رۆژنامەنووسێكی نزیك لەنێچیرڤان بارزانی باسی 27 ملیار دۆلار قەرزەكەی حكومەتی هەرێم دەكات

‌نێچیرڤان بارزانی

وێستگە نیوز-

رێبوار كەریم وەلی، نووسەر و رۆژنامەنووسی نزیك لەنێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، وتاری سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان كاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا ھێنا، ئەگەرچی شتێكی تازەی تێدا نەبوو، بەڵام ئەویش ٢٧ ملیار دۆلاری وەك قەرز ھەم لەسەر حكومەتی ھەرێم و ھەم لەسەر پارتی كردە ماڵ؛ دەرھاوێشتەی"چەوتییەكانی" كابینەكانی پێشوو بووە.

رێبوار كەریم وەلی، نووسەر و رۆژنامەنووسی نزیك لەنێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەوتارێكدا كە لەبەشی وتاری وێستگە نیوز بڵاوكراوەتەوە رایگەیاندووە، جارێ ئەو ٢٧ ملیارە ھەمووی قەرز نییە، بەشێكی ئیلتیزامی حكومەتە بەرامبەر مووچەخۆر، سەرمایەدار و بانكی ناوخۆیی كە خۆی لە نزیكەی ١٥ ملیار دۆلار دەدات و كابینەی نۆ كە بە بەڵێنی گێڕاندنەوەی مووچەی پاشەكەوتكراو ھات، دەیتوانی ١٢ ملیار لەو ئیلتیزامە وەكو چێكی بانك بداتە مووچەخۆر و فەرمانبەران تا ئەوانیش ئەو پارەیە بۆ كارەبا، ئاو و خەرجیی دیكە بەكار بێنن. بۆ نەیانكرد؟ قەرزداری بانكەكان و سەرمایەدارانن؟ لەبری ئەوە زەوییان پێبدەن، لەباج و رسومات بیانبەخشن.

شەوی رابردوو مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەپەیامێكی ڤیدیۆییدا باسی چاكسازییەكانی كابینەی نوێی كرد و رایگەیاند، حكومەتی ئێستا 27 ملیار دۆلار قەرزارە ئەوەش بەهۆی سیاسەتی "چەوت"ی كابینەكانی رابردوو، ئەوەش لەكاتێكدایە لەكابینەكانی پێشتر نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی ئێستای هەرێم كە ئامۆزای مەسرور بارزانییە، سەرۆكی حكومەتی هەرێم بوو.

بۆ خوێندنەوەی وتارەكەی رێبوار كەریم وەلی كلیكی ئەم لینكە بكە..


AM:12:39:24/05/2020


ئه‌م بابه‌ته 5336 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت