هێرش تەیار لە وێستگەنیوزه‌وە وەڵامی فرسەت سۆفی دەداتەوە

‌هێرش تەیار و فرسەت سۆفی

وێستگە نیوز- پشتیوان جەمال

هێرش تەیار ناسراو بە هێرش خۆشناو رایدەگەیەنێت، ئەو نەك زیادەڕۆیی نەكردۆتە سەر موڵكی گشتی، بەڵكو لەسەر گرێبەستێكی ئەو و حكومەت، گرێبەستێكی دیكە كراوە، هەروەها دەڵێت "ئەگەر 10%ی خەڵك لێم ناڕازی بوون قبوڵمە".

ئەمڕۆ نووسینگەی پارێزگاری هەولێر لە ڕاگەیەندراوێكدا رایگەیاند "هێرش تەیار لەم شوێنە رووبەری 66000 مەتر دوجای لە ساڵی 2003 وەرگرتووە و لە ساڵی 2013گرێبەستەكەی كۆتایی هاتووە، كەچی هەر بەوە نەوەستاوە و زێدەرۆیی كردۆتە سەر رووبەری 111900 مەتر دووجا، تەنانەت زیادەڕۆیی كردۆتە سەر شەقامی گشتی بە درێژی 330م و بە پانی 40مەتر، هەروەها شەقامێكی دیكە بە درێژی 200 مەترو پانی 25 مەتر".

لە بەرامبەردا هێرش تەیار ناسراو بە هێرش خۆشناو سەرمایەداری ناسراوی كوردستان و شاری هەولێر و خاوەنی كۆمپانیای (77) لەلێدوانێكدا بۆ وێستگە نیوز رایگەیاند "ئەو شوێنەی كۆمپانیاكەی منی لێیە، هەر لەسەرەتادا دیزاینی بنەڕەتی نەبوو، بەڵكو وجودی كۆمپانیاكەم پێش نەخشەی بنەڕەتی ئەو شوێنە بوو، پاشان شارەوانی نەخشە و شەقام و رێگەوبانی بۆ دانا، هەندێك لەموشتەمەلاتم كەوتە بەر ئەو شەقامە".

ناوبراو ئاماژەی بەوەكرد "داوایان لێكردم ئەو شوێنە هەڵگرم، وتم باشە، بەڵام لەبەرامبەردا داوام لێكردن پارچە زەوییەك هەیە كە بەكاری دێنین بیخەنە نێو گرێبەستمان، بۆ ئەو مەبەستەش رەزامەندیم وەرگرت، بەڵام گفتوگۆیەك لەنێوان من و حكومەت دروستبوو، من داوامكرد كۆگایەكم هەیە پارچە زەوییەكم پێبدەن تا كۆگاكەمی پێ بخەمە سەر ئەو زەوییە، ئەوان دەیانوت نا تۆ كۆگاكەت هەڵگرە پاشان رەزامەندی زەوییەكەت بۆ دەدەین".
 
بەوتەی هێرش تەیار "دواتر كێشەی داعش بەسەرداهات و چالاكی كۆمپانیاكان وەستان و لەكاركردن وەستاین، هەروەها لەساڵی 2016دا بەهۆی كێشەی تەندروستیمەوە چوومە دەرەوە بۆ چارەسەر تا سەرەتای ساڵی 2019، كە هاتمەوە زانیم ئەو پارچە زەوییەی وەرمگرتووە و كۆنووسی لەسەرە چەند كەسێك چوون لەناو دەسەڵاتن لەگەڵ وەزیری پێشووی شارەوانی زەوییەكانی منیان بێ ئاگاداری خۆم، كۆنووسی منیان رەتكردۆتەوە و بەخەڵكی دیكەیان داوە، واتە گرێبەستیان لەسەر گرێبەست كردووە، ئەگینا ئەو شوێنە پێداویستی منی تێدایە".

هێرش خۆشناو وتیشی "خۆم سكاڵام كردووە كە ئەو پارچە زەوییەی هی منە و لەسەر كۆنووسی من بووە و پاشان كۆنووسی دیكەی لەسەر كراوە داوای لێكۆڵینەوە و گەڕاندنەوەیم كردووە، چوومە لای فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر و ئەویش رەوانەی هێمن قادری جێگری كردم، پاش چەند رۆژێك دۆخی كۆرۆنا هاتە پێشەوە و ئیشەكان وەستان".

ناوبراو روونیكردەوە "دوێنێ پارێزگار بەنامەیەكی دەنگی پەیوەندی پێوەكردم تا سەردانی بكەم، منیش چووم، بەڵام نەمزانی پلانی داناوە، وتی باسی زەوییەكەت كردووە و هێمن قادریش شایەتحاڵ بوو، لەكاتی گفتوگۆدا تووشی هەڵچوون بوو و پەنجەی لێ راوەشاندم و گەیشتە ئەوەی بڵێت چاوت دەردێنم و لاقت دەشكێنم، منیش بەقسە سنورم بۆ دانا، وتم ئەگەر سەرپێچیم كردووە هەموو موڵك و ماڵم ببەن، بەڵام شكاندنی كەسایەتیم قبوڵ نییە".

لەبەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەی پارێزگای هەولێر هاتووە "ئیتر عەنتەریات و یاسا شكێنی و پیسخۆری لە كەس قبوڵ ناكرێت"، لەو بارەیەشەوە هێرش خۆشناو وتی "من لەگەڕەكی تەیراوە لەدایكبووم و گەورەم بووم،  پرسیار بكەن بزانن هێرش خۆشناو چی بۆ شارەكە كردووە كە ئەوانە ئەركی نیشتمانی سەرشانمە، ئەگەر 10%ی خەڵك لێم ناڕازی بوون قبوڵمە، كێشەی ئێمە كێشەی زەوی و زیادەڕۆ نییە، بەڵكو كێشەكە گۆڕا بۆ تەجاوزكردنی پارێزگار بۆ كەسایەتی من".


PM:09:44:14/05/2020


ئه‌م بابه‌ته 26900 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت