کەجەکە بۆ وێستگه‌ نیوز: ئه‌مریكا به‌نزین به‌ئاگری‌ شه‌ڕدا ده‌كات

‌"ھێزە کوردستانییەکان دەتوانن کێشەکانی نێوانیان بە گفتوگۆ چارەسەر بکەن"


وێستگەنیوز:

زاگرۆس ھیوا، وتەبێژی کۆما جڤاکێن کوردستانێ (کەجەکە) لە چاوپێکەوتنێکی وێستگەنیوزدا لە سەر رووداوەکانی ئەم دواییە و نێوان پەکەکە و پارتی رایدەگەیەنێت، زۆر ھێز و لایەنی سیاسی بانگی گفتوگۆیان لە ھەردوو لا کردووە و لە راگەیاندندا ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە کە بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشانەی دوایی ببنە ھاوکار و ھێزە کوردستانییەکان دەتوانن کێشەکانی نێوانیان بە گفتوگۆ چارەسەر بکەن و دەڵێت "ھیوادارین ئەو شەڕ روونەدات و ھەموو ھەوڵ و تەقلایەک دەدەین کە روو نەدات".

وێستگەنیوز: بەپێ زانیاریەکان چاوەروان دەکرێت کوبوونەوەیەک لە نێوان پارتی و پەکەکە ئەنجام بدرێت، لە سەر ئەم مژارە نزیکبوونەوەیەک ھەیە ؟

زاگرۆس ھیوا: ئێمە ھەموو جارێک ئەوەمان راگەیاندووە کە ھێزە کوردییەکانی پێویستە کێشەکانی نێوانیان بە گفتوگۆ چارەسەر بکەن. ھەبوونی کێشە و گیروگرفت لە نێوان ھێز و لایەنە سیاسیەکانی کوردستاندا دیاردەیەکە و تا رادەیەکیش ئەمە شتێکی ئاساییە. ئەوەی کە جێگای نیگەرانییە ئەوەیە کە ئەم کێشانە گفتوگۆی لەسەر نەکرێن و بە ھەوڵواسراوەیی بمێننەوە و کەڵەکە بکرێن. پێمان وایە ھیچ کێشەیەک نییە لە نێوان ھێزە کوردییەکاندا کە نەتوانرێت بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێت. 

ھێزە کوردستانییەکان دەتوانن کێشەکانی نێوانیان بە گفتوگۆ چارەسەر بکەن. لەم رووەوە ھەر کێشەیەک کە لە نێوان PDK و PKK دا ھەبێت پێویستە بە گفتوگۆ و دانوستاندن چارەسەر بکرێت. زۆر ھێز و لایەنی سیاسی بانگی گفتوگۆیان لە ھەردوو لا کردووە و لە راگەیاندندا ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە کە بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشانەی دوایی ببنە ھاوکار.

 ئێمە ئەم لێدوانانە زۆر بە نرخ دەبینین و ھەر ھەوڵدانێکی پراکتیکیش ھەبێت، رێزی لێدەگرین. 

وێستگەنیوز: لە سەر رووداوەکانی ئەم دواییە ئەمریکا و فرەنسا تەئیدی پارتیان کرد، کاریگەری لە سەر پەکەکە چی دەبێت ؟

زاگرۆس ھیوا: ئێمە بۆ رای گشتی ئەوەمان راگەیاند لێدوانەکەی ئەمەریکا ئاژاوەگێڕییە و بەنزین بە ئاگری شەڕدا دەکات. ئەوە سیاسەتی ئەمەریکایە کە ھەمیشە دەیەوێت کێشە و ئاژاوە و ناسەقامگیری ھەبێت کە ئەویش بتوانێت رەوایەتییەک بە ھەبوونی خۆی لە ناوچەکە بدات. پارتی دیموکراتی کوردستان پێویستە ئەوە بزانێت کە لە رۆژھەڵاتی ناوین دا ئەمەریکا دەستی لە پشت زۆر دەوڵەت و سەرۆک دا، دواتریش پشتی لێی کردن. 

رای گشتی گەلی کورد پێویستە ئەوە بزانێت کە ئەمریکا تەنیا لەبەر بەرژەوەندی خۆی جار نا جار  قسەیەک دەکات کە بە دڵی کورد بێت بەڵام بە کردووە، ئەو ھەر بەرژەوەندی خۆی بە بنەما دەگرێت. 

مسۆگەر پێویست دەکات لێدوانی ئەمەریکا و سیاسەتی ئەمەریکا خوێندنەوەی بۆ بکرێت، بەڵام ئەگەر ھات و ئەم سیاسەتە لە بەرژەوەندی تۆدا بوو، پێویستە لە خۆشیدا باڵنەگریت، و ئەگەر لە بەرژەوەندی تۆشدا نەبوو، پێویستە بێ ھیوا نەبێت و  دونیات بەسەردا نەڕۆخێت. 

لە ھەر دوو حاڵەتدا پێویست دەکات تۆش بزانی چۆن بەرژوەندی کورد بە بنەما وەربگریت. لێدوانەکەی ئەمەریکا لە ژێر کاریگەری جەیمز جێفریدا دراوە، جەیمز جێفریش زیاتر لەوەی کە نوێنەری ترامپ بێت، نوێنەری ئەردۆغانە. لەسەر بنەمای گەندەلێییەکی ئابووری زۆر قیزەون پەیوەندیی لەگەڵ ئەردۆغان و زاواکەی داناوە. جەیمز جێفری ٢٠٢٠ ھەمان ھنڕی کسینجری ١٩٧٥ە. ھەردوو ھەمان سیاسەتییان بەرامبەر بە کورد ھەیە.  

بۆ لێدوانەکەی فەرەنساش پێم وانیە ئەوە رەنگدانەوەی عەقڵی ستراتیژیکی دەوڵەتی فەرەنسا بێت، کە ئەگەر وابێت نیشانەی دووفاقییە لە سیاسەتی فەرەنسا دا. فەرەنسا پێویستە ئەوە بزانێت کە ئەردۆغان لە پشت ئەم گرژییانەی دوایی باشووری کوردستانەوەیە. ھەمان ئەردۆغان پاڵپشتی ھەڵمەتی تیرۆر و سەربڕینە بۆ سەر شارلی ھەبدۆ. 

ھەمان ئەردۆغان ھەڕەشەی لە ئەوروپا کرد کە بۆتان نییە ئازادانە لە کۆچە و کۆڵانی خۆتاندا بگەڕێن. ئەگەر ئەم لێدوانەی فەرەنسا رەنگدانەوەی سیاسەتی ستراتژیکی دەوڵەتی فەرەنسا بێت و بە بەرتیل و رشوە و واستە نەنووسرابێت، ئەوا دیاردەکات کە فەرەنسا لە سیاسەتی نێوخۆیی و ئەوروپیدا دژایەتی ئەردۆغان دەکات و لە سیاسەتی رۆژھەڵات ناوینی خۆیشیدا خزمەت بە ئەردۆغان دەکات. 

ئەمەش لە درێژخایەندا زەرەری بۆ فەرەنسا دەبێت. کاتێک کە ٩ی مانگی چلەی ساڵی ٢٠١٣ سێ ژنی شۆڕشگێڕی کورد لە ناوەڕاستی پاریس کۆمەڵکوژ کران، فەرەنسا بەدواداچوونێکی جیددی بۆ ئەم مەسەلەیە نەکرد، لە بواری حقوقی و سیاسیدا ئەردۆغان و تورکیای مەحکوم نەکرد، بەشێوەیەک لە شێوەکان، بە ڕێکەوتنێکی ئیستخباراتی ژێر بە ژێر کۆتاییان بە مەلەفەکە ھێنا، گوتیان کە تاوانبارەکە خۆی کوشتووە لە زینداندا و مەلەفەکەیان داخست. لەکاتێکدا ھەر لە رۆژی یەکەمەوە ئەردۆغان و بەرپرسانی دی تورکیا بە ناراستەوخۆ دەیانگوت کە ئێمە ئەو کۆمەڵکوژییەمان کردووە و خۆشی و شادی خۆیان نەدەشاردەوە. بە بەڵگەشەوە سەلمێنرا کە ھاکان فیدان لە پشت ئەم تیرۆرەوەیە. ئەگەر فەرەنسا ئەو کاتە بە ھەڵوێستی سیاسی و بە رێکاری یاسایی لێپێچینەوەی لە ئەردۆغان و ھاکان فیدان و تورکیا بکردایە،  ئەردۆغان و ھاکان فیدان دەستیان بە کڵاوی خۆیانەوە دەگرت و نەیاندەوێرا تیرۆریست بۆ شارلی ھەبدوو بنێرن و کۆڵانەکانی پاریس خەڵتانی خوێن بکەن. لە دۆخی ئێستادا ئەو لێدوانەی دوایی فەرەنسا خزمەت بە ئەردۆغان دەکات و ھیچی تر.

وێستگەنیوز: ھەلوێستی یەنەکە چوون دەنرخێنن؟

زاگرۆس ھیوا: PDK زۆر ھەوڵ دەدات ھەر ھەنگاوێک کە لە دژی PKK ھەڵبگرێت و ھەر ھێرشێک بکاتە سەر PKK لە سەر ناوی حکوومەت و پەرلەمان و پێشمەرگە بێت.

چۆنکە PDK لە رەوایەتی و مشروعیت دەگەڕێت، لەو شتە دەگەڕێت کە نییەتی. ھەربۆیە ناوی پێشمەرگە و ئاڵا و کوردستان و پەرلەمان و زۆر بەھا دامەزراوەی دی بەکار دێنێت بۆ داپۆشین و شاردنەوەی ئەجێندای حیزبی و دەرەکی. رای گشتی باشووری کوردستان ئەمە باش دەزانێت کە PDK بە ھاندانی تورکیا دەیەوێت شەڕ بە ھەموو کورد بفرۆشێت و ئەو کەسانەی کە ئەم بڕیارەیان داوە، کەسیان رۆڵەی خۆیان نانێرن بۆ مەیدانی شەڕ.  ھەربۆیە پشتیوانی لە گوتار و کرداری  PDK ناکات.

بە دەیان و تەنانەت سەدان رۆشنبیر و کەسایەتی سیاسی و  ھەڵسۆڕاوی مەدەنی لە باشووری کوردستاندا دژایەتی و نارەزایەتی خۆیان دەربڕیوە بەبەرامبەر  ئەگەری ھەر شەڕێکی نەخوازراو. بانگەوازییان کردووە کە کێشەکان بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێن. ئێمە زۆر رێزمان ھەیە بۆ ئەم ھەڵوێست و داخوازییانە و چی بکەوێتە سەر شانمان پێکی دێنین.

  بێگومان لە ناو  YNK و گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوو و شیوعی زۆر کەسایەتی دژایەتی خۆیان بۆ ھەڵگرسانی شەڕ دەربڕی. ئەم ھەڵوێستانە خاوەن نرخ و بەھایەکی زۆرن. داواکاری ئێمە ئەوەیە کە ھەم لایەنەکانی بەشدار لە حکوومەت و ھەم ئۆپۆزیسیۆن، رێگە نەدەن PDK رەوایەتی و پێگەی ئەوان بەکار بێنێت بۆ داپۆش کردنی ئەجیندای شەڕخوازی خۆی. 

گەلی باشووری کوردستان چەوسانەوە و زۆر و زەحمەتی و ئاوارەیی زۆری بینیوە، ئاشبەتاڵ و حەلەبچە و ئەنفالی بینیوە، زوڵم و زۆری سەددامی بینیوە،  ئەزموونێکی زۆری خەبات و تێکۆشانی ھەیە. ئەم گەلە شۆڕشی کردووە. گەلێکی شۆڕشگێڕە. شۆڕشگێڕیش باش دەناسێت، ستەمکاریش و موستەشاریش و خەیانەتکاریش باش دەناسێت. ھەر بۆیە بە پرۆپاگەندەی ناراستی ھیچ لایەنێک ھەڵناخەڵەتێت. 

وێستگەنیوز: ئەگەر شەر روویدا ئێوە بەرگریدەکەن یان شەر دێتە ناو گوند و شارەکان ؟

زاگرۆس ھیوا: وەڵامی من بۆ ئەم پرسیاری ئێوە ئەوەیە کە ئێمە ھەموو  سیاسەت و کار و ھەوڵدانمان ئەوەیە کە شەڕ دروست نەبێت. نامانەوێت لەسەر شتی دی باس بکەین. 

وێستگەنیوز: پاراستنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان لەلای پارتی کرێکارانی کوردستان چەند گرنگە، کە دەوترێت پەکەکە بۆ تێکدانی ئاسایشی ھەرێمی ئەو کارانە دەکات ؟

زاگرۆس ھیوا: خەبات و تێکۆشانی رێبەر ئاپۆ و PKK ھەم لە ھێنانە ئاراوەی دەسکەوتەکانی باشووری کوردستان و ھەم لە پاراستنی ئەم دەسکەوتانە رۆڵی گرنگی ھەبووە و ھەیە. گەلی کورد لە کاتی تەنگانەدا، لە سەردەمی شەڕی تیرۆریستانی داعش دا،  بە چاوی خۆی بینینی کە کێ باشووری کوردستان بە شێویەکی فیدایی دەپارێزێت  و کێ گەلی باشوور فیدای خۆی دەکات و  ئامادەکاری ھەڵاتن دەکات. بزووتنەوەی PKK لە پێناو پاراستنی باشووردا بە سەدان شەھیدی پێشکەش کردووە. نموونەی، زەکی شەنگالی، تێکۆشەر گەڤەر، عەگید جڤیان. ئێمە ھیچ کاتێک مەترسی بۆ ئەو ئەمن و ئاسایشە دروست ناکەین کە لە پێناویدا ئەوەندە فەرماندە و ھەڤاڵی قارەمانمان گیانیان بەخت کردووە. 

پارتی زۆر دیعایەی ئەوە دەکات کە PKK رێز لە دام و دەزگاکان و ئاسایشی باشووری کوردستان ناگرێت. با چەند نموونەیەکی رێزگرتنی PDK لە دام و دەزگاکانی ھەرێم بھێنینە بەرچاوی خۆمان. PDK تانکی سەددامی ھێنا سەر پەرلەمانی کوردستان، ساڵی ٢٠١٦ پەرلەمانی بۆ ماوەی دوو ساڵ داخست و نەیھێشت سەرۆکی پەرلەمان بچێتە ھەولێر.

 PDK سوپا و ئیستیخباراتی تورکیای ھێناوتە ناو قووڵایی باشووری کوردستان و دام و دەزگای ئاسایشی و زانیاری ھەرێم لە خزمەتی میتی تورکیا بەکار دەھێنێت. 

پێشمەرگەی ھەرێم دەبات لە بادینان دەیکات بە قەڵغانی لەشکری تورک و بەم چەشنە سووکایەتی بە پێشمەرگە دەکات. ھەموو کەس بینی چۆن چەکداری پارتی بە جلی پێشمەرگەوە  مین و ئەڵغامی بەر پێی عەسکەری تورک ھەڵدەگرن و رێگایان بۆ خۆش دەکەن کە ئاسانتر باشوور داگیر بکەن. PDK رێککەوتننامەی ٥٠ ساڵەی لەگەڵ ئەردۆغان ئیمزا کردووە بە بێ ئەوەی کە ھیچ دامەزراوەیەکی حکوومی ناوەڕەکەکەی بزانێت. PDK دەستی بەسەر داھاتی ئەم ھەرێمەدا گرتووە و ناھێڵێت نە پەرلەمانتەر و نە وەزیر بزانێت داھاتی ئەم ھەرێمە چەندە و بۆ چی خەرج دەکرێت. PDK تەنیا لەبەر ئەوەی داوای شەفافیەتی کردووە، پەرلەمانتاری ھەرێم لە پەرلەمان دەردەکات، تەنیا لەبەر ئەوەی رەخنەی گرتووە، رۆژنامەنووس دەگرێت و دەڕفێنێت و دەکوژێت. 

وێستگەنیوز: بە بووچوونی ئێوە بۆچی لەم کاتەدا پارتی ئەم کارانە دەکات، لەکاتێکدا ساڵانێکە ئێوە لەو ناوچانەن؟

زاگرۆس ھیوا: PDK لەبەر ئەوەی کە ئیرادەی خۆی تەسلیمی تورکیا کردووە، سیاسەتی تورکیا پەیڕەو دەکات. تورکیا چی لە PDK بوێت ھەوڵ دەدات جێبەجێ بکات. ئێستا PDK دەیەوێت ئیرادەی ھەموو لایەنە سیاسییەکانی باشوور تەسلیمی تورکیا بکات و بیانخاتە دۆخێکەوە کە سیاسەتی تورکیا پەیڕەو بکەن. گەریلا ھێزێکی کوردستانییە، خۆی بە گیانفیدای ھەموو کوردستان دەزانێت لە ھەر شوێنێک سیستەمی داگیرکەری تورک ھێرش بکاتە سەر کورد، گەریلا بەرەنگاری دەبێتەوە. دەوڵەتی تورک تەنیا دوژمنی باکوور نییە، دوژمنی ھەموو بەشەکانە. دوژمنی ھەموو کوردە. ئێستا لەبەر ئەوەی کە گەریلا لە ریزی پێشەوەی خۆڕاگرییە لە دژی دەوڵەتی تورکیا، تورکیا ھەوڵدەدات بە ھاوکاری PDK ھیرشی گەریلا بکات لە ھەموو شوێنێک. 

وێستگەنیوز: چ پەیوەندیەکتان بە شنگالەوە ھەیە؟ ئایا ئەم ھەلوێستە ھەلوێستی گشتی حکومەتی عێراقە یان ھی پارتیە؟

زاگرۆس ھیوا: رێکەوتنی شەنگال بە روواڵەت لە نێوان حکومەتی ھەرێم و حکومەتی ناوەندییە. بەڵام لە بنەمادا رێککەوتنێکە لە نێوان تورکیا و ئەمەریکا و PDK. پارتی بە بێ پرس و ئاگاداری پێکھاتەکانی دی حکوومەت و بەشێوەیەکی تاکەلایانە، ئەو رێکەوتنەی مۆر کرد. لەو رێککەوتنی شەنگالدا PDK  نوێنەرایەتی حکوومەتی ھەرێم ناکات، بەڵکۆ نوێنەرایەتی تورکیا دەکات. ئەو رێککەوتنە حیساب بۆ ئیرادەی گەلی شەنگال ناکات. پلانێکی تورکیایە دەیانەوێت بەسەر گەلی شەنگالدا بیسەپێنن. رێککەوتنی شەنگال لە نێوان پارتی و حکوومەتی ناوەندی رێگەخۆشکەرە بۆ فەرمانێکی دی بۆ سەر گەلی ئێزدی. 

وێستگەنیوز: ئەگەر خوانەخواستا شەر روویدا لەوکاتە چ کاریگەری دەبێت لە سەر لایەنە کوردیەنی رۆژئاوای کوردستان ئەنەکەسە و پارتی یەکێتی نیشتمانی کە لە ئێستادا کوبوونەوەیان ھەیە بۆ یەکرێزی کوردی ؟

زاگرۆس ھیوا: ھیوادارین ئەو شەڕ روونەدات و ھەموو ھەوڵ و تەقلایەک دەدەین کە روو نەدات. ئەگەریش روویدا، تەنیا یەک براوەی ھەیە: ئەردۆغان. و تەنیا یەک کەس دەیدۆڕێنێ: کورد.

ئەردۆغان PDKی ھاندا بۆ ریفراندۆم، نیوەی کوردستانمان لەدەست چوو. ئێستاش ھانیدەدا بۆ شەر، بۆ ئەوەی نیوەکەی دیشمان لە دەست بچێت.


PM:03:29:11/11/2020


ئه‌م بابه‌ته 7936 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت