روونكردنەوەی پارێزگای هەولێر لەسەر هێرش تەیار

‌فرسەت سۆفی

وێستگە نیوز-

نووسینگەی پارێزگاری هەولێر رایدەگەیەنێت، كەسێك بە ناوی هێرش تەیار دەستی بەسەر زەوی چەند هاوڵاتییەكدا گرتووە و ناهێڵێت بەكاری بهێنن كە بۆ دروستكردنی چەند كارگەیەك كە بۆیان تەرخانكراوە، بۆ ئەو مەبەستەش دۆسیەكە رەوانەی دادگا كراوە.

نووسینگەی فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر لەڕوونكردنەوەیەكدا رایگەیاندووە، دوای گەیشتنی سكاڵای چەند هاوڵاتیەكی شاری هەولێر كە كەسێك بە ناوی هێرش تەیار دەستی بەسەر زەویەكانیان داگرتووە و ناهێڵێت بەكاری بهێنن كە بۆ دروستكردنی چەند كارگەیەك كە بۆیان تەرخانكراوە، پارێزگار سەرۆكایەتی شارەوانی هەولێری راسپارد بۆ بە دواداچوونی بابەتەكە.

بەپێی راگەیەندراوەكە، دەركەوت هێرش تەیار لەم شوێنە رووبەری ٦٦٠٠٠ مەتر دوجای لە ساڵی ٢٠٠٣ وەرگرتووە و لە ساڵی ٢٠١٣ گرێبەستەكەی كۆتایی هاتووە، كەچی هەر بەوە نەوەستاوە و زێدەرۆیی كردۆتە سەر رووبەری ١١١٩٠٠مەتر دووجا، تەنانەت زیادەڕۆیی كردۆتە سەر شەقامی گشتی بە درێژی ٣٣٠ م و بە پانی ٤٠ مەتر، هەروەها شەقامێكی دیكە بە درێژی ٢٠٠ مەترو پانی ٢٥مەتر.
 
وەك لەڕاگەیەندراوەكە ئاماژەی بۆ كراوە، بۆیە لەلایەن پارێزگاری هەولێر بە ئامادەبوونی لایەنە پەیوەندیدارەكان بانگ كرا بۆ هەڵگرتنی ئەم زێدەرۆییانە، دوای ئەوەی بەردەوام بوو لە پێداگیریكردن لەسەر داگیر كردنی موڵك و ماڵی گشتی، لەلایەن پارێزگار ئاگادار كرایەوە كە دەدرێتە دادگاو دەبێ ملكەچی یاسا بێت و ئیتر عەنتەریات و یاسا شكێنی و پیسخۆری لە كەس قبوڵ ناكرێت، هەڵساوە نووسینێكی بە زمانی تەشهیر و بوختان هۆنیتەوە و چەند پەیج و سایتێكی قین لە دڵ و دژە چاكسازیش بۆیان بڵاو كردۆتەوە.
 
راگەیەندراوەكەی پارێزگای هەولێر وتویەتی "دەبێ گەندەڵكاران بزانن، هەڵبەستنی بوختان و درۆ بە كەڵكیان نایەت و رێكاری یاسایی توند بەرامبەریان دەگرینە بەر. هەرچەندە زۆرینەی خەڵكی هەولێر پاشەڵ و پاشخانی پڕ لە پیسخۆری ئەمانە دەزانێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەش بەپێویستمان زانی ئەم روونكردنەوەیە بڵاو بكەینەوە،  هەموو دیكۆمێنت و بەڵگەنامەكانی گەندەڵیەكانیان و زێدەرۆییەكانیان دراونەتە دادگا".


PM:07:48:14/05/2020


ئه‌م بابه‌ته 7036 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت