د. سەیوان عەلی: لە مانگێکدا 4391 مامۆستا و قوتابی توشی کۆرۆنا بوون


وێستگەنیوز-

بریكاری وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگەیاند، له‌سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنی پڕۆسه‌ی خوێندنی ئەمساڵەوە 4391 مامۆستا و قوتابی ئه‌وانه‌ی ده‌وام ده‌كه‌ن له‌شاری هه‌ولێر و سنوری پارێزگای سلێمانی تووشی كۆرۆنا بوون، بۆیە وەزارەتی پەروەردە و لیژنه‌ی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ڤایڕه‌سی كۆرۆنا پرسی بەردەوامی یان  راگرتنی پرۆسەی خوێندن تاوتوێ دەکەن.

د. سەیوان عەلی، بریكاری وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی حكومه‌تی هه‌رێم بە دەنگی ئەمریکای راگەیاندوە، هەرچەندە تائێستا ئاماری فەرمی لەبارەی ژمارەی توشبوانی کۆرۆنا لە ناوەندەکانی خوێندن لەبەردەست نیە، بەڵام ئاماری گشتی "ڕێكوپێك ته‌نها بۆ پارێزگای هه‌ولێر و پارێزگای سلێمانی به‌هه‌ندێك قه‌زاكانیه‌وه‌ هه‌مانه‌، ئاماره‌كه‌ له‌هه‌ولێر هه‌موو حاڵه‌ته‌كان له‌مامۆستایان نزیكه‌ی 1700 به‌ركه‌وته‌مان هه‌یه‌، واته‌ توشبوومان هه‌یه‌ 448 فه‌رمانبه‌ر توشبووه‌ ، 1443 قوتابیش توشبووبون، وه‌ دوو حاڵه‌تی مردنیش هه‌یه‌ كه‌مامۆستان.".

ئاماژەی بەوەشکردوە، " ئێستا له‌ناو شاری سلێمانیدا له‌په‌روه‌رده‌ی ڕۆژهه‌ڵات 43 خوێندكار توشبوومان هه‌یه‌، 34 مامۆستا و 5 فه‌رمانبه‌ریش تووشبوون، له‌په‌روه‌رده‌ی ڕۆژئاوای سلێمانی 78 خوێندكار توشبوو هه‌یه‌، 94 مامۆستا و 23 فه‌رمانبه‌ر توشبووه‌، له‌چه‌مچه‌ماڵ و پشده‌ر و شارباژێر و ڕانیه‌ توشبوومان هه‌یه‌، كۆی گشتی توشبوو له‌سلێمانی ده‌گاته‌ نزیكه‌ی 800مامۆستا و قوتابی به‌هه‌موو قه‌زاكانیه‌وه، هەروەها له‌ هه‌ولێر توشبوو زیاتره‌ به‌پێی ئاماره‌كه‌ به‌ڵام به‌بۆچوونی من چه‌ند هۆكارێك هه‌یه‌، یه‌كه‌م هه‌موو قوتابخانه‌كان له‌سلێمانی نه‌كراونه‌ته‌وه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی یه‌كێتی مامۆستایان بایكۆتی خوێندنی كردووه‌ ، دووه‌میان له‌به‌رئه‌وه‌ی ژمارەی پشكنینه‌كان لە سلێمانی كه‌مترن له‌چاو هه‌ولێردا. "

سه‌باره‌ت به‌ئاماری تووشبووانی كۆرۆنا له‌ناو مامۆستایان و قوتابیان له‌شاری دهۆك، د.سه‌یوان عه‌لی ده‌ڵێت " هێشتا ئاماری شاری دهۆك-مان پێنه‌گه‌یشتووه‌، من پشبینی ده‌كه‌م ئه‌گه‌ر ئاماری دهۆك-مان بۆ بێت ڕێژه‌ی توشبوون به‌پێی ڕێژه‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی هاوتا ده‌بێت له‌گه‌ڵ هه‌ولێردا له‌ سلێمانیش ئه‌گه‌ر ئه‌و پشكنینانه‌ به‌ڕێكوپێكی بكرێن ، پێشبینی ده‌كه‌م زیاتر ده‌بن له‌و ژمارانه‌ی كه‌ به‌ده‌ستی ئێمه‌ گه‌یشتووه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ ناتوانرێت بڕیار بدرێت كه‌ ئه‌مه‌ 100% ڕاستن به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌به‌رده‌ستدایه‌ ئه‌مڕۆ ئه‌مه‌یه‌."

ناوبراو ئه‌وه‌شی خستوەتەڕو، " له‌كۆی 1771 مامۆستا و 1443 قوتابی و 448 فه‌رمانبه‌ر له‌هه‌ولێردا ته‌نها دوو حاڵه‌تی مردنمان هه‌یه‌ كه‌ ئه‌وانیش مامۆستان واته‌ قوتابیان یه‌ك حاڵه‌تی مردن ڕانه‌گه‌یه‌نراوه‌ تائێستا لای ئێمه‌ له‌سلێمانیش یه‌ك حاڵه‌تی مردن هه‌یه‌ كه‌ له‌ قوتابخانه‌یه‌كی پێشمه‌رگه‌یه‌ بۆ ئه‌و پێشمه‌رگانه‌یه‌ كه‌ ده‌یانه‌وێت بڕوانامه‌كانیان به‌رز بكه‌نه‌وه‌ و بڕوانامه‌ی ئاماده‌یی به‌ده‌ست بهێنن، یه‌ك پێشمه‌رگه‌ مردووه‌ من پێشبینی ناكه‌م كه‌ ئه‌ویش له‌ قوتابخانه‌ توشبوو بێت، به‌ڵكو پێشبینی ده‌كه‌م له‌ فه‌وجه‌كه‌ی خۆی یان له‌ لیواكه‌ی خۆی یان له‌و شوێنه‌ی كه‌ ده‌وامی تێدا ده‌كات توش بوو بێت."

بریكاری وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان-عیراق ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات" مه‌سه‌له‌ی ده‌وام كردن و نه‌كردنی ته‌نها به‌ده‌ست وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ نییه‌ ئێمه‌ به‌هه‌ماهه‌نگی ته‌واو له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ده‌رگای قوتابخانه‌كانمان كردۆته‌وه‌ ، له‌ژێر سه‌رپه‌رشتی لیژنه‌ی باڵای ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا كه‌سه‌ر به‌ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانه‌ كه‌وه‌زیری په‌روه‌رده‌ و وه‌زیری خوێندنی باڵا وه‌زیری ته‌ندروستی وه‌زیری ناوخۆ له‌ژێر سه‌رپه‌رشتی سه‌رۆك وه‌زیراندا ئه‌مانه‌ كۆده‌بنه‌وه‌ و بڕیاریانداوه‌ كه‌ده‌وام بكرێته‌وه‌."

هه‌روه‌ها وتیشی" ئه‌گه‌ر سه‌یری هه‌موو دنیا بكرێت، خوێندن له‌هه‌موو دنیا به‌رده‌وامه‌ ڤایڕه‌سی كۆرۆنا تێیدا به‌جددی گه‌شه‌ی كردووه‌ به‌ڵام ئێمه‌ له‌كوردستاندا ئه‌و توانا گه‌وره‌یه‌ی كه‌ له‌وڵاتانی تردا هه‌یه‌ بۆ مه‌سه‌له‌ی چاره‌سه‌ركردنی نه‌خۆشیه‌كان و مه‌سه‌له‌ی بوونی نه‌خۆشخانه‌ و بوونی ئامێری هه‌ناسه‌دان و ئۆكسجین به‌ڵام له‌ كوردستاندا به‌هۆی بوونی ئه‌و قه‌یرانه‌ داراییه‌وه‌ ئه‌و توانایه‌ تۆزێك كه‌متره‌ له‌به‌رئه‌وه‌ ئێمه‌ ده‌بێت ئه‌و شته‌ له‌به‌رچاو بگرین له‌به‌رئه‌وه‌شه‌ كه‌ لیژنه‌ی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ڤایڕه‌سی كۆرۆنا له‌ 1/11 كۆده‌بێته‌وه‌ و پێشبینی ده‌كه‌م بڕیارێك بده‌ن، وه‌كو وتم له‌ده‌سه‌ڵاتی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌دا خوێندن ڕابگرێت به‌ڵكو بڕیاری ڕاگرتنی پرۆسه‌ی خوێندن ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ لیژنه‌ی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ڤایڕه‌سی كۆرۆنا له‌ژێر سه‌رپه‌رشتی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیراندا."

بریكاری وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لەبارەی راگرتنی دەوامیش باسی لەوەکردوە، "من به‌ش به‌حاڵی خۆم ڕزگاركردنی گیانی یه‌ك قوتابی و یه‌ك مامۆستا زۆر گرنگتره‌ له‌وه‌ی كه‌ساڵێكی خوێندن بفه‌وتێت یان نه‌فه‌وتێت ئێمه‌ وه‌كو وه‌زاره‌ت هه‌م ژیانی قوتابیان و مامۆستایانمان به‌لاوه‌ گرنگه‌ هه‌م پرۆسه‌ی خوێندنمان به‌لاوه‌ گرنگه‌ ئێمه‌ ئێستا گیرمان خواردووه‌ و نازانیین چ بڕیارێك بده‌ین ئه‌گه‌ر بڕیار بده‌ین بڵێین ده‌وام ده‌كرێته‌وه‌ و ده‌وام به‌رده‌وام ده‌بێت خوانه‌خواسته‌ ڤایڕه‌سه‌كه‌ گه‌شه‌ بكات به‌شێوه‌یه‌كی جددی و زه‌ره‌ر و زیانێكی گیانی زۆر بكه‌وێت له‌كوردستان، ئه‌وكاته‌ ئێمه‌ به‌ڕاستی ده‌كه‌وینه‌به‌ر تانه‌ و ته‌شه‌ر و ڕه‌خنه‌ی قورسه‌وه‌ ئه‌گه‌ر قوتابخانه‌كانیش دابخه‌ین و گه‌شه‌ نه‌كات ئه‌وكاته‌ ده‌كه‌وینه‌ ژێر تانه‌ و ته‌شه‌ر و ڕه‌خنه‌ی قورسه‌وه‌ كه‌ بۆچی پرۆسه‌ی خوێندنمان وه‌ستاندووه."

هه‌روه‌ها وتی" ئێستا زۆر گله‌یمان لێده‌كرێت كه‌ خوێندن به‌ ئه‌لكترۆنی له‌كوردستاندا سه‌رناگرێت خۆشبه‌ختانه‌ ئێستا خه‌ڵك خه‌ریكه‌ ڕادێت به‌ مه‌سه‌له‌ی خوێندن به‌ ئه‌لكترۆنی من هیوادارم ئه‌و پۆلانه‌ی كه‌ گرنگن و كردومانه‌ته‌وه‌ تاوه‌كو ئێستا پۆله‌كانی 1و2و 12 كه‌ به‌رده‌وام بن له‌خوێندن و پۆله‌كانی تر به‌شێوه‌ی ئه‌لكترۆنی بخوێنن به‌لانی كه‌مه‌وه‌ هه‌تا پشووی نیوه‌ی ساڵ بزانیین چی ده‌بێت و زیاتر ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ ئه‌و ڤایڕه‌سه‌ چه‌ند گه‌شه‌ی كردووه‌ و چه‌ند زیانی گیانی هه‌یه‌."

ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی پێشنیارییان چیه‌ بۆ ئه‌مساڵی پڕۆسه‌ی خوێندن؟ بریكاری وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی حكومه‌تی هه‌رێم وتی" پێشنیاری ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئێمه‌ كارێك بكه‌ین نه‌ پرۆسه‌ی ساڵێكی خوێندن له‌ده‌ست ده‌ربچێت و په‌كی بكه‌وێت نه‌ ژیانی خه‌ڵكیش بخه‌ینه‌ مه‌ترسیه‌وه‌. واده‌كه‌ین كه‌ ڕاوێژكاران و پسپۆڕانی وه‌زاره‌ته‌كانی په‌روه‌رده‌و خوێندنی باڵا و وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی كۆببنه‌وه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ بڕیارێك بده‌ن ، من پێشبینی ده‌كه‌م كه‌ بڕیارێكی باش ده‌ده‌ن چونكه‌ خه‌ڵكی شاره‌زامان زۆره‌ له‌ كوردستاندا ، وه‌ ئه‌زموونی وڵاتانیش بۆ ئێمه‌ ڕوونه‌ كه‌ ئێستا پرۆسه‌ی خوێندن چ كاریگه‌ریه‌كی كردووه‌ له‌سه‌ر بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و ڤایڕه‌سه‌ من وای بۆ ده‌چم كه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ ئێمه‌ بتوانیین هه‌نگاوێك بنێین یان بڕیارێك بده‌ین كه‌ بڕیاریِكی ژیرانه‌ و ڕێكوپێك بێت بتوانیین هه‌م پرۆسه‌ی خوێندن ڕزگار بكه‌ین هه‌م زه‌ره‌و زیانی گیانی بۆ كوردستان نه‌بێت."

دوێنێ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕایگه‌یاند هه‌ركارمه‌ندێكی ته‌ندروستی به‌كۆرۆنا كۆچی دوایی بكات قه‌ره‌بوو ده‌كرێته‌وه‌ به‌بڕی پێنج ملیۆن دینار له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی ئایا بیرتان له‌وه‌نه‌كردۆته‌وه‌ قه‌ره‌بوی خوێندكاران و مامۆستایانی توشبووی كۆرۆنا بكه‌ن ؟ له‌وه‌ڵامدا د.سه‌یوان عه‌لی وتی" ئێمه‌ له‌ئه‌نجوومه‌نی وه‌زاره‌تدا هه‌تاوه‌كو ئێستا باسی قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی ئه‌و مامۆستا و خوێندكار و فه‌رمانبه‌رانه‌ی به‌ كۆرۆنا گیان له‌ده‌ستدده‌ن نه‌كردووه‌ هه‌تا ئێستا نه‌بووه‌ به‌یه‌كێك له‌ خاڵه‌كانی كه‌ باسی بكه‌ین له‌كۆبوونه‌وه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زاره‌ت، له‌وانه‌یه‌ بارودۆخه‌كه‌ وابكات كه‌ ئێمه‌ش دابنیشین و باسێك له‌و بارودۆخه‌ بكه‌ین و بیخه‌ینه‌به‌ر لێكۆڵینه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زاره‌ت به‌ڵام هه‌تا ئه‌مڕۆ باسێكی له‌وجۆره‌ نه‌كراوه‌ له‌لای ئێمه‌."


AM:10:49:27/10/2020


ئه‌م بابه‌ته 1064 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت