كوڕێكی عیماد ئەحمەد سەبارەت بەبەشداربوونی لەهێرشی چێشتخانەكەی سلێمانی روونكردنەوە دەدات

‌ئارام عیماد ئەحمەد

وێستگە نیوز-

ئارام عیماد ئەحمەد، كوڕی سەركردەی دیاری یەكێتی رەتیدەكاتەوە كە یەكێك بووبێت لەو كەسانەی هێرشیانكردە سەر چێشتخانەكەی شاری سلێمانی.

ئارام عیماد ئەحمەد لەڕوونكردنەوەیەكدا كە لەپەیجی فەرمی (چالاكییەكانی عیماد ئەحمەد)ییەوە بڵاویكردۆتەوە نووسیویەتی "لە ھەندێك پەیجی فەیك و گومانلێكراوەوە، بەئامانجی چەواشەكاری و لێدان لەناوبانگی كۆمەڵایەتیمان، پڕوپاگەندەی ئەوە بڵاوكراوەتەوە كە گوایە منیش لە ڕوداوەكەی چێشتخانەی كامەران و لەناو ڤیدیۆكە یەكێك بم لەوانەی دەردەكەون".

ئارام ئاماژەی بەوەكردووە "ھەموو لایەك دڵنیا دەكەمەوە ئەوە بابەتێكی ناڕاست و ھەڵبەستراوە و بەھیچ شێوەیەك و دوور و نزیك لەو بابەتە نەخوازراوەدا بوونمان نییە و كورد وتەنی: پەتی درۆ كورتە و لایەنە پەیوەندیدارەكان لەناو ئەو ڕوداوەدا لای پۆلیس و ھێزە ئەمنیەكان بەڕونی ناسراون".

دوای ئەوەی ئەمڕۆ هێزێكی چەكدار چونە سەر خاوەنی چێشتخانەی كامەران لە گەڕەكی عەقاری لە شاری سلێمانی و لەناو چێشتخانەكەیدا و لێیان دا و سوكایەتییان پێكرد، پۆلیسی سلێمانی ئەو كەسانەی دەستگیر كرد. 

عەمید ئاسۆ شێخ تەها بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگاری سلێمانی ڕایگەیاند ئەو كەسانەی هێرشیانكردە سەر خاوەنی چێشتخانەكەی گەڕەكی عەقاری دەستگیركراون، دەشڵێت: لەئێستادا تۆمەتباران دەستبەسەرن و لێكۆڵینەوە لەگەڵیان دەستیپێكردووە.

لەدوای هێرشەكەش بۆسەر چێشتخانەكەی، وەستا كامەران، خاوەنی چێشتخانەی كامەران لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند :"دوا نیوەڕۆی ئەمڕۆ هێزێكی چەكدار بەدوو وەنەوشەی جام ڕەشەوە هێرشیان كردە سەرمان لەناو چێشتخانەكەدا بە 12 كەس پەلاماریاندام و پەنجەشم بەو هۆیەوە بریندارە و بەلەقە و شەق لێیاندام و گرتەی ڤیدیۆیشمان لەسەر هێرشەكەیان هەیە".  

ناوبراو روونیكردەوە "پرسیومە بۆچی هێرشم دەكەنە سەر و پەلامارم دەدەن، بەڵام ئەوان جنێویان پێداوم و و هەڕەشەی ئەوەشیان كردووە كە دێینەوە سەرت و دەتكوژین و نەشمزانیوە بۆچی بەو شێوەیە هێرش دەكەنە سەرم و خەڵك هەروا سەری سوڕماوە لەو كارە".  

وەستا كامەران ئاماژەی بەوەكرد "من كرێچی خاوەنی چێشتخانەكەمم و دوای ئەوەی كێشەی یاسایی كەوتە نێوانمانەوە بۆم چۆڵكرد و دواتر چوومەتە ئەوبەرەوە، بەڵام دوای ئەوەی ئاوی بۆرییەكەی لێگرتوومەوە چووم سكاڵام لێكرد دواتریش تەنازولم لەسكاڵاكە كرد، بەڵام مافی گشتی لەسەر مابوو ئیتر ئەمڕۆ هاتوونەتە سەرم، هەر ئەمڕۆ بەتەلەفۆن هەڕەشەی كوشتنیان لێكردم، بۆیە داوا لەهاوسەرۆكانی یەكێتی دەكەم دەستوەردان لەو كێشەیەدا بكەن و چارەسەری بكەن و سكاڵاشمان تۆمار كردووە".  

لەبەرامبەردا زانا كەمال حەكیم ئاغا كەسی نزیك خاوەن موڵكی پێشووی چێشتخانەی كامەران لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەوان ئاگاداری ئەو هێزە نەبوون كە چوونەتە سەر چێشتخانەی كامەران و وتی "خاوەنی ئەو چێشتخانەیە ناوی بەرپرسان و یەكێتی دەهێنێت، بەڵام ئەوان پەیوەندییان بەم مەسەلەیەوە نییە، ئەمە كێشەی نێوان خاوەن موڵك و كرێچییە"، هەروەها وتیشی "ئاگاداری ئەو هێزە نیم، ئێمە كەسانی مەدەنین و خاوەنی بنەماڵەیەكی ناسراوین و هەڵناكوتینە سەر خەڵك، ئەگەر بەڵگەی یاسایی لایە دەتوانێت پێشكەشی دەزگاكانی دەوڵەتی بكات، ئاگاداری ئەو دەستدرێژییە نەبووم كە باسی دەكات، ئایا ئێوە تەئكیدن ئەو هێزە بۆ ئەم مەسەلەیە چۆتە سەری یان بۆ شتی تر بووە؟".


PM:09:19:22/11/2020


ئه‌م بابه‌ته 39800 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو