به‌غداو هه‌رێم له‌سه‌ر پرسی سه‌رژمێری كۆده‌بنه‌وه‌


وێستگه‌ نیوز ـ
دەستەی باڵای سەرژمێری دانیشتوان رایگەیاند، تیمی هونەریی لە بەغداوە سەردانی هەولێر دەکەن بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئامادەکاریی بۆ دانانی پلانێکی گشتی لەپێناو ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی لە ئەمساڵدا.


ئەمڕۆ یەکشەممە 25ی تشرینی یه‌كه‌می 2020، سیروان محەمەد، ئەندامی دەستەی سەرەکی ئاماری هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، "دەستەی ئامار پێشنیازێکی خستووەتە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران تا سەرژمێریی و ئاماری گشتی بەهۆی دۆخی قورسی ئابووری و دارایی عیراق و بڵاوبوونەوەی کۆرۆناوە بۆ یەک ساڵی تر و تا کۆتایی 2021 دوا بخات".

راشیگەیاند: "تیمی هونەریی ئاماری عیراق لەم هەفتەیەدا سەردانی هەولێر دەکەن، گفتوگۆ دەکەن لەبارەی چۆنێتی داڕشتنەوەی دەستەکە بۆ دانانی پلانی تایبەت بۆ سەرژمێری و ئامار لە قۆناغی داهاتوودا".

دەشڵێت، "خشتەیەکی ورد بۆ ماوەی یەک ساڵ دانراوە تا بە باشترین شێوە کاری پێبکرێت".

باسی لەوەشکرد، "ئەگەر نەتوانرا بگەین بە قۆناغی ئامادەکاریی تەواو بۆ ئەنجامدانی سەرژمێریەکە، ئەوا بڕیاری تر دەدرێت".

بڕیارە ساڵی داهاتوو سەرژمێری گشتی لە عیراق و هەرێمی کوردستان و هەموو ئەو ناوچانەش بەڕێوەبچێت کە بە سنووری مادەی 140 ناسراون. بڕیارەکە کە دەبوایە ساڵی 2007 جێبەجێبکرێت و بۆ ساڵی 2017 و دواتر بۆ ساڵی 2020 دواخرا، بەڵام لە 2020 یشدا بەهۆی کۆرۆناوە بۆ 2021 دواخراوە.



PM:12:32:25/10/2020


ئه‌م بابه‌ته 5984 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت