ژوری ئۆپەراسیۆنی هه‌ڵه‌بجه 10 بڕیاری بەپەلە دەردەکات
وێستگەنیوز-
ژوری ئۆپراسیۆنی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه بۆ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا رایگەیاند، بڕیاردراوە پشوی فەرمانگەکانی حکومەت بۆ 11 تەمموز درێژبکرێتەوە و تاکاتێکی نادیاریش مزگه‌وت و شوێنه ئاینییه‌كان به‌داخراوی ده‌مێننه‌وه، بەڵام چێشتخانەکان، هۆڵە وەرزشییەکان و شوێنە گەشتیارییەکان بە رێنمایی خۆپارێزییەوە دەکرێننەوە.
ژوری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه بە سەرپەرشتی ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هه‌ڵه‌بجه‌ی کۆبووەو رایگەیاند، راگرتنی ده‌وامی ره‌سمی داموده‌زگا حكومییه‌كان بەدەر له‌هێزه‌كانی ناوخۆ، كه‌رتی ته‌ندروستی و فه‌رمانگه خزمه‌تگوزاریه‌كان كه به‌شێوه‌ی ئێشكگر و به‌پێی پێویست ده‌وام ده‌كه‌ن تاوه‌كو 11-7-2020 درێژكرایه‌وه.
ئەوەش هاتوە، سه‌رجه‌م مزگه‌وت و شوێنه ئاینییه‌كان به‌داخراوی ده‌مێننه‌وه، هه‌ر فه‌رمانگه‌یه‌كیش یه‌كێك له كارمه‌ندانی یان زیاتر هه‌ڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنا بون، پێویسته هه‌ماهه‌نگی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ته‌ندروستی هه‌ڵه‌بجه و یه‌كه كارگێڕییه‌كان رێكاری پێویست بگرنه‌به‌ر بۆ سنورداركردنی و دورخستنه‌وه‌ی به‌ركه‌وتوانی توشبو تا ماوه‌ی 14 رۆژ و دڵنیابون له‌سه‌لامه‌تیان، به‌هیچ شێوه‌یه‌كیش داوا له‌توشبوه‌كه نه‌كرێت په‌یوه‌ندی به‌ده‌وامه‌وه بكات.
لە راگەیەنراوەکەدا هاتوە، پێویستە لیژنه هاوبه‌شه‌كانی قایمقامییه‌ت هه‌وڵه‌كانیان چڕبكه‌نه‌وه و چاودێری وردی جێبه‌جێكردنی رێنماییه‌كانی ته‌ندروستی بكه‌ن، هه‌روه‌ها بانكی هه‌ڵه‌بجه رێكاری پێویست بۆ سه‌ره‌ی موچه‌خۆران له‌كاتی دابه‌شكردنی موچه‌دا ده‌گرێته‌به‌ر.
PM:08:41:04/07/2020
ئه‌م بابه‌ته 1864
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت