کەرکوک.. ئەفسەرێکی کورد شەهیدکرا

‌کەرکوک

وێستگەنیوز-

درەنگانێکی شەوی رابردو هێرشێکی چەکداری هێزەکانی پۆلیسی نەوت و غازی فیدڕاڵی لە کێڵگەی نەوتی خەبازە لە کەرکوک کردوەتە ئامانج و لە ئەنجامدا ئەفسەرێکی کورد بە پلەی نەقیب شەهیدکراوە.

سەرچاوەیەکی ئەمنی ئاگادار لە پارێزگای کەرکوک بە وێستگەنیوزی راگەیاند، درەنگانی شەوی رابردو هێرشێکی چەکداری کراوەتەسەر کێڵگەی نەوتی خەبازە لە کەرکوک کە گومان دەکرێت هێرشەکە لەلایەن چەکدارانی داعش ئەنجام درابێت، چەکدارەکان لە رێگەی "قەناس"ەوە ئەفسەرێکی کوردیان بەناوی (لەتیف ڕەحمان لەکی) شەهیدکردوە.

ئاماژەی بەوەشکرد،  ئەو ئەفسەرە کوردە دانیشتووی قەزای دووز خورماتوو یە و لەدایکبووی (1968) بووە و لەلایەن چەکدارەکانەوە "بەقەناس کراوەتە ئامانج و دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە".

مانگی تەمموزی ئەمساڵیش دوای چەندین رۆژ لە ناكۆكی، وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی بەرگری عێراق لەسەر پڕكردنەوەی 11 كیلۆمەتر بۆشایی ئەمنی لە سنوری میحوەری دو و ناوچەی سلێمان بەگ رێككەوتن.

ئەو کات لیوا قارەمان كەمال، جێگری سەرۆكی ئەركانی ئۆپەراسیۆنەكان لە وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند، ئەم رێككەوتنە لەبەرژەوەندی هەردولایە دژی چەكدارانی داعش، سەرەڕای رێککەوتنی هەردولاش بەڵام دۆخی ئەمنی کەرکوک و ناکۆکییەکان بووەتە هۆی دروستبوونی بۆشایی ئەمنی لە زیاد لەناوچە و شوێنێک کە چەکدارانی نەناسراو سودی لێوەردەگرن بۆ هێرشەکانیان.


AM:09:20:27/10/2020


ئه‌م بابه‌ته 2504 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت