60 خولەک بەئاسمانەوە.. گەشتی ئەو فڕۆکەیەی منداڵێکی تێدا لەدایکبوو

‌موعتەز فەتحی، پزیشکی منداڵانی تازە لەدایکبوو لە نەخۆشخانەکانی زانکۆی بریستۆل لە ئینگلتەرا، یەکێکبوو لەسەرنشینەکانی ناو گەشتەکە

 
وێستگه‌ نیوز-رووداو دیجیتاڵ
 
60 خولەک لە وروژان و چاوەڕوانی و ترس، باڵی بەسەر سەرجەم سەرنشینەکانی فڕۆکەیەکی سەر بە هێڵی گواستنەوەی میسردا گرت، کە لە گەشتێکدا بوو لە قاهیرەوە بۆ لەندەن.
 
رووداوە چاوەڕواننەکراوەکان، کاتێک دروستبوون کە ئافرەتێکی دووگیانی سەرنشینی خاوەن وڵاتینامەی یەمەن، هەستی بە ئازار کرد لە کاتێکدا فڕۆکەکە بە ئاسمانەوە بوو. کێشەکە ئەوەبوو لەدایکبوونی منداڵەکە، پێویستی بە نەشتەرگەری هەبوو، هەر بۆیە فڕۆکەکە بەناچاری لە فڕۆکەخانەی میونشنی نێودەوڵەتی لە ئەڵمانیا نیشتەوە.
 
کۆمپانیای هێڵی فڕۆکەوانیی میسر، لە بڵاوکراوەیەکدا ئاشکرایکرد، کەشی ناو فڕۆکەکە لە گەشتی ژمارە MS777 ئاسایی بوو، هەندێک لە سەرنشینەکان دوای ئەوەی کاژێر و نیوێک بوو فڕۆکەکە بەئاسمانەوە بوو، خەوتبوون. دۆخە ئارامەکە کاتێک شێوا کە کاپتنی فڕۆکەکە لە رێگەی پەخشکەری ناوخۆیی فڕۆکەکەوە داوایکرد "هەر کەسێک پزیشکە لە نێو فڕۆکەکەدا، تکایە پەیوەندی بە تیمی فڕۆکەکەوە بکات لەبەر حاڵەتێکی لەناکاو".
 
ئەو بانگەوازەی رووداوە گەورەکەی لێکەوتەوە
 
فڕۆکەکە مانگی رابردوو، لە گەشتی ئاسایی خۆیدا بوو، لە قاهیرەوە بۆ فڕۆکەخانەی میسر، هێشتا دوو کاژێر بۆ نیشتنەوەی فڕۆکەکە لەسەر خاکی بەریتانیا مابوو، کاتێک کاپتنەکە بانگەوازی بەهاناوەچوونەکەی راگەیاند.
 
موعتەز فەتحی، پزیشکی منداڵانی تازە لەدایکبوو لە نەخۆشخانەکانی زانکۆی بریستۆل لە ئینگلتەرا، یەکێکبوو لەسەرنشینەکانی ناو گەشتەکە. ئەو کاتێک گوێی لە بانگەوازی کاپتنی فڕۆکەکە بوو، بەیەكێک لە ئافرەتە خزمەتگوزارەکانی تیمی فڕۆکەوانییەکەی گوت، من پزیشکی منداڵانم: "چەند خولەکێکی زۆر کەمی پێچوو، تیمی فڕۆکەکە داوایان لێکردم، بەرەو پشتەوەی فڕۆکەکە بچم چونکە خانمێک لەوێ هەست بە ئازاری منداڵبوون دەکات".
 
کاتێک فەتحی بەپەلە گەیشتە بەشی پشتەوەی فڕۆکەکە، بینی ئافرەتێکی دووگیان لەوێ هەست بە ئازارێکی زۆر دەکات و ناڵەناڵیەتی، لەپاڵ ئافرەتەکەدا خانمێکی پیر وەستابوو کە دواتر دەرکەوت نەنکی ئەو منداڵەیە کە دەیەوێت بەئاسمانەوە بێتە دونیاوە. هاوکات خانمە خزمەتگوزارەکانی تیمی فڕۆکەکەش، بەسەرسەری خانمە دووگیانەکەوە وەستابوون.
 
فەتحی لەگەڵ ئافرەتە دووگیانەکەدا دەستیکرد بە قسە، ئەو بۆی دەرکەوت، دووگیانیی ئافرەتەکە لە مانگی هەشتەمیدایە، هەروەها سەری کۆرپەلەکەی ناو سکی، بەئاراستەی بەشی خوارەوەی منداڵدانی وەستاوە. ئەمەش دۆخێکی نایابە بۆ لەدایکبوونی هەر منداڵێک.
 
فەتحی بە 'سکای نیوز'ی راگەیاندووە، دوای ئەو زانیارییانە، داوام لە ئافرەتە دووگیانەکە کرد، لەسەر کورسییەکانی ناو فڕۆکەکە درێژ ببێت، دڵنیامکردەوە کە دۆخی باشە و کێشەیەک لە ئارادا نییە، پاش پشکنینی دۆخی منداڵەکەی ناوسکی، پێمگوت کۆرپەکەت دۆخی باشە، بەڵام پێویستە لەسەر کورسییەکان درێژ ببێت تا خەوی لێبکەوێت، بەرلەوەی فڕۆکەکە بگاتە فڕۆکەخانەی لەندەن و لەوێوە بیبەین بۆ نزیکترین نەخۆشخانە.
 
رێنوێنییە جێبەجێنەکراوەکان
 
رێنوێنییەکانی هێڵی فڕۆکەوانیی میسر کە لەسەر ماڵپەری کۆمپانیاکە بڵاوکراونەتەوە، پێویستی دەکەن ئافرەتانی دووگیان، هەموو زانیارییەکی ورد و پێویست بدەنە کارمەندانی کۆمپانیاکە، ئەگەر زانییان دووگیانییەکەیان لە دۆخێکی سەقامگیردا نییە و دڵنیانین لە کاتی لەدایکبوونی منداڵەکەیان.
 
کۆمپانیاکە هەروەها پێویستیکردووە خانمە دووگیانەکان، ئەگەر کێشەیەکیان لەکاتی دووگیانیەکەیاندا هەبوو، یان چووبوونە ناو مانگی کۆتایی دووگیانییەکەیانەوە، یان دڵنیانەبوون لە مێژووی لەدایکبوونی کۆرپەکەیان، راپۆرتی پزیشکی بدەنە کارمەندانی کۆمپانیاکە.
 
روشدی زەکەریا، بەڕێوەبەری ئەنجوومەنی کارگێڕیی کۆمپانیای هێڵی فڕۆکەوانیی میسر، بە ماڵپەری 'سکای نیوز'ی راگەیاندووە، زۆر ئافرەت دووگیانییەکەیان پێوە دیار نییە و خۆشیان دووگیانییەکە ئاشکرا ناکەن.
 
سەرنجی بۆ ئەوە راکێشاوە کە هەندێک دۆخ، ئافرەتەکان ناچاردەکات زانیاری لەبارەی دووگیانییەکەیان نەدەن، لەترسی "رێگرتن لە گەشتکردن، دەگمەنیش روودەدات منداڵ لە نێو فڕۆکەدا لەدایک ببن".
 
گەڕانەوەی پزیشکەکە بۆ لای ئافرەتە دووگیانەکە
 
دوای گەڕانەوەی پزیشکەکە بۆ شوێنی دانیشتنی خۆی، خالید عەشماوی کە لە نزیک ئافرەتە دووگیانەکە دانیشتبوو لە نێو فڕۆکەکەدا، چاوی بەو ناوەدا دەگێڕا و بینی جموجوڵێکی زۆر لە چواردەوری ئافرەتە دووگیانەکە هەیە: "هێندەی نەبرد پزیشکەکە جارێکی دیکە هاتەوە بۆ لای ئافرەتە دووگیانەکە".
 
عەشماوی کە قسەی بۆ ماڵپەری 'سکای نیوز'کردووە رایگەیاندووە: "سەرنشینەکان لە سەرەتاوە وایانزانی ئافرەتە دووگیانەکە، تەنیا هەستی بەدۆخێکی ئاسایی تەندروستی تێکچوون یان ماندوویەتیی بەهۆی گەشتەکەوە کردووە، دواتر بۆیان دەرکەوت، ئەوان لەبەردەم رووداوێکدان، زۆر کەم لەنێو فڕۆکەکاندا دووبارە دەبێتەوە".
 
دوای گەڕانەوەی کەسە شارەزاکان و پزیشکەکەی ناو فڕۆکەکە، بۆ جاری دووەم بۆ لای ئافرەتە دووگیانەکە، دەرکەوت کە دۆخەکە هی ئەوە نییە چاوەڕێ بکرێت. فەتحی کە پێشتر داوای راکشان و خەوتنی لە ئافرەتەکە کردبوو، ئەمجارەیان رای لەسەر رووداوەکە گۆڕا: "بینیم هەندێک حاڵەت هەن کە پێویست دەکات وابکەین منداڵەکە لەدایک ببێت، بەتایبەت کاتێک ئاوی چواردەوری منداڵەکە لە ناو منداڵدانی دایکیدا، رژابوو، ئەوەی کە پێیدەگوترێ 'تەقینی سەرئاو'، ئیدی تێگەیشتم کە دۆخەکە مانەوە بەو شێوەیە قبووڵ ناکات، دەبێ دەستبەجێ شتێک بکەین".
 
ئەو درێژەی دەداتێ "کاتێک زانیم کارلەکار ترازاوە، داوام لە بەرپرسەکانی فڕۆکەکە کرد، دەستبەجێ شوێنێکی کراوەتر دابین بکەن تا دۆخێکی باش بۆ لەدایکبوونی منداڵەکە دروست بکەین. سەیرەکە ئەوەبوو من ترسم لە دۆخەکە یەکجار زۆر بوو، ئاخر من پسپۆری لەدایکبوونی منداڵ نیم، 12 ساڵ زیاتر بوو لەدایکبوونی منداڵم نەبینیبوو، بیرمکردەوە کارەکە وازلێبهێنم، بەڵام نەمتوانی، چونکە نەدەکرا ئافرەتێک لە کاتی لەدایکبوونی منداڵدا بەجێبهێڵم، لە کاتێکدا کۆرپەلەکە هەڕەشەی خنکانی لە ناو سکی دایکیدا لەسەر بوو".
 
ئافرەتە خزمەتگوزارەکانی ناو فڕۆکەکە، ئافرەتە دووگیانەکەیان بۆ ناوچەی ئامادەکردنی خۆراک لە ناو فڕۆکەکەدا گواستەوە، لە کاتێکدا ئەوێش شوێنێکی تەسکە کە رووبەرەکەی لە مەترێک زیاتر نییە. پزیشکەکە وای راگەیاندووە.
 
خزمەتگوزارەکان ناوچەکەیان کردە ژوورێکی بچووکی نەشتەرگەری، پەتوو و هەندێک کەرەستەی خاوێنکردنەوەیان هێنا، جگە لە ئامێرێکی هەناسەدان و سندووقی فریاگوزارییە سەرەتاییەکان.
 
هەنگاوە مەترسیدارەکان
 
عەشماوی گوتویەتی تیمی فڕۆکەکە زۆر بە ئارامی و پڕۆفیشناڵانە مامەڵەیان کرد، ئاماژەی بەوەداوە کە ئەوان لەلایەک چاویان لەسەر ئافرەتە دووگیانەکە بوو، لەلایەکی دیکەوە، خەریکی ئارامکردنەوەی سەرنشینەکانی دیکەبوون، کە هەموویان جۆرێک لە تۆقین بەرووخساریانەوە دیار بوو، زوو زووش ئەوەیان رادەگەیاند کە، دۆخێکی لەناکاوی منداڵبوون لە نێو فڕۆکەکەدا هەیە و ئەوەش هۆکاری هاتووچۆی زۆری ئەوانە بەناو فڕۆکەکەدا.
 
پزیشکەکە هەوڵی دا ئافرەتە دووگیانەکە ئارام بکاتەوە، کە نیشانەی ترسێکی زۆر بەرووخسارییەوە دیار بوو. دەبوو کارێک بکات، دایکەکە لەو دۆخە خراپە دەروونییەی تێیکەوتووە، بێتە دەرەوە. پزیشکەکە وایکرد بەدرێژایی ماوەی ئامادەبوونی بەسەر سەری ئافرەتە دووگیانەکەوە، زەردەخەنە لەسەر لێوی نەبڕێت، ناوچەکەی پەردەپۆشکرد تاوەکو بەتەواوی لەسەر نشینەکانی داببڕێت و رێگەنەدات شەرم بەسەر دایکەکەدا زاڵ ببێت.
 
ئەوەی کە هاوکاری فەتحی بوو بۆ ئارامبوون لە کاتی رووداوەکە و نەشڵەژان، ئەزموونی زۆری بوو لە نەخۆشخانە و ئاگاداربوون لە دۆخی منداڵان دەستبەجێ لە دوای لەدایکبوونیان.
 
فەتحی دەڵێ: "بۆم دەرکەوت چەند خولەکێکی کەمە و منداڵەکە دێتە دەرەوە، ئەوەش وایکرد داوا لە تیمی فڕۆکەکە بکەم لە نزیکترین فڕۆکەخانە بنیشێتەوە، چونکە کۆرپەکە ژیانی لەمەترسیدابوو، خەریک دەبوو لە نێو منداڵدانی دایکیدا بخنکێت، هەروەها بەهۆی لەدایکبوونی پێش وادەی سرووشتی خۆی، دەبوو هەناسەدانی دەستکردی لەسەر دابنرێت".
 
لەبری لەندەن، بۆ میونشن
 
کاپتنی فڕۆکەکە دەستبەجێ رەزامەندی بەداواکاری پزیشکەکە دا، ئەو هاوئاهەنگی لەگەڵ فڕۆکەخانەی میونشندا کرد بۆ نیشتنەوە. هەنگاوەکە دەبووە هۆکاری دواکەوتنی گەیشتنی سەرنشینەکانی دیکە، بەڵام ئەوان بەسنگفراوانییەوە دۆخەکەیان قبوڵکرد و کەس ناڕەزایەتیی دەرنەبڕی.
 
پرۆسەی لەدایکبوونی منداڵەکە بەئاسمانەوە دەستیپێکرد و ناوچەی خۆراک ئامادەکردنی فڕۆکەکە، بووە هۆڵی لەدایکبوون. فەتحی داوای لە دایکەکە کرد گوشار بخاتە سەر ناولەشی، هەرکاتێک هەستیکرد نۆرەی ئازاری لەدایکبوون رووی تێدەکات. ئەو ئاشکرایکردووە کە کەسێک بەسەر سەری دایکەکەوە بوو لەو کاتەدا، بۆ ئەوەی ئەو وشانەی لێیان تێنەدەگەیشت، بەهۆی جیاوازی شێوەزارەکانەوە (لە نێوان میسری و یەمەنیدا)، بۆ ئافرەتەکەیان ئاسان بکات، تا رێنوێنییەکانی پزیشکەکە بەباشترین شێوە جێبەجێ بکات.
 
هەمووان لە نێو چاوەڕوانییەکی قورسدابوون، رێڕەوی ناو فڕۆکەکە، بێدەنگییەکی قووڵ بەسەریدا زاڵبووبوو، هەندێک نزایان دەکرد و هەندێکیش زوو زوو ئاوڕی دواوەیان دەدایەوە تاوەکو بزانن چی روودەدات. لە ژووری نەشتەرگەرییە ناچارییەکەدا، دەنگی پزیشکەکە کە رێنوێنی دەدایە دایکەکە و دایکەکە کە گوشاری دەکرد بۆ فڕێدانی منداڵەکە، لەگەڵ هاوارەکانی ئەو و گوشار لەخۆکردنی، ئەو ناوەیان شلۆق دەکرد.
 
دڵەڕاوکێکان گۆڕان بۆ هەلهەلە
 
کات لای هەندێک کەس زۆر خاو تێدەپەڕی، هەمووان نەیاندەزانی رووداوەکە بەچی کۆتایی دێت، رێنوێنییەکانی پزیشکەکە و ناڵەناڵەکانی دایکەکە هەر بەردەوامبوون، هەندێکجار پەرەیاندەسەند و هەندێکجاریش خاو دەبوونەوە.
 
ئەو بارودۆخە زۆری نەخایاند، هەموو شتێک کۆتاییهات، پزیشکەکە سەری منداڵەکەی بەدەستەوەگرت و لە ناو سکی دایکی دەریهێنا، دایکەکە هەناسەیەکی قووڵ و زەردەخەنەیەکی کرد، کۆرپەلەکە بە ئاسمانەوە یەکەم هەناسەی لە ژیاندا هەڵمژی و دەستیکرد بەگریان.
 
جۆرێک لە دڵخۆشی بەسەر ئەواندا زاڵبوو، لە دەرەوە هێشتا دڵەڕاوکێ نەڕەویبووەوە، فەتحی هەناسەی دەستکردی بۆ منداڵەکە کرد و ئۆکسجینی ناردە ناو سییەکانییەوە، لە رێگەی ئامێری دەستکردی هەناسەدانەوە، دواتر لەشی وشککردەوە و داوای لە تیمی فڕۆکەکە کرد، فێنککەرەوەی ناو فڕۆکەکە بکوژێننەوە تاوەکو کۆرپە تازەلەدایکبووەکە سەرمای نەبێت و گەرمیی لەشی لە پلەیەکی جێگیردا بمێنێتەوە.
 
کاتێک هەواڵی بەسەلامەتی کۆتاییهاتنی پرۆسەی لەدایکبوونەکە کەوتە بەرگوێی هەمووان، ئافرەتە میسرییەکانی ناو فڕۆکەکە، وەک خووی هەمیشەییان لەسەر زەوی، کاتێک منداڵ لەدایکدەبێت، دەستیانکرد بەهەلهەلە لێدان.
 
پزیشکەکە رایگەیاندووە: "دوای ئەوە کۆرپەلەکەم خستە ناو دەستەکانی دایکییەوە، پێمگوت هەقە ناوی بنێیت 'میسر' ئەمەش بۆ نەمربوونی ئەو دۆخە ناوازەیەی کە تێیدا لەدایکبوو".
 
یەکێک لە ئافرەتە خزمەتگوزارەکانی تیمی فڕۆکەکە، مەلۆتکەکەی پێچایەوە و لەسەر داوای پزیشکەکە، کەمێک گلوکۆزی دایە. پزیشکەکە گوتبووی ئەو کارە زۆر پێویستە تاوەکو کۆرپەلەکە هەست بەبرسیەتی نەکات، یان رووبەڕووی دۆخی لەناکاوی تێکچوونی تەندروستی نەبێتەوە.
 
وێنەگرتنی دوای هاتنەدونیای کۆرپەلەکە
 
کاتێک دۆخەکان تەواو ئارامبوونەوە، عەشماوی مۆبایلەکەی لە گیرفانی دەرهێنا و دەستیکرد بەوێنەگرتنی ڤیدیۆیی منداڵەکە، کە لە باوەشی خزمەتگوزارەکەدا بوو. ئەو دەڵێت "ویستم ئەو ساتە و ئەو ئەزموونە نایابە تۆمار بکەم، ئەو دیمەنانە لە هەموو تەمەندا تەنیا یەکجار دێن".
 
ماوەیەکی باش پاش هاتنە سەر دونیای منداڵەکە، فڕۆکەکە گەیشتە فڕۆکەخانەی میونشن، تیمێکی تەندروستی هاتن بۆ لای دایکەکە و کۆرپەلەکەی، بەڵگەنامە پێویستەکانی دۆخی دایکەکە و منداڵەکەیان ئامادەکرد و دواتر بەرەو نەخۆشخانە بەڕێکەوتن.
 
روشدی زەکەریا، سەرۆکی ئەنجوومەنی کارگێڕیی هێڵی فڕۆکەوانیی میسر، سوپاسنامەی تایبەتی ئاراستەی تیمی فڕۆکەکە کرد، بەهۆی بەشداری و رۆڵیان لە سەرخستنی ئەو رووداوە ناوازەیەدا، ئەو دووپاتیکردەوە ئەندامانی تیمەکە لەسەر تێپەڕاندنی رووداوی وا لەناکاو، مەشقدراون.
 
کۆمپانیاکە هەروەها بلیتێکی خۆڕایی تاهەتایی بە منداڵە لەدایکبووەکە، لەسەر هێڵی 'قاهیرە-میونشن'بەخشی. زەکەریا رایگەیاندووە ماڵباتی دایک و منداڵەکە، بەخۆشحاڵییەکی زۆرەوە پێشوازییان لە رووداوەکە کردووە و سوپاسی هەموو سەرنشینەکانی ناو فڕۆکەکەیان کردووە.
 
بەڕێوەبەرەکە ئەوەشی راگەیاندووە، خۆیان بۆ رێزلێنانێکی تایبەتی تیمی فڕۆکەکە ئامادە دەکەن و لە سۆراخی موعتەز فەتحی پزیشکدان، بۆ ئەوەی سوپاسی بکەن لەسەر "ئەو رۆڵە مەزنەی لە رووداوەکەدا گێڕاویەتی".
 
پزیشکەکە ئاشکرایکردووە، هێڵی فڕۆکەوانیی میسر پەیوەندییان پێوەکردووە، بەڵام ئەو بەهۆی پابەندییەکانییەوە، ناتوانێت بگەڕێتەوە میسر و ئامادە بێت و کەسێکی ماڵباتەکەی لەبری خۆی نارد بۆ رێزلێنانەکە.
 
فەتحی، رووداوێکی دیکەی ناو رووداوە سەرەکییەکەی ئاشکرا کردووە، ئەو دەڵێ "بڕیاربوو رۆژی 27ی ئەم مانگە گەشت بکەم، بلیتیشم بۆ ئەوکات کڕیبوو، دواتر بەهۆی دۆخی لەناکاوی کارەوە، ناچاربووم گەشتەکەم پێشبخەم. دیارە چارەنووس وایهێنابوو لە نێو ئەو فڕۆکەیەدابم، تاوەکو رۆڵی خۆم لە رزگارکردنی کۆرپەکە و لەدایکبوونیدا بگێڕم".
 


PM:03:02:07/10/2020


ئه‌م بابه‌ته 9716 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو