ئۆپۆزسیۆن کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستان بایکۆت دەکات
پەرلەمانی کوردستان
وێستگەنیوز-
دوای زیاتر لە دوو مانگ بەسەر هەوڵێکی پەرلەمانتارانی ئۆپۆزسیۆن و ژمارەیەک پەرلەمانتاری فراکسیۆنی گۆڕان بۆ پرساندنی سەرۆکی حکومەت، جێگری سەرۆکی حکومەت و وەزیری دارایی، دواجار سەرۆکایەتی پەرلەمان بابەتی پرساندنی خستوەتە بەرنامەی کاری کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمان، بەڵام ئەو سێ بەرپرسە خۆیان ئامادەنابن و بەراپۆرت رونکردنەوەیان داوەتە پەرلەمان، پەرلەمانتارانی ئۆپۆزسیۆنیش ئەو هەوڵە بە "ناپەیڕەوی" ناودەبەن و بڕیاری بایکۆتی کۆبونەوەکەیان داوە.
ئەبوبەکر هەڵەدنی، ئەندامی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی کوردستان بە وێستگەنیوزی راگەیاند، شێوازی پرساندنی سەرۆکی حکومەت، جێگری سەرۆکی حکومەت و وەزیری دارایی بەبێ ئامادەبوونی خۆیان و رونکردنەوە لەرێگەی ناردنی راپۆرت بۆ وەڵامی پەرلەمانتاران رێکارێکی "ناپەیڕەوییە" و ئەوان وەک 23 پەرلەمانتارەکە کە واژۆیان لەسەر یاداشتی پرساندنەکە کردبوو لە راوێژدان بەمەبەستی وەرگرتنی بڕیارێک کە کۆدەنگی لەسەر بێت، نەک هەر پەرلەمانتار و فراکسیۆنێک بەجیا هەڵوێستی خۆی دەرببڕێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەئێستادا سەرۆکی فراکسیۆنەکانی کۆمەڵ، یەکگرتوو و نەوەی نوێ لە کۆبوونەوە و راوێژدان و خواستی ئەوەیان هەیە وەک ئۆپۆزسیۆن و ئەو پەرلەمانتارانەی کە واژۆیان لەسەر یاداشتی پرساندنەکە کردوە بە بەشداربوون لە کۆبوونەوەکە و پێدانی سەرنجی خۆیان یان بە بایکۆتی کۆبوونەوەکە بەیەک هەڵوێست بڕیاربدەن، "وەک یەکگرتوو لەگەڵ ئەوەین ئۆپۆزسیۆن بەبایکۆت یان بەشداریکردن یەک هەڵوێستی هەبێت".
کاتژمێر 2:00ی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە پەرلەمانی کوردستان کۆدەبێتەوە، کۆبوونەوەکە لە سێ بڕگە پێکهاتوە ئەوانیش: خوێندنهوهی یهكهم بۆ پێشنیازهیاسای (پاراستنی تۆڕو بنچینهكانی ئاوو ئاوهڕۆ لهههرێمی كوردستان-عێراق و بهرێوهبردن و پاراستنی ئاو لهههرێمی كوردستان-عێراق)، بڕگەی دوەم دانانی ئهندامی پهرلهمان عومەر عەبدوڵڵا فەتاح له لێژنهی دارایی و كاروباری ئابووری و برگەی سێیەمیش تایبەتکراوە بە گفتوگۆی پرساندن و وهڵامهكانی (سهرۆكی ئهنجوومهنی وهزیران) و (جێگری سهرۆكی ئهنجوومهنی وهزیران) و (وهزیری دارایی و ئابووری).
پەرلەمانی کوردستان بە واژۆی 23 پەرلەمانتار دەتوانێت پرساندنی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکات و هەر ئەندامێکی کابینەکەش بە واژۆی 19 پەرلەمانتار دەچێتە بەردەوام پەرلەمان، دوای وەڵامدانەوەی پرسیاری پەرلەمانتاران سەرۆکایەتی پەرلەمان وەڵامی سەرۆکی حکومەت یان هەر ئەندامێکی کابینەکە دەخاتە دەنگدانەوە ئەگەر پەرلەمانتاران دەنگیاندا بە رازی نەبون بە وەڵامەکاندا، لە کۆبونەوەیەکی دیکەی پەرلەماندا پرۆسەی وەرگرتنەوە یان دوبارە پێدانەوەی متمانە بە وەزیرەکان دەخرێتە دەنگدانەوە.
30ی ئاب رێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، وەڵامی داواکاری پەرلەمانتارانی لەبارەی بانگهێشتکردنی سەرۆک و جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم و وەزیری دارایی و ئابوری دایەوە و یاداشتەکەی رەتکردەوە، لەوبارەیەوە رایگەیاندبو، "یاداشتی پرساندن ئاراستەی سەرۆکی پەرلەمان دەکرێت نەک سەرۆکایەتی، بۆیە بفەرمون بە ئاراستەکردنی یاداشت بۆ سەرۆک یاخود جێگری سەرۆک وەزیران یاخود وەزیری دارایی بە سێ یاداشتی جیا بۆ سەرۆکی پەرلەمان".
هـ.هـ
AM:09:59:27/10/2020
ئهم بابهته 3024
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت