وه‌زاره‌تی دارایی خشته‌یه‌كی تری دابه‌شكردنی مووچه‌ی راگه‌یاند


وێستگه‌ نیوز ـ
وەزارەتی دارایی هەرێم رایگەیاند، سبەینێ مووچەی مانگی یەکی ئەمساڵی حەوت وەزارەت و هەشت دەستە و سەرۆکایەتی هەرێم و سەرۆکایەتی پەرلەمان و ئەنجومەنی وەزیران دابەشدەکرێت.


ئه‌حمه‌د عه‌بدولڕه‌حمان، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری هه‌رێم به‌ وێستگه‌ نیوزی راگه‌یاند: سبەینێ چوارشەممە 20ی ئایاری 2020، مووچەی هەریەک لە وەزارەتەکانی (گواستنەوە و گەیاندن، خوێدنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، شارەوانی و گەشتوگوزار، کارەبا، کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، رۆشنبیری و لاوان، ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن)، سەرۆکایەتی هەرێم، سەرۆکایەتی پەرلەمان، ئەنجومەنی وەزیران دابەشدەکرێت.

راشیگه‌یاند: هه‌ر سبه‌ینێ مووچەی هەشت دەستەش دابەشدەکرێت کە بریتین لە دیوانی چاودێری دارایی، مافی مرۆڤ، ناوچەکانی، دەرەوەی هەرێم، دەستەی ژینگە، دەستەی وەبەرهێنان، دەستەی دەسپاکی، کۆمسیۆنی هەڵبژاردن، دەزگای مین دابەشدەکرێت.

ئەو مووچەی دابەشدەکرێت مووچەی مانگی یەکی ئەمساڵە و لە چەند رۆژی رابردووشدا، وەزارەتی دارایی مووچەی چەند وەزارەتێکی دابەشکرد و راشیگەیاند، بەپێی ئەو توانا داراییەی ئێستا لە بەردەستدایە، مووچە دابەشدەکەن.

لە ناوەڕاستی مانگی ئازاری ئەمساڵدا، ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق بە نوسراوی فەرمی و بەهۆی رادەستنەکردنی 250 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەرێم بە بەغدا، پارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عیراق راگرت (بلۆک) کرد، رێگە بە هەرێم نادرێت ئەو پارەیە بۆ دابەشکردنی مووچە بەکاربهێنێت و بەو هۆیەوە دابەشکردنی مووچە دواکەوتووە.

بەهۆی رادەستنەکردنی ئەو بڕە نەوتەی هەرێم بە بەغدا کە لە کۆتایی ساڵی رابڕدوودا لەسەری رێککەوتبوون، حکومەتی عیراق ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی راگرتووە، لە چەند رۆژی رابڕدووشدا دوو شاندی هەرێم بۆ چارەسەرکردنی ئەو پرسە سەردانی بەغدای کرد و بە بێ هیچ رێککەوتنێک گەڕانەوە هەرێمی کوردستان.

هــ. ر


PM:02:30:19/05/2020






ئه‌م بابه‌ته 5828 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت