دوای رۆژێک لە نمایشکردنی، تابلۆی ئازاری (مێیینەکان) لە کوردستان دەسوتێنرێت

‌ تابلۆی ئازاری (مێیینەکان) لە کوردستان دوێنێ لە سلێمانی نمایشکرا

وێستگەنیوز-

دوای ئەوەی دوێنێ لەسەر پێشنیازی ژنێکی شێوەکار و بەهاوکاری رێکخراوێکی کۆمەڵگەی مەدەنی درێژترین تابلۆ کە گوزارشت لە ئازاری مێیینەکان لە کوردستان دەکات  لەشاری سلێمانی  نمایشکرا، شەوی رابردو تابلۆکە لەلایەن چەند کەسانێکەوە سوتێنراوە و لێکراوەتەوە، سەرپەرشتیارانی چالاکییەش بڕیاریانداوە ئەمڕۆ تابلۆکان لێبکەنەوە.

تارا عەبدوڵا، شێوەکار و خاوەنی بیرۆکەکە بە وێستگەنیوز- راگەیاند، پڕۆژەی (مێیینە) درێژترین تابلۆیە و لە جلوبەرگی ئەو خانمانە بەرهەمهێنراوە کە توندوتیژیان بەرامبەر کراوە، تەواوی ئەو جلوبەرگانە پێکەوە دوراون، دوێنێ باخچەی نالیەوە تاوەکو دادگای سلێمانی هەڵوسران کە درێژییەکەی نزیکەی چوار هەزار و 800 مەتر بووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئامانج لەم کارە نیشاندانی ئەو ئازارانەیە کەلەناو کۆمەڵگەدا دەگوزەرێت دەمانەوێت بیهێنەسەر شەقام و ئاڕاستەی خەڵک و کۆمەڵگەی بکەین، بۆ ئەوە نیشانی بدەین کەلەناو تاک بەتاکی کۆمەڵگەی کوردیدا، لەناو ماڵەکان و چوارچێوەی دیوارەکاندا بەرامبەر بە تاکێکی مێینە چی دەگوزەرێت".

تارا عەبدوڵا لەبارەی کاردانەوەکان وتی، "بەشێک لە هاوڵاتیان لە چەند شوێنێک تابلۆکەیان سوتاندوەو ئەوانەی بە ئێمە دەڵێن ئەم شارە مەشێوێنن، ئێمە دەپرسین شار بە ئازاردان و توندوتیژی بەرامبەر مێینە تێکدەچێت یان بەم جۆرە کارانە، سوپاسی هەمو ئەو کەسانە دەکەم کە هاوکارم بوون و بەدڵنیاییەوە کەسانێکیش دەستخۆشیان لێکردوین".


AM:10:35:27/10/2020


ئه‌م بابه‌ته 1136 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت