قەشەیەكی كورد وەزیری دەرەوەی ڤاتیكانە

‌ كاردینال بییێترۆ پارولین سەردانی هەرێمی كوردستانی كردووە

وێستگه‌ نیوز- رووداو

بەپێی بەدواداچوونێكی (موجاهید ئوزدەن هون)ی نووسەر كە چەند ساڵێك كاری لەسەر كردووە، كاردینال بییێترۆ پارولین، وەزیری دەرەوەی ڤاتیكان كوڕی باوكێكی كورد و دایكێكی ئیتاڵییە

بەپێی ئەو وتار و بەدواداچوونەی موجاهید ئوزدەن هون، كە لە ماڵپەڕی igdirabakis.com بڵاوكراوەتەوە، وەزیری دەرەوەی ئێستای ڤاتیكان كوڕی باوكێكی كوردی خەڵكی ئیدری باكووری كوردستان و دایكێكی ئیتاڵییە. تەیرۆی باوكی كاردینال بییێترۆ پارۆلین كە لەساڵی 1918 لەدایكبووە و دوای ئەوەی بووەتە كریسیتان ناوی گۆڕاوە بۆ (رەنزۆ)، هەر بەوناوەو بە پاشناوی ژنەكەیەوە پاسپۆرتی ڤاتیكانی وەرگرتووە و چووەتە ئیتاڵیا و لەوێش كۆچی دواییكردووە. 

نووسەری ناسراو موجاهید ئوزدەن هون دەڵێ ئەو لەساڵی 2015 لە ڤاتیكان چاوی بە كاردینال بییێترۆ كەوتووەو ئەویش پێیگوتووە باوكم هەمیشە دەیگوت من خەڵكی ئاراراتم .

 كاردینال بییێترۆ پارولین سەردانی هەرێمی كوردستانی كردووە و لە ڤاتیكانیش پێشوازی لە بەرپرسانی هەرێمی كوردستان كردووە.


قــەشـەیـەكــی ئیدر لە ڤـاتیــكان

موجاهید ئوزدەن هون 

لەم گوتارەمدا خۆشم بە تەواوی نازانم ئەوە ئەفسانەیەكە بۆتان دەگێڕمەوە یان راستییە. مەتەڵێكە ساڵانێكی زۆرە دوای كەوتووم، بەڵام بە تەواوی یەكلایی نەبووەوە. لەكاتێكدا لەبارەیەوە لە ئیدر، مێرسین، ئیزمیر، رۆما و ئیتاڵیا لێكۆڵینەوەم كرد، سەتان گێڕانەوەم بینی كە لەیەكتر دابڕاوبوون و پێكەوە گرێدراو نەبوون. 

من باسی ئەو شتانەتان بۆ دەكەم كە خۆم گوێم لێبوون و گەواهیدەریان بووم. بۆ چاككردنەوە و رێكخستنەوەی بەشە دابڕاوەكانی ئەم چیرۆكە كاتێكی زۆرم تەرخان كرد و هەڵبەت خەرجییەكانیشی زیاتربوون لە ئەندازەی باڵا و هێزی دارایی من. قۆناخی دوای ئەمەش بۆ ئەو هاوڕێ لێكۆلینڤانانە جێدەهێڵم كە بابەتەكە سەرنجیان رادەكێشێت. 

راستیتان بوێت، بیرم لەوە دەكردەوە ئەم بابەتە وەك كتێب بنووسمەوە، بەڵام ئێستا بە دەیان كتێبم لەبەردەستە كە دەبێ تەواویان بكەم. هەر بۆیە لانیكەم ویستم كورتەیەكی ئەو كتێبە بخەمە بەردەستی خوێنەرەكانم كە لە پلانمدایە بینووسم. 

ســەرەتـا

سەردەمانێك لە هەرێمی ئیدر رووداوی سەیر و سەمەرە روویاندا. لەم گوتارەمدا ناچمە نێو وردەكارییەكانیانەوە. لە ساڵی 1920 ـەكاندا دەرەنجام ئازەری و كورد رۆژە سەختەكانیان تێدەپەڕاند و پێكەوە دەستیان بە ژیانێكی ئارام كرد. لەو ساڵانەشدا كورد هاوشێوەی ئێستا لە شێوەی عەشیرەت خۆیان رێكخستبوو. هەموو كەسێك ئەندامبوو لە عەشیرەتێك كە شانازی پێوە بكات. ئەمە دیاردەیەكی سۆسیۆلۆژی سەتان ساڵەیە. كورد كاتێك خۆی دەناسێنێ سەرەتا ناوی عەشیرەتەكەی، دواتر ناوی باپیری و باوكی دەهێنێ. لە رابردوودا لە كات و ساتێكی بەوشێوەیەدا رووداوی سەیر و سەمەرە روودەدەن. ئەگەر بەبیرتان بێت لە بابەتەكانی پێشوومدا كاتێك باسی سەرهەڵدانی چیای ئاگریم بۆ كردن لە ساڵانی 1926-1932 كە هەندێكجار بەهێز و هەندێكجاریش وەك ژمارەیەك جەنگاوەر درێژەیان بە هەبوونی خۆیان دەدا، بەدەر لە سەرهەڵدانەكە باسی ناكۆكییەكانی نێوان عەشیرەتەكانم كردبوو لە ویلایەتەكانی ئیدر و بازید كە چەندین ساڵ درێژەی هەبوو. 

رێـزدار خاتـوون، خوشـكـی ئەحمـەد شــەمـۆ

رێزدار خاتوون، هاوسەرگیری لەگەڵ كەسێك بە ناوی (مستۆ) دەكات كە بە تەمەن لەخۆی گەورەترە. منداڵێكی دەبێت بە ناوی برۆ ( دواتر برۆ ژن دەهێنێت و دوو منداڵی دەبێ بە ناوەكانی مەحموود و بەكر).

رێزدار خاتوون، بۆ جاری دووەم هاوسەرگیری لەگەڵ كەسێك بە ناوی (قاسۆ) دەكات. قاسۆ بەهۆی ناكۆكی چەندین ساڵەیان لەگەڵ عەشیرەتی قزلباشئۆ‌غڵو، تووشی رووداوێكی نەخوازراو دەبێت. 

ساڵی 1926 چەند ئەندامێك لە عەشیرەتی قزلباشئۆ‌غڵو بۆ ئەوەی رانە مەڕێكی عەشیرەتی (گێلۆیی) ببەن بۆ ئێران هەڵدەكوتنە سەریان. یەكێك لە شوانەكان بریندار دەبێ كە قاسۆی هاوسەری رێزدار خاتوونە. یەكێك لە هێرشبەرەكان دەچێتە لای قاسۆ. قاسۆ لێیدەپاڕێتەوە بۆ ئەوەی نەیكوژێت، بەڵام هێرشبەرەكە لێی خۆش نابێ و بێ بەزەییانە دەیكوژێت. رێزدار خاتوون بۆ دووەمین جار بێوەژن دەبێت. 

ناوی منداڵەكانی قاسۆ كە بەبێ بەزەییانە كوژران بەوشێوەیەیە: قودرەت، تەمیر، سەلیم (بتتۆ)، محەممەد، تاهیر (تەیۆ) و مووسا. مووسا لەدایكبووی ساڵی 1920 ـە، تەیۆ لەدایكبووی ساڵی 1918ـە. 

لە گەرمترین رۆژەكانی سەرهەڵدانی چیای ئاگری، بۆ نەهێشتنی ناكۆكی نێوان هەردوو عەشیرەتی قزلباشئۆ‌غڵو و عەشیرەتی گێلۆیی و ئاشتكردنەوەیان، كەسایەتییە گرنگەكانی وەك شێخ عەبدولقادر، ئیحسان نووری پاشا و برۆ حەسكی تەللی لە مانگی ئابی 1929 لە ماڵی ئەحمەد شەمۆ كۆبوونەوەیەك ساز دەكەن. ئەحمەد شەمۆ سەركردەیەكی خاوەن ئیرادە و بڕیار، بە وەفا و دەستكراوە بوو. 

كەسایەتییەكی بوێر بوو، لە سەرووی هەموو ئەمانەوە كەسێكبوو پابەندبوو بە عەشیرەتەكەیەوە. لەگەڵ ئەحمەد شەمۆ، هەریەك لە تەمرە گولێ، حاجی هاشم و محەممەد حەسەن ئامادەبوون. وەك نوێنەری عەشیرەتی قزلباشئۆ‌غڵو، حەسەن تۆزۆ ئامادەبوو كە كەسێكی لەسەرخۆ بوو، لای خەڵكی خۆشەویست بوو و كەسێكبوو جگە لە ئاشتی و چاكە بیری لە شتی دیكە نەدەكردەوە و دووربوو لە هەستی رق كینە و تۆڵەسەندنەوە.

بە ئامادەبوونی شاندی ناوبژیوان دانوستاندنەكان دەستپێدەكەن. هەردوولا یەكتر بە بەرپرس دادەنێن لەو رووداوانەی لە رابردوودا لەنێوانیاندا روویداوە. گفتوگۆكان درێژەیان دەبێت، بەڵام وێڕای هەموو هەوڵەكان، ئەو دوو عەشیرەتەیان پێ ئاشت ناكرێتەوە. لەو ساڵانەدا چەند كەسایەتییەك لە عەشیرەتی قزلباشئۆ‌غڵو كە لە بەرەی سەرهەڵدانەكەدا بوون، بەڵێنی تۆڵەسەندنەوە دەدەن و جیادەبنەوە. 

لە قۆناخێكدا كە سەرهەڵدانی چیای ئاگری و ناكۆكی نێوان عەشیرەتەكانی ئەو ناوچەیە تێكهەڵكێش ببوون، عەشیرەتی گێلۆیی بە دۆخێكی سەختدا تێدەپەڕی . خاتوونی خوشكی ئەحمەد شەمۆ كە بێوەژن بوو، كۆچی دوایی دەكات. 

دوای چەند ساڵێك، سەرهەڵدانی چیای ئاگری كۆتایی دێت. رۆژێك لە رۆژان ئەندامێكی عەشیرەتی قزلباشئۆ‌غڵو دەڕوات بۆ گوندی ئۆرتاكۆی لە ناوچەی بازید. نازانێ گوندەكە سەربە عەشیرەتی گێلۆییە. دەبێتە میوانی یەكێك لە ماڵەكانی ئەو گوندە. لەكاتی قسەكردندا باس دێتە سەر قاسۆ كە لە كاتی بڕینی رانە مەڕەكەی عەشیرەتی گێلۆیی دەكوژرێت. میوانەكە كە لە عەشیرەتی قزلباشئۆ‌غڵویە بە خەمبارییەوە هەستی خۆی دەردەبڕێت و دەڵێ"دەستی شكاوم، قاسۆ زۆر لە من پاڕایەوە، خۆزگە نەمكوشتایە. 

هێشتا بە ئازار و پەشیمانی ئەو رۆژەوە دەژیم"، دواتر بە وردەكارییەوە باس لەوە دەكات كە چۆن لە قاسۆی داوە و كوشتوویەتی پیاو ماقوڵانی گوندەكە بەنهێنی هەواڵ بۆ ئەحمەد شەمۆ دەنێرن و دەڵێن "ئەو كەسەی قاسۆی كوشتووە لای ئێمەیە، چی لێبكەین؟". بریاری ئەحمەد شەمۆ مسۆگەرە "مەیكوژن! ئازادی بكەن!". ئەحمەد شەمۆ گرووپێكی چەكداری تایبەت بە خۆی رەوانە دەكات. لێپرسینەوە لەگەڵ بكوژەكە دەكەن، بەڵام نایكوژن. دەستدەگرن بەسەر مەڕ و ماڵاتەكەیدا و بە دەست بەتاڵی رێگەی پێدەدەن لە گوندەكە بڕواتە دەرەوە.

لەكاتێكدا رووداوەكان بەمشێوەیە بەردەوام بوون، لە ساڵی 1941دا رووداوێكی كارەساتبار عەشیرەتی گێلۆیی دەهەژێنێ.

دەركـەوتـنــی تــاهیــر (تـەیــۆ)

تەیۆ لە م.ی برای بەتەمەنتر بوو. م. لە ساڵی 1942 واتە سێ ساڵ دوای بوومەلەرزە بەنێوبانگەكەی ئەرزینگان لە ساڵی 1939، لە ئەرزینگان ئەركی سەربازی خۆی جێبەجێدەكات. لە ساڵی 1941 لە ناوچەكانی دەوروبەری گوندی ت. رووداوێكی دڵتەزێن روودەدات. تەیۆ كە تازە لە ئەركی سەربازی گەڕاوەتەوە كاتێك بەنێو دەشتدا پیاسە دەكات، ئافرەتێك دەبینێ كە بە تەنیایە و رانە مەڕێك دەلەوەڕێنێ. ناتوانێ زاڵبێت بەسەر نەفسی خۆیدا و دەستدرێژی دەكاتە سەر ژنەكە. تاوانێكی گەورە و جدی ئەنجامدەدات، بەوهۆیەوە ناتوانێ بگەڕێتەوە نێو عەشیرەتەكەی. 

هەڵدێت بۆ ئیدر. سواری یەكێك لەو لۆرییانە دەبێ كە بار دەهێنن بۆ ئیدر و بەبەتاڵی دەگەڕێنەوە. لەوێوە دەچێت بۆ ئەرزینگان، سەردانی م. ـی برای دەكات كە ئەویش لەوێ سەربازە. بێگومان بەسەرهاتەكان بۆ م. ناگێڕێتەوە، بەڵام پێیدەڵێ "برام پارەم لە گیرفاندا نییە! كەمێك پارەم بدەرێ، دەڕۆم بۆ ئادانا، لەوێ ئیش بۆ خۆم پەیدا دەكەم".

براكەی ئەو پارەیەی بەدەستیەوەیەتی دەیداتێ. ئەویش رێگەچارەیەك دەدۆزێتەوە و جارێكی دیكە سواری یەكێك لە لۆرییە بەتاڵەكان دەبێت و خۆی دەگەیێنێتە شاری ئادانا. 

هەموو ئیشێك دەكات، لە عەلوە حەماڵی دەكات، لە زەوییە كشتوكاڵییەكاندا كرێكاری دەكات. لە وەرزی پاییزدا لۆكە كۆدەكاتەوە. لە بەرەبەری زستاندا رۆژێكیان كاری دەست ناكەوێت، بە 5-10 لیرەی گیرفانییەوە بە كڵۆڵی لە شاری ئادانادا دەسووڕێتەوە. لە هاوڕێیەكی دەبیستێ كە لە شاری مێرسین كاری دەستدەكەوێت. مێرسین دوور نییە. دەڕوات بۆ مێرسین، حەمماڵی دەكات، ئاو دەفرۆشێت، سەرئەنجام ئەو ئیشانەش كۆتاییان دێت. 

كـەنیسـەی كـاســۆلیـكی عـەزیـز ئـانـتـوان لاتـیـن لـە مێـرسـیـن

وەرزی زستانە، لە مێرسین بەفر نابارێت، بەڵام سەرمایەكی وشك كاریگەری لە ناخی مرۆڤ دەكات. تەیۆ لە شەرما ناتوانێ تەنیا دێڕێكیش بۆ خێزانەكەی بنووسێت و داوای پارەیان لێبكات. دەزانێ ئەگەر بچێتە بەردەم ئەنجوومەنی عەشیرەت، سزاكەی مردن دەبێت. پێشبینی ئەوە دەكات، عەشیرەتەكەی پیاوكوژێك بە پارە بگرێت بۆ ئەوەی بیكوژن. 

لە رۆژێكی خەمبار و گریاناویدا بەوشێوەیە دەچێتە بەردەم بینایەك، لەسەر سۆشتەكە دادەنیشێت. سەری دەخاتە بەر خۆی و دەستدەكات بە گریان. لەو ساتەدا دەرگای بیناكە دەكرێتەوە. كەسێك كە جلوبەرگێكی جیاوازی پۆشیوە لە تەیۆ نزیكدەبێتەوە پێیدەڵێ "پیاوە گەنجەكە بۆچی دەگری؟"، تەیۆ بە كورتی وەڵامی دەداتەوە"برسیمە و شوێنی مانەوەم نییە".

ئەو پیاوە كە جلوبەرگێكی سەیری پۆشیوە، بە نەرمی و بە دەنگێكی رووحانییەوە داوا لە تەیۆ دەكات بەدوایدا بڕوات. تەیۆ هەڵدەسێت و بە قۆڵی چاكەتەكەی چاوەكانی دەسڕێتەوە و بەدوای پیاوەكەدا دەڕوات. 

لە هۆڵێكەوە دەچنە ژوورەوە، لە نێوەڕاست مێزێكی درێژ دانراوە. كەسانێك كە جلوبەرگی سەیریان پۆشێوە لەسەر مێزەكە نان دەخۆن. تەیۆ بە بێدەنگی لەسەر یەكێك لە كورسییە چۆڵەكان دادەنیشێ. قاپێك شۆربای گەرم و نانی بۆ دەهێنن. تەیۆ چەندین رۆژە برسی و تینوە. بە حەزێكی زۆرەوە دەست بە نان خواردن دەكات. قاپێكی دیكە شۆربای بۆ دەهێنن، ئەویش تەواو دەكات. تەماشای دەورووبەری خۆی دەكات، بە دیوارەكانەوە دەیان مۆم دەبینێ. وێنەی لە خاچدراوی حەزرەتی مەسیح زۆر كاریگەری لە تەیۆ دەكات. تەماشای بنمیچی ژوورەكە دەكات، سەرتاپای بە وێنە و سیمبوولی ئایینی نەخشێنراون. 

پیاوێكی گەنج بە رێزەوە لێی نزیك دەبێتەوە، داوای لێدەكات لەگەڵیدا بڕوات. تەیۆ كڵاوەكەی لەسەر مێزەكە هەڵدەگرێت و بە هێواشی بەدوای پیاوە گەنجەكەدا دەڕوات، دواتر بۆی دەردەكەوێت كە ئەو پیاوە گەنجە رەبەنە. لەبەردەم دەرگایەكی گەورەدا رادەوەستن، رەبەنەكە دەچێتە ژوورەوە، بە زمانێك قسە دەكات كە تەیۆ تێی ناگات. بە دواوەو دواوی دەگەڕێتەوە و بە پشت چەماوەیی لە ژوورەكە دێتە دەرەوە. بە دەست هێما بۆ تەیۆ دەكات و داوای لێدەكات بچێتە ژوورەوە. 

تەیۆ بە دوودڵی دەچێتە ژوورەوە. تەماشای ژوورەكە دەكات، سەرتاپای دیوارەكانی بە وێنە نەخشێنراون. لەناكاو لە دوای مێزێكی گەورەوە ئەو پیاوە بەتەمەنە دەبینێ كە لەبەردەم بیناكە پێشوازی لێكردبوو. پیاوە بەتەمەنەكە داوا لە تەیۆ دەكات دابنیشێ و دەڵێ"ئێرە كەنیسەیەكی كاسۆلیكییە، پێشتر چووی بۆ كەنیسە؟".

تەیۆ بە واتای "نەخێر" سەری دەجوڵێنێ. پیاوە بەتەمەنەكە بەردەوام دەبێ و دەڵێ "ئێرە مزگەوتی كریستانەكانە. هەموو ئایینێك شوێنێكی پیرۆزی هەیە لەوێ ئەركە ئایینییەكانیان جێبەجێدەكەن و لە خوا دەپاڕێنەوە لە گوناحەكانیان خۆشبێت. ناوی كەنیسەكەمان عەزیز ئانتوان لاتین-ـە، كەنیسەی كاسۆلیكییەكانە. ئەو كریستیانیانەی ساڵانی 1840 لە لوبنان دەژیان، دوای ئەوەی لەلایەن كەسانێكی سەربە ئایینی (دووروز) ـەوە دەكوژرێن كە ئایینێكی جیاوازە، لە سەردەمی عوسمانییەكاندا دێن لە مێرسین نیشتەجێ دەبن. ئێمە ناومان لەو كریستیانانە ناوە ماڕۆنی. ئەوان لە ساڵی 1853 بۆ دروستكردنی كەنیسەیەك كۆدەبنەوە و راهیب ئانتۆنیۆ دڵیان ناشكێنێ و دێت بۆ مێرسین".

تەیۆ لە بەشێكی زۆری قسەكانی تێنەدەگەیشت، تەنیا شتێك كە دەیزانی ئەوەبوو كە "ئێرە كەنیسەیە". پیاوە بەتەمەنەكە بەردەوامبوو "پاشای عوسمانییەكان لە 18ی ئەیلولی 1855 دا فەرمانێك دەردەكات و بەوشێوەیە كەنیسەی كاسۆلیكی لە مێرسین دروستدەكرێت. ناو لە كەنیسەكە دەنرێ (ئانتۆنیۆ)، لە تەنیشت كەنیسەكە دێری رەهبانی كوبەشی دروستدەكرێت، ساڵی 1898 تەواو دەكرێن، بەڵام دوای دامەزراندنی كۆماری توركیا لە ساڵی 1923 دەوڵەت دەست بەسەر دێرەكەدا دەگرێت. لە ساڵی 1944 وەك قوتابخانەی سەرەتایی ئوچئۆجاك بەكاردەهێنرێت.ئێستا لە كەنیسەكەدا ژمارەیەكی كەم پیاوانی ئایینی هەن. ئەنجامدانی رێوڕەسمی ئایینی قەدەخەیە. ناتوانین وەك شوێنی ئایینی بەكاریبێنین، تەنیا بایەخ بە شوێنەكە دەدەین و پاكوخاوێنی رادەگرین. ئەگەر ئارەزووت لێیە تۆش وەرە ناومان، شوێنی مانەوەمان هەیە، لەگەڵ ئێمە لە كاروباری رۆژانەدا هاوكار دەبیت" .
تەیۆ زۆر دڵخۆشبوو، شوێنێكی دەستكەوتبوو سكی خۆی لێ تێر بكات و لێی بخەوێت. 

پیاوە بەتەمەنەكە درێژەی بە قسەكانی دا و پرسیاری كرد:

"ناوت چییە؟" 

"ت. چ. ، هەموو كەسێك بە تەیۆ بانگم دەكات".

"تەیۆ، ئەگەر دەتەوێ لێرە بمێنییەوە سەرەتا دەبێ ئایینی خۆت بگۆڕی و بێیتە سەر ئایینی كریستیان".
تەیۆ پێشتر هیچ پەیوەندییەكی نەبووە بە ئیسلام یان هەر ئایینێكی دیكەوە. لە ژیانیدا نە نوێژی كردووە، نە رۆژووی گرتووە.
"دەبێت چ بكەم؟"

"سەرەتا دەبێ ئەوە بڵێم كە من قەشەی بەرپرسی ئەم كەنیسەیەم. ئەوانیدیكەش رەبەنن. كاتێك لەگەڵ من قسە دەكەیت، بە من دەڵێی : قەشە ئەفەندی، بەڵام بەوانیدیكە بڵێ: براكەم!، كافییە". 

زەنگوڵەكەی سەر مێزەكەی لەراندەوە. رەبەنەكەی كەمێك پێشتر هاتە ژوورەوە. 

"فەرموو قەشە ئەفەندی!"

"برامان تەیۆ بڕیاریدا ببێتە كریستیان، دەمەوێت ئامادەكاری پێویست بۆ رێوڕەسمەكەی بكرێت".

تەیۆ حەپەسابوو، هەر ئەم بەیانییە بوو كە لەسەر شۆستە دانیشتبوو و بەكوڵ دەگریا، كەچی ئێستا رێزی لێدەگیرێت و رێوڕەسمی بۆ ساز دەكرێت. 

كاردینال بییێترۆ پارولین، وەزیری دەرەوەی ڤاتیكان ساڵی 2018 سەردانی هەرێمی کوردستانی کردووە.


PM:12:22:15/05/2020


ئه‌م بابه‌ته 6544 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو