سەڵاح داودە.. مەقام بێژە ڕەسەنەکەی گەرمیان



وێستگه‌ نیوز-رۆژ نیوز

سەڵاح داودە، مەقام بێژ و هونەرمەندی دیاری گەرمیان، یەكێكە لەو هونەرمەندانەی كە لە هونەری كوردییدا خاوەن ڕێچكەیەكی تایبەت بە خۆیەتی، دوای نزیكەی نیو سەدە تا ئێستاش  دەنگی ڕۆحی هونەردۆستان تێر دەكات.

سەڵاح داودە لەپاڵ عەلی مەردان و حسێن عەلیدا، دەنگێکی دیار و ڕەسەنی کەرکوک و گەرمیانە و بووەتە شوناسێك بۆ هونەری کوردیی ئەو دوو ناوچەیەیە.

سەڵاح كوری محەمەد كوڕی خدر بارام چاوشە، ساڵی ١٩٣٥ لە دایكێکی كەلهوڕی لە ئاوایی ئەلبو سەباح لە سنوری پارێزگای كەركوك لە خێزانێكی هونەریی لە دایكبووە.

ساڵی ١٩٦٤ سەڵاح داودە لەگەڵ "حەسیبە شەوكەت نادر" ژیانی هاوژینی پێكدەهێنێت، باوکی سێ کچ و حەوت کوڕە، کە یەکێکیان ڕێچکەی باوکی گرتووە لە كەركوك و شارەزاییەكی باشی هەیە لە بواری مەقامدا.

داودەی مەقام بێژ، خاوەنی نزیكەی ١٠٠ بەرهەمی تۆمار كراوە، لە ساڵی ١٩٥٧ یەكەم بەرهەمی خۆی لە ڕادێۆی كوردی بەغدا تۆمار كردووە كە مەقامی خورشیدی بووە، لە كۆتایی ساڵەكانی شەستەكان لەگەڵ فایەق و ئەحمەد داودەی برایدا، تیپێكی هونەریی میللی كوردیی پێكدەهێنن و چەندین بەرهەم لە تەلەفزیۆنی ئەوكاتەی كەركوك تۆمار دەکەن، ئەوەش دەبێتە یەكەم تیپی میللی كوردی لە شارەکە.

لە شەستەكانی سەدەی ڕابردوو، سەڵاح داودە لە یەكێك لە تۆمارگەكانی شاری سلێمانیدا بەناوبانگترین بەرهەمەکانی خۆی تۆمار دەکات بە ناوەکانی (ڕاوستاوە لەو بانە، خانزادەخان، نایلۆنە، جەمیلە، شەدەلار، ڕێبوار و خرینگە و خرینگە)

داودە ساڵی ١٩٨٥ مەقامی ( ئەلڵاوەیسی بەستەی ئامینێ نازەنینێ) لە تەلەفزیۆنی كەركوك تۆمار دەکات، ساڵی ٢٠٠٠ لە كەناڵی ئاسمانی بەغداش ئەم بەرهەمانەی تۆمار كردووە (مەقامی ئەلڵاوەیسی- بەستەی پرسیم لە چیمەن - مەقامی قەتار و خاوكەر- بەستەی ئێوارە دیتم و- مەقامی خورشیدی - بەستەی باوانم).

سەلاح داودە، لە زۆربەی شارەكانی كوردستان بەشداریی لە ئاهەنگی جۆراو جۆر كردووە و شانبەشانی هونەرمەندانی كورد (عەلی مەردان، تایەر تۆفیق، هابە، سابیر كوردستانی، شكور خەیات) گۆرانی وتووە.

لە فێستیڤاڵی (كوردستان بۆ میوزیك و گۆرانی كوردی) کە لە ١٤ی ١٢ی ٢٠٠٤ لە شاری هەولێر ساز كرا، لە كاتی بەخشینی خەڵات بە سەڵاح داودە، نووسەری كۆچكردوو مەحمود زامدار لەسەر تەختی شانۆ وتی: بەدرێژی ٨٣ ساڵ لە تەعریبكردنی كەركوك، بەعسی شۆڤێنی زۆربەی سیماکانی کوردیان لە شارەكە گۆڕی و لەناویان برد، بەڵام نەیانتوانی دەهۆڵ و زوڕناكەی سەڵاح داودە بگۆڕن و تەعریبی بكەن.

ڕۆژی ٨ی ئایاری ٢٠٠٩ سەڵاح داودە دڵە گەوەرەکەی لە لێدان كەوت و بەیەكجاری ماڵئاوایی لە گۆرانی و مەقامی كوردی کرد و لە گۆڕستانی شۆرجەی کەرکوک بەخاكسپێردرا.َ

هەردەوێڵ كاكەیی كەسایەتی دیاری كەركوك و هاوڕێی سەڵاح داودە، دەربارەی كەسایەتی داودە بۆ ڕۆژنیوز وتی: هونەرمەندێكی وەك سەڵاح داودە ٤٠ ساڵ خزمەتی بە هونەری كوردی كرد، بەڵام لەلایەن حكومەتەوە پشتگوێ خراو ئاوڕی لێ نەدرایەوە، هەربۆیە تا مردن بە كەسەر و خەمەوە سەری نایەوە.

یوسف محەمەد شانۆكار و هاوڕێی هونەرمەند لەسەر شێواز و ڕێچكەی وتنەوەی گۆرانی بۆ ڕۆژنیوز وتی: ئەو ڕێچكەیەی كە سەڵاح داودە گرتی، ڕێچكەی باوك و باپیرانی بوو، بە بنەماڵە دەنگخۆش و هونەر پەروەر بوون.

تا ئێستا نزیكەی ١٠٠ بەرهەمی سەڵاح داودە بە بەستە و مەقام گۆرانی تۆمار كراوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی بەشێكی زۆری لە بەرهەمەكانی ئەرشیف نەكراوە، تەواوی بەرهەمەكانی بەدەست ناكەوێت.

 


PM:12:34:08/05/2020


ئه‌م بابه‌ته 4636 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو