بەردەوامى دەبێت بۆ هەموو ئەوانەى کە پێشێلی یاسا دەکەن و ڕۆڵیان هەیە لەبەردەوامیدان بەخۆپیشاندانە بێ مۆڵەتەکان وە ئەوانەى زیان دەگەیەنن بە موڵکى گشتى". 

دوای ئەو ڕاگەیەنراوەش هێزێکی زۆری ئەمنیی بە جۆرەها چەکەوە لە سەر شەقامەکانی سلێمانی بڵاوەی پێکرا و تا ئێستاش ئەو هێزە لەسەر شەقامەکانە. 

دوای هەشت ڕۆژ، ئەمڕۆ شەقامەکان خۆپیشاندانیان بەخۆیانەوە نەبینی، لەبری خۆپیشاندەر هێزە ئەمنییەکان شەقامەکانیان تەنیوە.

وەرگیراوە لە پرس میدیا 


PM:06:45:12/12/2020


ئه‌م بابه‌ته 12444 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو