قەرەیلان: دەمانەوێت بۆچوونی کاک مەسعود لەسەر جوڵەی هێزەکانیان بزانین

‌مەسعود بارزانی و موراد قەرەیلان

وێستگەنیوز-

موراد قەرەیلان، ئەندامی کۆنسەی بەڕێوبەریی پەکەکە، لەبارەی جوڵەی هێزەکانی پێشمەرگە لەناوچە سنورییەکانی قەزای ئاکرێ لە سنوری پارێزگای دهۆک رایگەیاند، هێزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لەهەر شوێنێک بارەگای گەریلا هەبێت ئەوان بارەگا لە بەرامبەریدا دروست دەکەن، ئەوان دەیانەوێت " بۆچوونی کاک مەسعود لەسەر جوڵەی هێزەکانیان و شەڕی براکوژیی بزانین و من بە ئاشکرا بانگ دەکەم دەمەوێت ڕێگا لە ڕوودانی شەڕ بگرم".

موراد قەرەیلان، ئەندامی کۆنسەی بەڕێوبەریی پەکەکە بەکەناڵی ستێرک تیڤی راگەیاندوە، "هێزەکانی پەدەکە دەستیان بە جمووجۆڵ کردووە و لە پێگەیەکدا، کە ئامادەکاریی بۆ شەڕ دەکەن، ئەگەری چاودێریی و زانیاریی وەرد و جدیمان سەبارەت بەم دۆخە نەبوایە، ئەوا ئێمە هەموو کاتێک خۆشبینانە تەماشای دۆخەکە دەکەین و وامان نەدەوت، کاتێ تەماشا دەکەین، دەبینین بە ڕاستی ئامادەکاریی دەکەن، باشە ئامادەکارییانە ئامانجی چییە؟ لە هەر شوێنێ خاڵێکی ئێمە هەبێت، دەیانەوێ لەو شوێنە هێز جێگیر بکەن، لە کوێی لە نێوان دوو هێزی ئێمەدا ڕێگایەکی هاتووچۆ هەبێت، دەیانەوێ پایەگاییەکی سەربازیی درووست بکەن، نیەتیان لەو کارە چییە؟".

ئاماژەی بەوەشکردوە، "دەوڵەتی تورکیا لە کاتی ڕێفراندۆمدا جارێکی دیکە بە هاوکاریی ئێران و عێراق نەیانهشت کوردان بە ئامانجیان بگەن، پێویستە هەموو کاتێک ئەو ڕاستییە دووبارە بکرێتەوە، ئەگەری ئێمە وەکو پەکەکە نەبین، تورکەکان هێرش دەکەنە سەر هەولێر و ناهێڵین کوردان هیچ دەسکەوتێکیان هەبێت، بەڵام لە بەر ئەوەی ئێستا پەکەکە پاراستنی هەموو شوێنێک دەکات، ئەویان بە ئامانج گرتووە، دیسان دوژمن لە هەموو قسە و باسەکانیان بە ڕاکشاو دەڵێن؛ کورد نییە و هیچ مافێکیان نییە".

مورادق قەرەیلان لە وەڵامی ئەو لێدوانانەی باس لەوە دەکەن کە پەکەکە دەیەوێت وەک جێگرەوەی حکومەتی هەرێم لە باشور کاربکات باسی لەوەکردوە، "شتێکی بەو شێوەیە نییە، نازانم ئەو شتەیان لە کوێوە هێناوە، گەلۆ بۆ قانێعکردنی بەرانبەرکانیانە، یان بە ڕاستی باوەڕیان بەو قسەیە هەیە، بە تەواوەتی نازانرێت، دەبێ هەمووان بزانن ئەو قسانە هیچ بناغەیەکی ڕاستی نییە، وەزیری دەرەوەی تورکیا جارێک وتی؛ پەکەکە دەیەوێت هەولێر داگیر بکات، حکومەتی هەرێم، دەسکەوتێکی گەلی کوردە، ئەو دەسکەوتە لە ئاکامی دەیان ساڵ تێکۆشاندا بەدەست هێندرا، لە ئاکامدا ئیرادەیەکی گەل لە ئارادایە، ئێمە بۆچی خۆمان بە ئاڵتەرناتیڤی ببینین، ئەوە ڕاست نییە و شتێکی بێ بناغەیە".

ئەندامەکەی کۆمیتەی بەرێوەبەری پەکەکە ئەوەشی خستوەتەڕو، "لە هەر کوێی ڕووداوێک ڕوو بدات، دەسبەجێ دەڵێن ئەوە پەکەکە ئەنجامی داوە، کە بەرێوەبەری ئاسایشی سەرزەرێ کوژرا، دەسبەجێ وتیان کە پەکەکە کوشتوویەتی، ئەنجومەنی ئاسایشی باشور، دەقاودەق بەو شێوەیە لێدوانیان بڵاو کردەوە، زۆر عەجایەب بوو بۆ ئێمە، ئێمە ڕادەگەیەنین لە دژی هیچ بەرپرسێکی باشوری کوردستان یان ڕێکخستنەکانی باشوری کوردستان بڕیاری چالاکی کردنمان نییە، من بە شێوەیەکی فەرمی ڕادەگەیەنم کە بڕیارێکی بەو شێوەیەمان نییە، ئەوان هێندە بە دڵنیاییەوە لێدوانیان بڵاوکردەوە کە ئێمەش کەوتینە گومانەوە و وتمان گەلۆ ئەو گرووپە هەڤاڵەی ئێمە، کە لەوێن ئیمکانی هەیە شتێکی وایان کردبێت، بۆیە ئێمە لێکۆلینەوەمان کرد و دڵنیا بووین، کە کاری ئێمە نەبووە، ئەوان گەر بەڵگەیەکیان هەیە لەو بارەیەوە با بڵاوی بکەنەوە، بەڵام شتێکی بەو شێوەیە نییە، دوژمن دەیەوێت ئێمە لە دژی یەکدی بەکار بێنێت، لێرەدا گێرەشێوێنییەک لە ئارادایە، دەبێ بزانین کە دوژمنانمان کاتێ کوردان لە دژی یەکتر شەڕ بکەن، ئەوە دەکەنە ئامرازی پروپاگەندەیەکی ستراتیژیک و دەیانەوێ بەو شێوەیە ستراتیژی خۆیان سەرخەن، هەتا ئێستا کوردان لە شەڕی ناوخۆیی دا هیچ دەسکەوتێکیان بە دەست نەهێناوە، ئەمە ڕاستیییەکی ڕوون و ئاشکرایە".

قەرەیلان داوای بۆچونی رونی سەرۆکی پارتی دەکات لەبەرامبەر جوڵەی هیزەکانیان و ئاماژەی بەوەکردوە، "من نازانم کە سەرجەم بەرێوەبەرایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاگاداری ئەو دۆخەن یان نا؟ لێرەدا دەمەوێت بە تایبەتی بانگەوازیی لە کاک مەسعود بکەم، گەلۆ ئاگایی لەو کردەوانە هەیە، لەم لایەنەوە بۆچوونی چۆنە؟ هەتا ئێستا قسەی نەکردووە، ئێمە دەمانەوێت بۆچی کاک مەسعود بزانین، هەموو ئەمانە بۆ ڕوودەدەن؟ بۆ چی دەیانەوێ ڕێگای هاتووچۆی هەڤاڵان بە هێزی گەورە بگرن؟ چ دەبێت با ببێت، ئێمە ئامادەین بە گفتووگۆ و دانووستاندن کێشە ناوخۆییەکانی خۆمان چارەسەر بکەین، بەڵام ئەگەر هێزێکی چەکداری بخرێتە گەماڕۆوە و ڕاست و چەپی بگرێت و گۆڕەپانەکەی بەرتەسک بکەیتەوە ئەوە لەهەر ساتێکدا ئەگەری ئەوە هەیە کە شەڕ ڕووبدات، تەنانەت بێ داخوازیش بێت، ئیمکانی شەڕ لە ئارادایە، گومانی ئێمە لەم لایەنەوەیە و بۆیە بە شێوەیەکی ڕوون و ئاشکرا بانگەوازیی دەکەم؛ دەمەوێت ڕێگا لە شەڕێکی نەخوازراو بگیردرێت".

دوێنێ میدیای فەرمی پەکەکە بڵاویکردەوە، هێزێکی سەر بە حکومەتی کوردستان (هێزی گوڵان) رەوانەی سنورەکانی قەزای ئاکرێ کراوە کە هێزێکی پێشمەرگەکانی رۆژ-یشیان لەگەڵدایە، ئەو هێزە لەناوچەکانی نزیک لە هەرێمی "گەریلا" دەستیانکردوە بە دروستکردنی سەنگەر و پەناگە.

هاوکات سەرچاوەیەکی ئاگادار لەسنوری پارێزگای دهۆک بە وێستگەنیوز-ی راگەیاند، دوێنێ هێزەکانی وەزارەتی پێشمەرگە لەکاتێکدا کە سەرقاڵی دروستکردنی خاڵێکی سەربازی بون لەگەڵ هێزێکی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) روبەڕوبونەوە لە ناوچەیەکی نزیک لەو خاڵە سەربازییە لە ئاکرێ رویداوە.


PM:08:56:26/10/2020


ئه‌م بابه‌ته 31288 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت