ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکان هەرچیەک بێت، تازە ئەمریکا وڵاتی ترەمپە!

‌جۆ بایدن و دۆناڵد ترەمپ

وێستگە نیوز- ڕەوا مەحمود

کێ هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا دەباتەوە؟ ڕەنگە ئەمشەو وەڵامی ئەم پرسیارەمان دەست بکەوێت، یان ڕەنگە تاوەکو چەند هەفتەیەک ئەم وەڵامەمان دەستنەکەوێت بەتایبەت ئەگەر هاتوو ڕاگەیاندنی ئەنجامەکان لە چەند ویلایەتێکدا دوابکەوێت، بەڵام دواجار پێویستە بزانین کە ئەنجامەکانی ئەم هەڵبژاردنە زۆر لەیەکەوە نزیکن.

ئەو پرسیارە گەوریەی کە پێویستە دەربارەی ئەم هەڵبژاردنە بکرێت لێرەدایە:  ئەم ئەنجامانە چی مانایەکی بۆ داهاتووی ئەمریک هەیەا؟

گۆڤاری 'foreign policy' لە ووتارێکی 'جۆناسان تێبرمان'ی سەرنووسەری گۆڤارەکەدا لە وەسفکردنی ترەمپدا نووسیویەتی کە 'نزیکەی نیوەی دەنگدەرە کانی ئەمریکا دەنگیان بە درۆزنێکی ڕەگەزپەرست داوە کە بەوپەڕی نەزانیەوە لەگەڵ قەیرانێکی تەندروستی مەترسیداری وەک ڤایرۆسی کۆرۆنا مامەڵە دەکات'.

لەدرێژەی نووسینەکەیدا سەرنووسەری گۆڤارەکە دەڵێت 'ئەو دەنگدەرانە نەزانی و دڵڕەقی و نەبوونی ئەزموونی سیاسی ترەمپیان پشتگوێخستووە و خۆیان لەو ڕاستیە گێل کردووە کە ترەمپ کەسێکە بەها گرنگەکان پێشێل دەکات کە سیاسەتی ئەمریکای پێ دەناسرێتەوە، لەوانەش ڕوونی و دەستپاکی لە سیاسەت و سەروەری یاسا، بەپێچەوانەوە ترەمپ هەمیشە سووربووە لەسەر وێرانکردنی پایەکانی دەسەڵات.

لە ووتارەکەدا هاتووە 'ساڵی ٢٠١٦ هەندێک لە کۆمارییەکان دەنگیان بە ترەمپ دا لەبەرئەوەی زۆریان دەربارەی ئەم پیاوە نەدەزانی، یان بەو هیوایەوە دەنگیان بە ترەمپ دا کە بەڵکو گەورەیی بەرپرسیارێتی سەرۆکایەتی  دەیکاتە خەمخۆری ووڵات، بەڵام ئێستا هەموومان بۆمان دەرکەوتووە کە ترەمپ کێیە'.

لە درێژەی ووتارەکەدا هاتووە: 'کاتێک سەرباری ئەو هەموو کەموکوڕییە دەبینین کە دەنگەکانی ترەمپ لەم هەڵبژاردنەدا زیاترە لەو دەنگانەی کە لە هەڵبژاردنەکانی خولی پێشووی ساڵی ٢٠١٦ بەدەستیهێنا، هەروەک پێگەی ترەمپ (سەرەڕای ئەو هەموو ڕەگەزپەرستییەی) لە نێو چینی ڕەشپێست و لاتینیەکاندا لە جاران بەهێزترە، ئەمە جگە لەوەی کە دەتوانین بڵێین کە ئەنجوومەنی پیران لە ئێستادا لەلایەن حزبی کۆمارییەکانەوە بەڕێوە دەبرێت، دواجار دەگەینە ئەو باوەڕەی کە: هەر کەسێک ئەم هەڵبژاردنەی ئێستای ئەمریکا بباتەوە، تازە ئێمە هەموومان لە ئەمریکای ترەمپدا دەژین'.

سەرنووسەرەکەی گۆڤاری 'فۆرن پۆڵەسی' نووسیویەتی: هەموو ئاماژەکان دەڵێن کە نە سێبەری ترەمپ لە دەسەڵات دەڕوات و نە کۆمارییەکانیش بە ئاسانی دەستبەرداری ئایدۆلۆژییەکانی دەبن. پێش دەستپێکردنی هەڵبژاردنەکان، وادیاربوو کە ئیتر ئەمە کۆتایی ترەمپە، تەنانەت زۆرێک لە ئەندامانی حزبەکەی ترەمپ خۆی دەیانوت کە کاتی گۆڕانکاری و چاکسازی لە حزبەکەیاندا هاتووە، هەروەها دەیانووت کە بەردەوامبوونی ترەمپ بۆ چوار ساڵی دیکە لە حوکم کردنی ئەمریکا بە واتای لە ناووچونی حزبی کۆمارییەکان دێت. تەنانەت لایەنگرە سەر سەختەکانی وەک سیناتۆر جۆن کۆرنتین خۆی لە ترەمپ دوورخستەوە، بەڵام ئەوەتا ئەنجامە باشەکەی ترەمپ لە هەڵبژاردندا پێمان دەڵێت کە کۆمارییەکان بە ئاسانی دەستبەرداری ترەمپ و ئایدۆلۆژی ترەمپ نابن' .

سەرنووسەرەکەی گۆڤاری 'فۆرن پۆڵەسی' دەشڵێت: 'بە بوونی حزبەکەی و نیوەی خەڵک لە پشتی، ترەمپ وەک ئەستێرەیەکی ناو ڕاگەیاندنەکان بەردەوام دەدرەوشێتەوە، جا سەرۆک بێت یان ئۆپۆزسیۆن، یان تەنانەت ئەگەر تەنها لە ڕێگەی تویتەرەکەیەوە بێت، بەوجۆرەش پاڵپشتی گەورە بۆ خۆی و حزبەکەی کۆدەکاتەوە و تا وایلێدێت لە کۆتاییدا ئەم خەسڵەتە جەماوەرییەی بۆ لەناوبردنی دیموکراتەکان بەکاردەهێنێت. هەروەک بەم شێوازە پەیامەکەی خۆی دەگەیەنێت هەروەک چۆن چوار ساڵە بەبەردەوامی ئەم پەیامەی دەنێرێت کە دەڵێت 'ئێمە ڕووبەڕوی کەسانی شارەزا و هەموو خەڵکی دەوەستینەوە' ، بەو شێوەیەش ئۆپۆزسیۆنەکانی ناو حزبەکەی خۆی بە پشتگوێخراوی دەمێننەوە تا وایلێدێت حزبەکەیان جێدێڵن.

لەدرێژەی ووتارەکەی سەرنووسەری گۆڤارەکەدا هاتووە: ' ئەگەر حزبی کۆمارییەکان کۆشکی سپی ببەنەوە یاخود بیدۆڕێنن، ئەوا لە هەردوو حاڵەتەکەدا ئەوان ئەنجوومەنی پیرانیان کۆنتڕۆڵ کردووە، بەوجۆرەش کێشە سیاسیەکانی چوار ساڵی ڕابردوو وەک خۆیان بەردەوام دەبن، هەربۆیە لە ئەگەری گرتنە دەستی کورسی دەسەڵات لەلایەن جۆ بایدنەوە، گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ ڕوونادات. هەروەها ئاستەمە ئەگەر جۆ بایدن لە کورسی دەسەڵاتدا هیچ دەستکەوتێک بەدەستبێنێت ئەگەر نەتوانێت کۆنترۆڵی ئەنجووکەنی پیران بکات.' 

سەرنووسەرەکە وای دەبینێت کە 'بایدن دەیەوێت مامەڵەی خۆی لە واشینتۆن بگۆڕێت، هەروەک ساڵانی سەرۆکایەتی ئۆباما ئەوەی بۆ دەرخستین کە بایدن لە ڕاستیدا مەیلی بەلای هەردوو حزبی دیموکراتی و کۆماریشدا هەیە. بەڵام کۆمارییەکان ڕەتی دەکەنەوە هاوکار بن لەو لایەنەوە، بۆیە چانسی بایدن لە گۆڕینی ڕێڕەوی دەسەڵات سفرە' بەوپێیەی ' لە سایەی حکومەتێکی دوو باڵیدا پێدەچێت حکومەت زۆر سست و ناچالاک بێت لەبەرامبەر پرسێکی گرنگی وەک ڕوبەڕوبونەوەی ڤایرۆس و پەتادا (هەرچەندە بایدن ڕەنگە بتوانێت هەندێک چاکسازی بکات لەڕێگەی دەسەڵاتە جێبەجێکارەکەیەوە) بەڵام ڕەنگە نەتوانێت گۆڕانکاری گەورە لە ئابووریدا ئەنجامبدات بەبێ پاڵپشتی کۆنگرێس)' لە حاڵەتی سەرنەکەوتنی بایدن لە ڕوبەڕوبونەوەی کۆرۆنا، بازاڕەکانی ئەمریکا و جیهان بەردەوام دەبن لە داڕمان و ناجێگیری.'

هەر لەو بارەیەوە 'ئیسان شارۆر' کە شارەزای بواری کاروباری ئەمریکایە لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە، لە ووتارێکیدا کە لە ڕۆژنامەی 'واشینگتۆن پۆست'دا بڵاویکردوەتەوە نووسیویەتی ' دیارترین و گرنگترین ئەنجامی ئەم هەڵبژاردنە بریتییە لە کۆتاییهاتنی خەیاڵ پڵاوی'' چونکە لە ساڵی ٢٠١٩دا مێژوونوسی سەرۆکایەتی-رۆن چێرنۆ- باسی لەو نەهامەتییانە کردبوو کە لە ماوەی سەرۆکایەتی ترەمپدا ڕوویانداوە و وەک ساتەوەختی مێژویی ناهەموار بۆ ئەمریکییەکان وەسفی کردوون. هەر بۆیە پێشبینی کردبوو کە ژمارەی لایەنگرانی جۆ بایدنی ڕکابەری ترەمپ ڕوو لە زیادبوون بکەن، بەتایبەتیش لەنێو ئەو کۆمارییانەی کە دژی سیاسەتەکانی ترەمپ بوون.'

هەروەک مامەڵەی ترەمپ لەگەڵ هاوڵاتیانی ئەمریکا و دەرەوەی ئەمریکا بە 'نا ئەمریکی' وەسفکردووە.جگە لەوەش لێدوانەکانی ترەمپی بە تاک لایەن و نەشیاو لە قەڵەمداوە، ئەمە جگە لە باسکردنی لاوازی ئیدارەکەی و شکستهێنانی لە مامەڵە کردن لەگەڵ ڤیرۆسی کۆرۆنا کە بە ناپاکی بێباکانە وەسفکراوە.

لەبەرامبەردا مێژوونوسەکە بەباشی باس لە بایدن دەکات و دەڵێت ' ئەو ئاشنایە بە بەها پیرۆزەکانی کۆمەڵگا، هەروەها ڕوحی هاوکاری و هاوڕایی لە سیاسەتی ئەمریکیدا هەیە، هەر لە سەرەتاشەوە وادەردەکەوت کە زۆرینەی دەنگەکان بۆ بایدنە و بێ ڕکابەرییەکی ئەوتۆ سەرۆکایەتی ئەمریکا وەردەگرێت' بەڵام ئەوەبوو ترەمپ بە پێچەوانەی پێشبینیەکانەوە بە بەهێزی دەرکەوتو دەنگێکی زۆرتری لەوە بەدەستهێنا کە لە ٢٠١٦دا پێی بووە سەرۆک. بەوجۆرەش خەونەکانی دیموکراتییەکانی خستە بەردەم مەترسیەوە و تەنانەت ڕووی ئەنجوومەنی پیرانشی بەلای خۆیدا وەرگێڕا'

لەلایەکی دیکەوە (کلیمینس وێرجین)ی گەورە ڕۆژنامەنووسی بیانی لە ڕۆژنامەی 'دی فیلت'ی ئەڵمانیدا نوسیویەتی ' ئەمریکییەکان یەکجار بەو شێوەیە دژی ترەمپ و ئایدۆلۆژییەکەی نەبوون وەک دەوترا، تەنانەت گەر بایدنیش براوە بێت لە کۆتاییدا، ترەمپ بە بەهێزی بوونی خۆی سەلماند'

گەورە بەرپرسانی ئەوروپا نیگەرانی خۆیان لەبارەی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکاوە نیشاندا و هۆشداریاندا لە ئەگەری 'تەقینەوە'ی دۆخەکە. هەروەک چاودێرانی هەڵبژاردن لە ڕێکخرای ئاسایش و هاوکاری بەیاننامەیەکیان لەو بارەیەوە بڵاوکردەوە کە تیایدا داوای 'پابەندبون' لە دەسەڵاتدارانی ئەمریکا دەکەن دەربارەی هەژمارکردنی سەرجەم دەنگەکان. (مایکڵ جۆرج لینک) ئەندامی شاندی ڕێکخراوی ئاسایش و هاوکاری لە ئەوروپا ڕایگەیاند: ' ئەو تۆمەتانەی کە سەرۆکی ئێستای ئەمریکا باسیان لێوە دەکات هیچ بنەمایەکیان نییە و زیان بە متمانەی هاوڵاتییان دەگەیەنێت بەرامبەر بە دەزگا دیموکراسییەکان.'

لەلایەکی دیکەوە ڕۆژنامەنووس (مۆنیکا هیسە) نووسیویەتی 'ڕاستە دەرەنجامەکانی ئەم هەڵبژاردنە زەمین لەرزەی لێناکەوێتەوە، بەڵام شەڕە دەم و ڕەنگە تاوەکو ناو هۆڵەکانی دادگاش نەوەستێت. بەڵام بە بردنەوەی ترەمپ یاخود دۆڕانی، ئایدۆلۆژیەکانی لە ناو زبڵدانی مێژوو هەرگیز ناسڕێتەوە، بەڵکو دەبنە بناغە و بەشێک لە بناغە'. 

بە گوێرەی دوا ووتەی نووسەرەکەش بۆمان دەردەکەوێت کە ڕاکردن نییە لە ئایدۆلۆژی و سیاسەتی چەوتی ترەمپ ، بەڵکو ترەمپایەتی وەک ڕەوتێکی بەهێز لەناو سیاسەتی ئەمریکادا دەمێنێتەوە'.


PM:10:41:07/11/2020


ئه‌م بابه‌ته 6316 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو