چیرۆکی ئەو لیوا روکنەی سوپای عیراق کە لە راستیدا نائیب عەریفیش نەبوو

‌فۆتۆ: گێتی

وێستگه‌ نیوز ـ ئێن ئاڕ تی
لەوانەیە گەر ئەم چیرۆکەت لە رۆمانێکدا بخوێندایەتەوە یان لە فیلمێکدا بەرچاوت کەوتبێت ئاسایی بێت بە لاتەوە و پێی پێکەنیبیت و توشی سەرسوڕمانی کردبیت، بەڵام ئەم چیرۆکە نە رۆمانە و نەفیلمیشە، بەڵکو رووداوێکی واقعییە و لەو وڵاتەدا روویداوە کە تۆ تیایدا دەژیت و پێی دەڵێن عیراق.


هاوڵاتییەک بەناوی عەلی فەرحان عەبدولنەبی، بە جلوبەرگی سەربازییەوە کە پلەی لیوا روکن لەسەرشانی بووە چەندین جار لە شوێن و ناوچەی جیا جیای عیراق دەرکەوتووە و خۆی وەکو راوێژکاری سەربازی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ناساندووە.

بەپێی قسەی شایەتحاڵەکان، ئەم لیوا روکنە، سەردانی زۆر لە ناوچەکانی عیراقی کردووە و تەنانەت کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەندام پەرلەمان و بەرپرسی یەکە کارگێڕییەکانی پارێزگاکانی باشووری عیراقیش کردووە.

لەوانەیە تا ئێرە ئاسایی بێت، بەڵام ئەوەی ئاسایی نییە کە چەند رۆژێک پێش ئێستا بەڕێوەبەرایەتی گشتی هەواڵگری و ئاسایشی عیراقی لە راگەیەنراوێکدا دەستگیرکردنی ناوبراوی راگەیاند بە تۆمەتی ئەوەی خۆی کردووە بە لیوا روکن لە سوپای عیراق و پێناسی تەزویری دروستکردووە، تەنانەت ئەم لیوا روکنە، نائیب عەریفیش نییە لە سوپای عیراق.

راگەیەنراوەکەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی هەواڵگری و ئاسایشی عیراق دەڵێت، "دوای هەوڵێکی وردی هەواڵگریی و مەیدانی بەڕێوەبەرایەتییەکەمان بە هاوکاری مەفرەزە هاوبەشەکانی هێزە ئەمنییەکان توانیمان کەسێک دەستگیر بکەین کە رۆڵی لیوا روکنی لە سوپای عیراقدا بینیوە، لە کاتی تێپەڕبونی بە یەکێک لە خاڵەکانی پشکنین لە باشوری پارێزگای بەغدا".

لەگەڵ راگەیەنراوەکەدا، بەڕێوەبەرایەتی گشتی هەواڵگری و ئاسایشی عیراق کۆپییەک لە پێناسە تەزویرەکەی لیوا روکنە تەزویرەکەش بڵاوکردووەتەوە و وێنەیەکشی لەکاتی دەستگیرکردنیدا بەم شێوەیە بڵاوکراوەتەوە.

لە راگەیەنراوەکەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی هەواڵگری و ئاسایشی عیراق دەردەکەوێت کە دەستگیرکردنی ئەم هاوڵاتییە بە سوتفە نەبووە، بەڵکو پێشتر خراوەتە ژێر چاودێرییەوە تا کاتی دەستگیرکردنەکەی.

بەپێی گێڕانەوەی شایەتحاڵەکان کە ئاگاداری چیرۆکی ئەم لیوا روکنە بوون و هەندێک لە وێنە بڵاوکراوەکانیشی پشتگیریی لە راستی چیرۆکەکان دەکات، ئەم لیواروکنە تەزویرە پاسەوانی هەبووە، بەڵام یەکلانەبووەتەوە ئایا گێڕانەوەی شایەتحاڵەکان راستە کە دەڵێن پاسەوانەکانی فەرمی بوون و لە سوپای عیراق بوون.

هەرچەندە لایەنە فەرمییەکان هیچ زانیارییەکان لەسەر ئەو کارانە و رابردووی ئەم لیوا روکنە تەزویرە بڵاونەکردووەتەوە، بەڵام گێڕانەوەی ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بابەتی سەیر و سەمەرەی لەبارەی ئەم کەسە و چیرۆکەکەیەوە لە خۆگرتووە.

باس لەوەدەکرێت، کە ئەم کەسە سەردانی ناوچەکانی باشووری عیراق و ئەهوارەکانی کردووە و کۆبوونەوەی بە بەرپرسە سەربازی و کارگێڕییەکان کردووە و بەرتیل و سەرانەشی وەرگرتووە و هەندێک جار واستە و بڕیار و تەداخولەکانی کاریکردووە و بە پارە کاری بۆ خەڵک جێبەجێکردووە.

باس لەوەشدەکرێت، ئەم هاوڵاتییە کە خۆی کردووە بە لیوا روکن، هیچ بڕوانامەیەکی نییە، بەڵام لێهاتووانە توانیویەتی سەرنجی زۆر بۆ لای خۆی رابکێشێت و بۆ ماوەی دوو ساڵ وەک لیوا روکن و راوێژکاری سەربازی سەرۆک وەزیران کاری خۆی بکات و دەستی بڕوات.


PM:02:15:12/09/2020




ئه‌م بابه‌ته 16660 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو