وەزارەتی تەندروستی پێشنیازی نەهێشتنی كەرەنتینكردنی گومانلێكراوانی كۆرۆنا دەكات


وێستگە نیوز: پشتیوان جەمال

وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، تائێستا دۆخی كۆرۆنا لەهەرێم لەكۆنتڕۆڵ دەرنەچووە و پێشنیاریش دەكەن لەمەودوا كەرەنتینكرنی گومانلێكراوانی ڤایرۆسی كۆرۆنا نەمێنێت. 

د.محەمەد قادر خۆشناو، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەوێستگە نیوزی راگەیاند  "ناتوانین بڵێین تائێستا دۆخی كۆرۆنا لەكۆنتڕۆڵ دەرچووە، چونكە لەكۆنتڕۆڵ دەرچوون بەو مانایە ناتوانین نەخۆش وەربگرین و خزمەتگوزاری تەندروستی پێشكەشی ئەو نەخۆشخانە بكەین كە پێویستییان پێیەتی، بەڵام دۆخەكەش زۆر خراپە ژمارەی تووشبوان لەڕۆژێكدا زیاترە لەژمارەی چاكبووان لەڕۆژێكدا، واتە ژمارەكە هەر لەهەڵكشاندا بێت".

ناوبراو باسی دوو پێشنیاری كرد بۆ رووبەڕوی ڤایرۆسی كۆرۆنا و وتی "یەكەم پێشنیار ئەوەیە كەرەنتین كردن نەمێنێت، چونكە لەم كاتەدا كەرەنتین سوودێكی وای نابێت، لەبەرئەوەی ئێمە وەك هەرێم مەترسیمان لەسەر ئەوە هەیە لەدۆخێكی خراپداین و ناوچەكەشمان زۆر خراپە، كە كەسێكی دیكەش لەشوێنێك كەرەنتینی دەكەیت مانای وایە شوێنی خۆی خراپە و شوێنی ئێمەش هەر خراپە، بۆیە ئەوەی لەدەرەوەی وڵات دەگەڕێتەوە بڕیارە پشكنینی بۆ بكرێت و چاوەڕوانی ئەنجامی پشكنینەكە بكات بۆ ماوەی 48 كاتژمێر، ئەگەر دەركەوت هەڵگر نییە كەواتە وەك توشبوو سەیر ناكرێت، بەڵام دەبێت لەماڵەوە ئاگای لە خۆی بێت".

د.محەمەد وتیشی "جیاكردنەوەی ئەو حاڵەتانەی بێ نیشانەن و سووكن، پێشنیار دەكەین لەماڵەوە بن و لەوێ چارەسەر وەربگرن، هەرچەندە پێشتر لەبەشی ناوخۆیی دادەنران، بەڵام ئەوە تەنها پێشنیارە و نەچۆتە بواری جێبەجێكردنەوە".

بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستی، تائێستا زیاتر لە نۆ هەزار هاوڵاتی لەهەرێمی كوردستان تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون.


PM:12:52:13/07/2020


ئه‌م بابه‌ته 1404 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو