نوێترین زانیاری له‌ باره‌ی گه‌یشتنی پاره‌كه‌ی به‌غدا بۆ هه‌رێم


وێستگه‌ نیوز ـ


تا ئێستا هیچ بڕه‌ پاره‌یه‌ك له‌ لایه‌ن به‌غداوه‌ نه‌گه‌یشتووه‌ته‌ هه‌رێمی كوردستان وه‌ك مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران دابه‌ش بكرێت، بەڕێوەبەری لقی هەولێری بانكی ناوەندی عیراقیش زانیاری نوێ ئاشكرا ده‌كات و رایده‌گه‌یه‌نێت،  سیستمی بانكیەكەیان لەئێستادا كراوەیه‌.


كازم نامیق، بەڕێوەبەری لقی هەولێری بانكی ناوەندی عیراق رایگه‌یاند: "سیستمی بانكی ئێمە لەئێستادا كراوەیە بۆ وەرگرتنی بڕی 400 ملیار دینار كە لەلایەن سەرۆك وەزیرانی عیراقەوە رەزامەندی لەسەر دراوە وەك مووچەی مانگی نیسانی فەرمانبەران بۆ هەرێمی كوردستان بنێردرێت".

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ به‌یانی ئه‌مڕۆ میدیاو لاپه‌ڕه‌یه‌كی تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان باسیان له‌ گه‌یشتنی پاره‌كه‌ی به‌غدا به‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌كرد.

حكومه‌تی عیراق له‌ رۆژی 16 ی مانگی رابردوودا بریاریدا مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان رابگرێت، ئه‌وه‌ش به‌پاساوی ئه‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم پابه‌ند نه‌بوه‌ به‌ یاسای بودجه‌وه‌ و نه‌وتی راده‌ستی حكومه‌تی عیراق نه‌كردوه‌.

پێشتر حكومه‌تی عیراق مانگانه‌ 453 ملیار دیناری بۆ هه‌رێم ده‌نارد، به‌ڵام بۆ مووچه‌ی مانگی نیسان بڕیاره‌ ته‌نها 400 ملیار دینار بنێرێت، هێشتا دیار نیه‌ كه‌ هۆكاری ئه‌و لێبڕینه‌ چیه‌ و له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌ك ئه‌و 400 ملیاره‌ دیاریكراوه‌.

حكومه‌تی هه‌رێم مانگانه‌ پێویستی به‌ 881 ملیار دینار هه‌یه‌ ته‌نها بۆ مووچه‌، به‌وه‌رگرتنی ئه‌و 400 ملیار دیناره‌ هێشتا حكومه‌ت پێویستی 481 ملیار دیناری تر ده‌بێت بۆ دابه‌شكردنی مووچه‌ی مانگێك.


AM:10:57:21/05/2020


ئه‌م بابه‌ته 4980 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت